بەشێكی گرنگی نەخۆشخانەی فێركاری هەولێر لەكار كەوتووە

:: PM:02:41:22/05/2018 ‌
دوای ئەوەی ئەمڕۆ لە نەخۆشخانەی فێركاری هەولێر نزیكەی 40 نەخۆش بەهۆی وەستانی ئامێرەكان نەیانتوانی شووشتنی گورچیلەیان بۆ بكرێت، باری تەندروستییان كەوتە مەترسی. بەرپرسێكی تەندروستی دەڵێت، كێشەكەیان چارەسەر كرا.

ئەمڕۆ سێشەم 22ـی ئایار، فاخیر كرمانجی بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی تەندروستی هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، كێشەی شووشتنی نەخۆشەكانی نەخۆشخانەی فێركاری هەولێر چارەسەر كرا.

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی تەندروستی هەولێر دەڵێت، ئەو نەخۆشانە گواستراونەوە بۆ نەخۆشخانەی خۆرئاوا بۆ شووشتنی گورچیلە، چونكە لە هەولێر لە نەخۆشخانەكانی حكوومەت دوو شوێن هەیە بۆ چارەسەر و شووشتنی گورچیلە.

لە ڕاگەیەنراوێكی وەزارەتی تەندروستی لە پێشتر هاتبوو، تكایە بەهانای ئەو نەخۆشانە وەرن لە یەكەی گورچیلەی دەستكرد، ڕۆژانە شووشتنی گورچیلەیان بۆ دەكرێت، دوای ئەوەی كۆتا بەو گرێبەستە هات كە لەگەڵ ئەو كۆمپانیایە كرابوو، ئێستە بەشێكی ئامێرەكان لەكار كەوتوون، بێبەشن لە پێداویستییەكانی شووشتن، كەمدەرامەتی نەخۆشەكانیش وای كردووە نەتوانن لە دەرەوە و لە نەخۆشخانە ناحكوومییەكان شووشتن ئەنجام بدەن.

لە بەشێكی ڕاگەیەنراوەكە هاتووە، شووشتنی گورچیلە بڕەپارەیەكی زۆری تێدەچێ و لە توانای ئەواندا نییە، تایبەت لەم بارودۆخەی ئێستە بۆ یەك جار شووشتن زیاتر لە 200$ دۆلاری پێویستە، ئێستە نزیكەی 40 نەخۆش لە بارودۆخێكی تەندروستی نالەباردان، ئاوڕدانەوە لێیان ئەركێكی مرۆڤایەتییە، هەروەك لە پێشتر ئەنجامتان داوە.

ئەو كەسانەی دووچاری نەخۆشیی گورچیلە دەبن، پێوستە مانگێ‌ جارێك گورچیلەیان بۆ بشۆرێت و لە فشاری وەستانی گورچیلە بپارێزرێن.



وشە - رامیار جەواد