عەبادی: لەگەڵ سائیروون كۆكین بۆ پێكهێنانی حكوومەتێكی تەكنۆكرات

:: PM:06:09:22/05/2018 ‌

حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاماژەی بۆ نزیكبوونەوەی پێكهێنانی گەورەترین هاوپەیمانی سیاسی لە نێوان هەردوو لیستی (نەسڕ) و (سائیروون) بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق كرد.

ئەمڕۆ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق و سەرۆكی هاوپەیمانی نەسڕ كە پلەی سێیەمی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەدەست هێنا، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رای گەیاند، لە دیداری پێش چەند رۆژەمان لەگەڵ سەدر لە بەغدا دید و بۆچوونمان چۆنیەك بوو لەبارەی قۆناغی داهاتووی پرۆسەی سیاسی لە عێراق.

زیاتر گوتی، چۆنیەكییەكی نیوچە تەواو هەیە لە نێوان هەردوو لیست بۆ پێكهێنانی حكوومەتێكی بەهێزی تەكنۆكرات، هاوكات بەدووری زانی كە جارێكی تر هەڵبژاردنی پەرلەمانی دووبارە بكرێتەوە وەك هەندێك لایەنی ناڕازی باسی لێوە دەكەن، داوای لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن كرد بۆ لێكۆڵینەوە لە ئەنجامەكان و لە قەوارە سیاسییەكانیش بۆ پابەندبوون بە وادەی پێكهێنانی حكوومەتی نوێ.  

لە دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 12ی ئەم مانگە كە تیایدا لیستی (سائیروون)ی سەر بە موقتەدا سەدر لە پلەی یەكەم هات، لە 19ی ئەم مانگە حەیدەر عەبادی و موقتەدا سەدر لە بەغدا كۆبوونەوە و باسی پێكهێنانی گەورەترین بارستە و پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراقیان بەزووترین كات كرد.

سەرچاوە/ بەغداد تودەی




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل