هاوپەیمانی: یەكێتی دیموكراسی لاقە كرد

:: PM:04:06:22/05/2018 ‌
لایەنە ناڕازییەكانی هەرێم لە ئەنجامی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی عێراق، داوای دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن دەكەن، لە كاتێكدا سەرەتا داوایان دەكرد دەنگەكان بە دەست جیا بكرێنەوە. ئاشكرای دەكەن كە ئەگەر هەڵبژاردن دووبارە نەكرێتەوە، بایكۆتی پەرلەمانی عێراق دەكەن، بەڵام كۆمسیۆن دڵنیایان دەكاتەوە "هەڵبژاردن دووبارە ناكرێتەوە".

12ی ئەم مانگە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە سەرجەم پارێزگاكانی هەرێم بەڕێوە چوو، دوای دەركەوتنی ئەنجامە بەرایییەكانیش شەش حزبی كوردستان ئەنجامەكانیان ڕەت كردەوە و ئاماژەیان بە ساختەكاریی گەورە كرد لەلایەن یەكێتییەوە. سەرەتا ئەو لایەنانە داوای جیاكردنەوەی دەنگدانەكانیان كرد بە دەست، بەڵام دواتر داواكارییەكەیان گۆڕی و ئێستەیش دەڵێن "دەبێت هەڵبژاردن دووبارە بكرێتەوە".

ڕێبوار كەریم سەرۆكی لیستی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەی لە سلێمانی، ئاماژە بەوە دەكات كە گۆڕینی ئەو داواكارییە لەوەوە سەرچاوەی گرت كە متمانەمان بە سندووقەكانیش نەماوە، دوای ئەوەی لە بنكەی دەنگدانەكان گواسترانەوە. كەریم بە"وشە"ـی راگەیاند، "هەڵوێستی ئێمە لە ئەگەری دووبارەنەكردنەوەی هەڵبژاردندا بایكۆتكردنی پرۆسەی سیاسیی عێراقە و ئەوەش قسەی هەر شەش حزبەكەیە".

ئەو شەش لایەنە كە پێك هاتوون لە بزووتنەوەی گۆڕان، هاوپەیمانی، بزووتنەوە و كۆمەڵی ئیسلامی، حزبی شیوعی و یەكگرتووی ئیسلامی، یەكێتییان بە دەستكاریكردنی گەورەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن لە ڕێی ئامێرە ئەلیكترۆنییەكانەوە تۆمەتبار كرد، لەبەرئەوەش ئەنجامەكانیان ڕەت كردەوە.

ڕێبوار كەریم گوتی، "ئەو لایەنانە هەموو هەوڵە دیپلۆماسی و سیاسییەكانمان خستووەتە گەڕ بۆ سەندنەوەی مافی خەڵك، بۆ برەودان بە پرۆسەی دیموكراسی كە یەكێتی لاقەی كردووە، بۆیە یەك بڕیارین و هەڵوێستی توندیشمان دەبێت لە ئەگەری وەڵامنەدانەوەمان".

بەپێی ئەنجامە بەرایییەكان، پارتی یەكەم هێزی كوردستانە و بەدوای ئەویشدا یەكێتی و دواتر گۆڕان و ئینجا نەوەی نوێ‌ و هاوپەیمانی و كۆمەڵ و یەكگرتوو دێن.
ڕزگار حەمە ئەندامی ئەنجوومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق بە"وشە"ـی گوت، "هەڵبژاردن دووبارە ناكرێتەوە و پرۆسەكە لەلایەن كۆمسیۆن و سەرۆك وەزیرانەوە پەسند كراوە، بەڵام دەكرێ‌ بەپێی سكاڵاكان ئەو سندووقانە بەدەست هەژمار بكرێنەوە كە سكاڵایان لەسەرە".

ڕێژەی دەنگدان لە هەموو عێراق 44.5% بوو، ئەوەش بە ڕێژەیەكی كەم بۆ دەنگدان هەژمار كرا و لە هەرێمی كوردستانیش بە هەمانشێوە بەشداریكردنی دەنگدان كەم بووبووەوە.

هۆگر چەتۆ ڕێكخەری گشتیی تۆڕی شەمس بۆ چاودێریی هەڵبژاردن، هێمای بۆ ئەوە كرد كە ئێستە حكوومەتی عێراق تا پێكهێنانی حكوومەتی نوێ‌ بووەتە كاربەڕێكەر و ناتوانێت بڕیاری دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنەكان بدات.

چەتۆ بە"وشە"ـی گوت، دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن دەسەڵاتێكی هاوبەشە لە نێوان كۆمسیۆن و ئەنجوومەنی وەزیران و حكوومەتی عێراقیش دەبێتە كاربەڕێكەر و دەسەڵاتی بڕیاردانی لەسەر دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنەكان نامێنێت".

"بە پشتبەستن بە سیستەمی ژمارە شەشی ساڵی 2018، دەكرێت دەنگەكان بە دەست هەژمار بكرێنەوە، نەك دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن، چونكە كۆمسیۆن ئەنجامە بەرایییەكانی ڕاگەیاند و ئەوەش مانای قبووڵكردنیەتی". هۆگر وای گوت.

سلێمانی/ هەستی كەمال





وشە - تایبه‌ت