كۆمسیۆن وادەی هەڵبژاردنەكانی پەسەند كرد

:: PM:02:30:22/05/2018 ‌
كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد كە وادەی 30 ئەیلوول لای ئێمە پەسەند كراوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان.

ئەمڕۆ سێشەم 22ـی ئایار، شێروان زرار گوتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و ڕاپرسی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی ڕای گەیاند، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی كۆمسیاران 30ـی ئەیلوولی پەسەند كرد وەك ڕۆژی هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان.

گوتەبێژی كۆمسیۆن زیاتر گوتی، پێنج حزبیش داواكارییەكیان پێشكەش كردووین بۆ كۆمەڵێك بابەت، یەكێك لەو داواكاری ئەو حزبانە بریتییە لەوەی كە داوای ئەوە دەكەن سندووقی دەنگدانی ئەلیكترۆنی بەكار نەهێنن.

ئێمە وەك كۆمسیۆن پێشتر داواكاریمان بەرز كردبوو بۆ ئەوەی سەرجەم هەڵبژاردنەكان بەیەك ڕۆژ بكرێت، بەڵام نووسراوی فەرمی بۆ ئێمە هاتووە بریتییە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان. گوتەبێژی كۆمسیۆن وای گوت.

شێروان زیاتر گوتی، ئێمە دەستمان كرووە بە ئامادەكارییەكان، بۆیە تا پێنجشەم ئەگەر ئامێری ئەلیكترۆنی بەكار بهێنین و بەدەستی بهێنن، ئەوە ڕۆژی پێنجشەم یەكلای دەكەینەوە.

ڕۆژی هەشتی ئایار/مایۆ سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە مەرسوومێك ڕۆژی 30 ئەیلوول/سێپتێمبەری بۆ ئەنجامدانی خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیاری كرد و كۆمیسیۆنیش دەستی بە ئامادەكارییەكان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكە كردووە، پەرلەمانی كوردستان لە 111 كورسی پێك دێ، 11 كورسی بۆ پێكهاتە نەتەوەیییەكانی كوردستان دیاری كراوە و لە 19ی ئایار/مایۆی 1992 هەڵبژاردنی خولی یەكەم ئەنجام درا، لە 2005 و 2009 و 2013 خولی دووەم و سێیەم و چوارەمی پەرلەمان هاتنە هەڵبژاردن.




وشە - رامیار جەواد