واشنتن سزای نوێ بەسەر ژمارەیەك بەرپرسی ئێران دەسەپێنێت

:: PM:06:26:22/05/2018 ‌

لە چوارچێوەی توندكردنی سزاكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران لە دوای بڕیارەكەی واشنتن بۆ پاشەكشەكردن لە رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، ئەمڕۆ ئەمەریكا سزای بەسەر پێنج كەسایەتی ئێران پێوەندیدار بە سوپای پاسداران سەپاند.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا لە بەیاننامەیەكدا كە لە ماڵپەڕی ئەلیكترۆنی وەزارەتەكە بڵاو كراوەتەوە، رای گەیاند كە پێنج هاووڵاتیی ئێران ناویان خراوەتە ناو لیستی سزاكانی ئەو وەزارەتە و گوتی كە ئەوان پێوەندیان بە سوپای پاسدارانی ئێرانەوە هەیە.

بەپێی بەیاننامەكە سەپاندنی سزاكان بەهۆی پێوەندی ئەوانەوە بووە بە سوپای پاسدارانی ئێران و ئەوان بریتین لە هەریەك لە مەهدی ئازەر بیشە و محەمەد جەعفەری و مەحموود كازم ئاباد و جاوەید شێر ئەمین و سەید محەمەد تارانی، وەك رۆیتەرز بڵاوی كردووەتەوە.

پێشتریش وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا سزای هاوشێوەی بەسەر حەسەن نەسروڵا ئەمینداری گشتیی حزبوڵای لبنان و ژمارەیەك یاریدەر و ئەندام و لایەنگرانی پارتەكەی سەپاند بەهۆی ئەنجامدانی چالاكی تیرۆریستی و شێواندنی دۆخی ناوچەكە.

لە 12ی ئەم مانگە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا پاشەكشەكردنی وڵاتەكەی لە رێككەوتننی ئەتۆمی لەگەڵ ئیران راگەیاند كە لە سەردەمی باراك ئۆبامای سەرۆكی پێشووی ئەو وڵاتە لە 2015 واژوو كرابوو، بەوەش سزاكانی سەر ئێران بۆ دۆخی پێشووی دەگەڕێتەوە.

سەرچاوە/ شەفەق نیوز




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل