رووسیا و ئەمەریكا لەسەر دەركردنی ئێران لە سووریا رێك دەكەون

:: PM:04:29:22/05/2018 ‌

دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ فلادیمێر پوتین، سەرۆكی سووریا رای گەیاند، سەركەوتن بەدەست هاتووە و چیتر پێویست بە مانەوەی ئێران ناكات. ئەمە هاوكاتە لەگەڵ مەرجە نوێیەكانی ئەمەریكا بۆ ئێران كە یەكێك لە خاڵەكان جێهێشتنی سووریا بوو.

دوای راگەیاندنی مەرجەكانی ئەمەریكا بۆ ئێران، میدیای رووسیا رایان گەیاند، فلادیمێر پوتین و بەشار ئەسەدی سەرۆكی سووریا لە كۆمەڵگەی گەشتیاری سوچی لەسەر كەناراوەكانی دەریای رەش لە باشووری رۆژئاوای رووسیا لە كۆبوونەوەدان.

دیمتری بیسكۆڤ گوتەبێژ بەناوی كرملین لەبارەی كۆبوونەوەی نێوان پوتین و ئەسەد، گوتی " كۆبوونەوەكە زۆر قوڵ بووە، ئەسەد بە پوتینی راگەیاندووە كە سووریا بەرەو سەقامگیری دەڕوات، هەردوولایش قسەیان لەسەر هەنگاوی داهاتوو كرد كە ئەو سەركەوتنانەی لە سووریا بەدەست هاتووە رەوشەكەی لەبار كردووە بۆ دەست پێ كردنی چارەسەری كێشەی سووریا بە دیوە سیاسییەكەی".

پوتین لە كۆبوونەوەكەدا بە ئەسەدی راگەیاندووە كە پەیامەكەی بە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا دەگەیەنێت لەبارەی چارەسەری سیاسییانەی كێشەی سووریا، هاوكات خۆیشی دووپاتی لەوە كردەوە كە رەوشەكە لە سووریا گونجاوە بۆ چارەسەری سیاسی كە ئەمە یارمەتیدەر دەبێت بۆ كشاندنەوەی سوپای بیانی لەسەر خاكی سووریا.

لە بەیاننامەكەی كرملین هاتووە كە پوتین باسی لەوەكردووە لەگەڵ دەست پێ كردنی پڕۆسەی سیاسی و لە قۆناغی هەرە چالاكەكەی هێزی چەكداری بیانی دەبێت لە سووریا بكشێنەوە.
چاودێران پیان وایە، بەستنەوەی كشانەوەی هێزی بیانی بە پڕۆسەی سیاسی لەلایەن پوتینەوە زۆر ئاڵۆزە بەوەی دەستنیشانی نەكردووە مەبەستی لەكام هێزە و هۆكاری چوونە دەرەوەكەشی دەستنیشان نەكردووە، خۆ ئەگەر ئەو هێزە بڕیاریدا نەچێتە دەرەوە چارەسەر چییە؟.
بەرپرسانی رووسیا دەڵێن، مەبەستەكە هەموو هێزەكانی لە سووریا بوونیان هەیە جگە لە هێزی رووسیا، شەرعیەتی یاساییان نییە، چونكە حكوومەتی ئەسەد بانگهێشتی نەكردووە.

بەڵام ئەوە  روونە كە رووسیا ناتوانێت هێزی ئەمەریكا و هاوپەیمانانی لە سووریا دەربكات، ئەوەیش دەزانن هێزەكانی ئەوان زۆر لە سووریا نامێنێتەوە لەبەر چەندان هۆكار، هاوكات توركیایش كە ئێستە پێوەندی لەگەڵ رووسیا زۆر خۆشە و هاوئاهەنگی باشی سیاسی و سەربازی لەنێوانیان هەیە ئاستەمە بە توركیا بڵێت هێزەكانی بكشێنێتەوە.

ئێرانییەكان و حزبوڵڵا رەتیان كردەوە كە مەبەستی پوتین ئەوان بێت، بەڵام ئەلكسەندەر لاڤرینتیڤ نێردەی تایبەتی سەرۆكی رووسیا بۆ كاروباری یەكلاكردنەوەی رەوشی سووریا روونی كردەوە مەبەستی پوتین هەموو هێزەكانی لە سووریا هەن بە حزبوڵڵا و سوپای ئێرانیش.

بەگشتی چاودێران پێیان وایە، ئەو كۆدەی لەنێوان دێرەكانی لێدوانی بەرپرسانی رووسیا دەخوێنرێتەوە مەبەست لێی هێزەكانی ئێرانی و ئەوانەی سەر بە ئێرانە و هیچی تر نییە.

چاودێران پێیان وایە كاتی بانگهێشتی بەشار ئەسەد بۆ رووسیا كە هاوكاتە لەگەڵ كشانەوەی ئەمەریكا لە رێككەوتنی ناوەكی ئێران و راگەیاندنی 12 مەرج بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ ئەو وڵاتە، هیچ نییە تەنیا ئەوە نەبێت كە رێككەوتنێكی لێك دەركردن لەنێوان رووسیا و ئەمەریكا هەیە، ئەویش دەركردنی سوپای ئێرانە لە سووریا.

ئەمە ئەو خاڵەیە كە پوتین لە گفتوگۆكانیدا لەگەڵ بەشار ئەسەد جەختی لێكردەوە بۆ دەستپێكردنی قۆناغی سیاسی دوای شەڕ، هەروەك زانراویشە ترەمپ پیاوێكی بازرگانە و ئارەزووی ئەو جۆرە ئاڵوگۆڕانە دەكات بەتایبەت ئەگەر خستنەڕووەكە گونجاو بێت لەگەڵ ویستی وڵاتانی عەرەبی بۆ كەمكردنەوەی هەژموونی ئێران لە ناوچەكە.

پەیوەندی نێوان رووسیا و سووریا
هەر پێوەند بە دۆخی سووریا، بێدەنگی رووسیا لە بەئامانجگرتنی پێگە و هێزی ئێرانی لە سووریا لەلایەن ئیسرائیڵەوە بۆ وڵاتێكی هاوپەیمان جێی گومانە، چاودێران پێیان وایە ئەمە رەنگە هۆكار بوو بێت لەوەی رووسیا بە مەبەست سیستەمی دژە موشەكی "ئێس – 300"ی لە پێدانی بە سووریا دواخستبێت.

بێگومان ناكرێت بەرژەوەندی ئابووری و سەربازی لەبیر بكەین، پەیوەندی ئێران و رووسیا پەیوەندییەكی زۆر باڵا و ستراتیژییە، كەواتە دەبێت ئەو شتە چی بێت پوتین داوای دەكات بەرانبەر دەستبەردار بوون لە ئێران لەو دۆخە پڕ زەحمەتییە؟.

پێشتر پوتین سەری بەشاری نمایشكرد بۆ فرۆشتن، بەڵام ئەمەریكییەكان نەیانكڕی و گرنگیان پێی نەدا، بۆیە چاودێران پێان وایە بۆ رووسیا ئاسانە پشت لە ئێران بكات بەتایبەت لەم پرسەدا.

چاودێران ئاماژە بۆ ئەوەش دەكەن پێدەچێ رووسیا ئامادەبێت دەست هەڵگرێت لە دەركردنی سوپای ئێران و حزبوڵڵا و تەنانەت لادانی بەشار ئەسەد و خانەوادەی دەسەڵاتیش، بەرانبەر پاراستنی بەرژەوەندییە زیندووەكانی خۆی لە سووریا و ناوچەكەدا.

 پێدەچی نمایشەكەی ئەمجارەی رووسیا سەرنج راكێش بێت بەتایبەتی لە رووی كاتەوە، كەدوای كۆبوونەوەی لەگەڵ بەشار ئەسەد، ئەوا پوتین پێشوازی لە ئەنجێللا مێركڵ راوێژكاری ئەڵمانیا كرد،  بڕیارە هەفتەی داهاتووش پێشوازی لە ئیمانوێڵ ماكڕۆن سەرۆكی فڕەنسا بكات.

پێوەند بەو پرسە جێگری سەرۆكی لیژنەی كاروباری نێودەوڵەتی لە ئەنجومەنی دۆمای ورسی، یوری شفیتكین دەڵێ دیداری پوتین و ئەسەد گرنگی زۆر تایبەتی خۆی هەیە نەك بۆ هەردوولا بەڵكو بۆ هەموو وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوانەی بەرژەوەندییان لەم ناوچەیەدا هەیە.

پەیامی بەرپرسانی رووسیا، لە پێشەوەی هەموویان پوتین زۆر روونە كە خستنەڕووی چارەسەری كێشەی سووریایە كە سەرەتا بە دەركردنی ئێرانییەكان دەست پێدەكات كە بەربەستی سەرەكی بەردەم چارەسەرن، پاشان لێكتێگەیشتن لەسەر پاراستنی بەرژەوەندی هەور لایەك.

سەرچاوە/ عەرەب




وشە - فه‌رمان سادق