ماكگۆرگ: ئەمەریكا لەگەڵ یەكهەڵوێستی لایەنە كوردستانییەكانە بۆ گفتوگۆكردن لە بەغدا

:: PM:09:00:22/05/2018 ‌

نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ هاوپەیمانی دژ بە داعش لە سلێمانی لەگەڵ پارتە سیاسییەكانی ناڕازی لە دەڤەرەكە كۆبووەوە و دووپاتی كردەوە كە بوونی هەرێمێكی كوردستانی بەهێزمان لا گرنگە و ئەمەریكا دەیەوێت لایەنە كوردییەكان یەكهەڵوێست گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بكەن.

هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 12ی ئەم مانگە بەڕێوە چوو و لەگەڵ تەواوبوونی هەڵبژاردنەكە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا پیرۆزبایی سەركەوتنی پرۆسەكەی لە عێراقییەكان كرد و دووپاتی كردەوە كە پێویستە بەپەلە حكوومەتێكی بنكە فرەوان پێك بێت كە هەموو پێكهاتەكان لەخۆ بگرێت.

هاوكات لە كاتی بەڕێوەچوونی پرۆسەكە و لەدوای راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكە ژمارەیەك قەوارە و هاوپەیمانی سیاسی رەخنە و نارەزایەتیان لە ئەنجامەكانی پرۆسەكە گرت بەتایبەتی لە سنووری پارێزگای سلێمانی، ئەوەش وای كرد كە بریت ماكگۆرگ نوێنەری سەرۆكی ئەمەریكا سەردانی ئەو پارێزگایە بكات و لەوێ هانی لیستە كوردییەكان بدات بۆ بەشداریكردن لە پرۆسەی سیاسی لە عێراق و پێكهێنانی حكوومەتی نوێی ئەو وڵاتە.

لە میانەی كۆبوونەوەكانی ماكگۆرك لە سلێمانی ئەمڕۆ سێشەم باسی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق و ئەنجامەكان و هەوڵەكانی پێكهێنانی لیستی گەورەترینی پەرلەمان و پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق كرا.

ماكگۆرگ لەو دیدارانە رای گەیاندووە كە ئەمەریكا وای دەبینێت كە پێویستە لایەنە كوردستانییەكان یەكگرتوو بن و یەك گوتاریان هەبێت لە گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنە براوەكانی هەڵبژاردن لە بەغدا بەمەبەستی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق و چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ هەرێم لە چوارچێوەی دەستووری عێراق.

زیاتر گوتی، پێویستە بەرپرسان بیر لە پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی عێراق بكەنەوە و لایەنەكانیش بەخێرایی بگەن بەئەنجامێك بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی ئەو حكوومەتە ، بۆیە ئەمەریكا بە گرنگی دەزانێت كە كوردستانێكی بەهێز لە چوارچێوەی عێراقێكی یەكگرتوو هەبێت و هیوای خواست كە رێككەوتننی كورد و شیعە و سوننە بۆ پێكهێنانی حكوومەت نوێی عێراق بەشێوەیەك بێت كە یارمەتی و پاڵپشتییەكانی ئەمەریكا و كۆمەڵگای ناودەوڵەتی لەگەڵ بەردەوام بێت و زیاتریش بێت.

ماكگۆرگ لەلایەكی تر بەڵێنی پاڵپشتیكردنی هەرێمی كوردستانی دا بەتایبەتی كە بەرەو هەڵبژاردنی گشتی دەچێت.

سەرچاوە/ شەفەق نیوز




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل