تالیبان هێرشێکی فراوان دەکاتە سەر ویلایەتێکی ئەفغانستان

:: PM:05:13:22/05/2018 ‌

 

تالیبان هێرشێکی فراوان دەکاتە سەر ویلایەتێکی ئەفغانستان و بە هۆیەوە دەیان سەربازی ئەفغانستان کوژراون. ئەو هێرشە بەرفراوانە دوای ئەوە دێت کە هەفتەی رابردوو تالیبان دوو هێرشی تری گەورەی ئەنجام دا و هەندێک شاریشی کۆنترۆڵ کردن.

 

بەگوێرەی "ئەلعەرەبیە" نەسیر فەقیری ئەندامی ئەنجوومەنی ویلایەتی غەزنی ئاشکرای کرد کە لە ئاکامی ئەو هێرشەی تالیبان لە ویلایەتەکە دەیان سەربازی ئەفغانی کوژراون و دەیانی تر بریندار بوون.

 

بە گوتەی ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی ویلایەتەکە هێرشەکانی تالیبان لە تەواوی ویلایەتەکە دەستی پێ کردووە و داوا لە حکوومەت دەکات فریای ئەو ویلایەتە بکەوێت.

 

سێشەمی رابردووش چەكدارانی تالیبان، لە چەند میحوەرێكەوە هێرشیان كردە سەر ناوەندی شاری فەراهی ناوەندی ویلایەتی فەراهی ئەفغانستان و توانیان بۆ ماوەیەك شارەكە كۆنترۆڵ بكەن بەڵام دواتر هێزەكانی سوپای ئەفغانستان بە شەڕێكی قورس پاشەكشەیان بە چەكدارانی تالیبان لەو شارە كرد. بەڵام لە ویلایەتێكی تر دەگوترێت چەكدارانی تالیبان دوو شاریان كۆنترۆڵ كردووە.

 

فەراه كەوتووەتە رۆژئاوای ئەفغانستان و لەگەڵ ئێران هاوسنوورە بەڵام لە ویلایەتی غەزنی كە كەوتووەتە باشووری رۆژهەڵاتی ئەفغانستان چەكدارانی تالیبان پێشڕەوییان كردووە. بە گوێرەی "مێهرنیوز" ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای ویلایەتی غەزنی باسیان لەوە كردووە كە دوو شاری جەغتوو و زەنێخان كەوتووتە دەستی چەكدارانی تالیبان.

 

لە میانەی جەنگی ناوخۆیی ئەفغانستان لە ساڵی 1994 تالیبان دروست بوو و لە ماوەیەكی كورتدا توانییان ژمارەیەك لە ویلایەتەكانی ئەفغانستان داگیر بكەن و دواجار سێ لەسەر چواری خاكی ئەفغانستانیان كۆنترۆڵ كرد. ئەوان لە ساڵی 1996 توانییان كابولی پایتەختیش كۆنترۆڵ بكەن و دواجار حكوومەتێكی ئیسلامی لە ئەفغانستان پێكهێنا و هەریەك لە پاكستان، سعوودیە و ئیمارات حكوومەتەكەیان بە فەرمی ناساند. ئەوان لە ماوەی دەسەڵاتیاندا ستەمێكی زۆریان لە خەڵكی ئەفغانستان كرد و تەنانەت لەگەڵ رێكخراوی ئەلقاعیدە بە یەكەوە كاریان كرد تا لە لایەن ئەمەریكاوە رووخێنرا، لە ساڵی 2006ەوە دووبارە دەستیان بە چالاكی و جموجۆڵ كردەوە كە تا ئێستە بەردەوامە.



وشە - سلێمان تاشان