بارستەی (بەیارق نەسڕ)، بە سەرۆكایەتی خالید عوبێدی، وەزیری پێشووی بەرگریی عێراق كە بەشێكە لە هاوپەیمانی (نەسڕ) بە سەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی، رای گەیاند كە راگەیاندنی رێككەوتن بۆ پێكهێنانی گەورەترین بارستەی پەرلەمان بۆ پێكهێنانی حكوومەت نزیك بووەتەوە و ئەو ناوی كاندیدی پێشبینیكراو و ئەو لیستانە ئاشكرا دەكات كە لەناو رێككەوتننەكەن.
محەمەد خالیدی، جێگری ئەمینداری گشتی بارستەكە لەو بارەوە ئەمڕۆ سێشەم رای گەیاند كە لایەنەكانی ناو رێككەوتننەكە بریتین لە (سائیروون) و (نەسڕ) و پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەوەش بەمەبەستی پێكهێنانی گەورەترین بارستەی ناو پەرلەمان.
زیاتر گوتی، ئەو لیست و هاوپەیمانیەتییانەی باس كران بۆ ئێمە نزیكترن بۆ رێككەوتن و چاوەڕوانی هاتنی (هاوپەیمانی حیكمە)ش دەكرێت كە لە (سائیروون) و (نەسڕ)ەوە نزیكە، لەبارەی كاندیدانەوەش رای گەیاند كە ژمارەیەك كاندید بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران هەن، بەڵام ئەوەی زیاترین چانسی هەیە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی ئێستایە.
بەڵام خالیدی نەیشاردەوە كە رەنگە هاوپەیمانیەتییەكانی تر بەرەیەكی ئۆپۆزسیۆن پێك بێنن یان ئەوەتا ئێمە پێكی بێنین.
ئەمڕۆ سێشەم حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاماژەی بۆ نزیكبوونەوەی پێكهێنانی گەورەترین هاوپەیمانی سیاسی لە نێوان هەردوو لیستی (نەسڕ) و (سائیروون) بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق كرد.
عەبادی كە لیستەكەی پلەی سێیەمی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەدەست هێنا، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رای گەیاند، لە دیداری پێش چەند رۆژەمان لەگەڵ سەدر لە بەغدا دید و بۆچوونمان چۆنیەك بوو لەبارەی قۆناغی داهاتووی پرۆسەی سیاسی لە عێراق.