كۆبوونەوەی شاندی پارتی و سەدر لە بەغدا دەستی پێ كرد

:: PM:03:18:22/05/2018 ‌
 كەمێك لەمەوبەر كۆبوونەوەی نێوان شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان و موقتەدا سەدر سەرۆكی فراكسیۆنی سائیروون دەستی پێ كرد و ئەوەیش دەبێتە یەكەم كۆبوونەوەی نێوان ئەو دوو لایەنە.

ئەمڕۆ شاندێكی پارتی بە سەرۆكایەتی فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی گەیشتنە بەغدا و بڕیارە چەند كۆبوونەوەیەك ئەنجام بدەن.

بەر لە بەڕێكەوتنی شاندەكە بۆ بەغدا، فازڵ میرانی سەرۆكی شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ بەغدا ڕای گەیاند، وەك پارتی ڤیتۆمان لەسەر هیچ كەس نییە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق و بەگرنگی دەزانین كە كورد پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق وەربگرێت، چونكە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی نوێنەرایەتی عێراق دەكات.

ڕوونی كردەوە كە دانانی سەرۆك كۆمار بە رێككەوتنی كورد و عەرەب دەبێت، بۆیە نازانرێت كێ دەبێت، لە خولەكانی پێشتر سەرۆك بارزانی، پێداگری دەكرد لەسەر دانانەوەی مام جەلال، بەڵام ئێستە مام جەلالێك نییە تا بەو شێوەیە بەرگری لێ بكەینەوە.

پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كە 12ی ئایار بەڕێوە چوو پلەی یەكەمی لەسەر ئاستی كوردستان تۆمار كرد و بە جیاوازی زۆر لەپێش لیستەكانی ترەوە بوو هاوكات موقتەدا سەدر توانی پلەی یەكەمی عێراق بەدەست بێنێت.





وشە - سه‌رخێڵ هاشم