مالیكی: هەوڵی پێكهێنانی هاوپەیمانیەتێكی شیعە و سوننە و كورد دەدەین

:: PM:08:33:22/05/2018 ‌

نووری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا كۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا بە گرنگ و باش وەسف كرد و رای گەیاند كە هەوڵی پێكهێنانی هاوپەیمانیەتێكی شیعە و كورد و سوننە دەدەن بەمەبەستی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق و ڤیۆشیان لە بەرانبەر كەس نییە.

ئەمڕۆ سێشەم شاندی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتی فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی لە بەغدا لەگەڵ ژمارەیەك سەرانی هاوپەیمانیەتییە براوەكانی هەڵبژاردنی عێراق كۆبووەوە لەوانە موقتەدا سەدر و نووری مالیكی و عەمار حەكیم.

نووری مالیكی لەدوای كۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی پارتی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كۆبوونەوەكەی بە گرنگ و باش لەقەڵەن دا گوتی، لەو كۆبوونەوە گفتوگۆمان لەبارەی پەرەسەندنەكانی سیاسی ئێستە و جموجۆڵەكان بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق كرد.

زیاتر گوتی، ئێمە ڤیۆمان لە بەرانبەر كەس نییە، بەڵكو سیاسەتی پڕۆگرام و پڕۆگرام و پابەندی بە فەرمانڕەواییەكی دانایی و پەرلەمانێكی پاڵپشت قبووڵ دەكەین و ڤیتۆش لەكەس قبووڵ ناكەین.

مالیكی دووپاتی كردەوە پێكهێنانی حكوومەتی داهاتوو لەلایەن ئەو هاوپەیمانیەتییە بڕیاری لێوە دەدرێت كە هەوڵ دەدەین لەگەڵ برایانی كورد و سوننە و شیعەش پێكی بێنن و بە بڕیارەكانیشیان پابەند دەبین.

لای خۆیەوە فازڵ میرانی ئاماژەی كرد كە لەگەڵ مالیكی گەیشتووینەتە خاڵی هاوبەش لەپێناوی پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی عێراق و بە رۆژنامەوانانی راگەیاند كە شاندی پارتی لەگەڵ مالیكی گەیشتوونەتە خاڵی هاوبەش، وەك ئاماژەیەك بۆ هەوڵی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق.

لە دوای تەواوبوونی هەڵبژاردنی 12ی ئەم مانگەی پەرلەمانی عێراق و راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكە، ئێستە گفتوگۆكان لەسەر ئاستێكی باڵا لە نێوان لیستە براوەكان دەستی پێ كردووە.







وشە - مه‌حموود ئیسماعیل