ترەمپ باسی ئەگەری هەڵوەشانەوەی لووتكەی لەگەڵ سەرۆكی كۆریای باكور دەكات

:: PM:10:24:22/05/2018 ‌

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا رای گەیاند كە كۆشكی سپی بەردەوامە لە رێخستنی كارەكانی كۆبوونەوەی لووتكە لە نێوان خۆی و كیم جۆنگ ئۆنی سەرۆكی كۆریای باكور، هاوكات ئاماژەی كرد كە ئامادەیە بۆ هەڵوەشاندنەوە یان دواخستنی كۆبوونەوەكە ئەگەر كۆریا پابەندی هەندێك لە مەرجەكان نەبێت.

دوای مشتومڕێكی زۆر لە نێوان ئیدارەی نوێی ئەمەریكا و سەرۆكی كۆریای باكور، بە هەوڵی مایك پۆمپیۆ وەزیری نوێی دەرەوەی ئەمەریكا نزیكبوونەوەیەك رووی دا و كۆریا چەند هەنگاوێكی نا وەك سڕكردنی تاقیكردنەوە ئەتۆمییەكان و وەستاندنی پڕۆگرامی مووشەكی بالیستی، لە بەرانبەردا ئەمەریكا ئامادەیی خۆی بۆ هێوركردنەوەی دۆخەكە لەگەڵ كۆریای باكور پێشان دا.

لە ماوەی رابردوو ترەمپ وادە و شوێنی كۆبوونەوەی لووتكەی لەگەڵ سەرۆكی كۆریای باكور راگەیاند كە لە 11ی مانگی داهاتوو لە سنگاپوور دێتە سازكردن، ئەمڕۆ ترەمپ لە میانەی لێدوانێكی رۆژنامەوانی بەر لە كۆبوونەوەی لەگەڵ مۆن جی سەرۆكی كۆریای باشوور لە كۆشكی سپی ئەو دووپاتی كردەوە پێویستە پیۆنگیانگ دەستبەرداری چەكی ئەتۆمی بێت وەك مەرجێك بۆ بەڕێوەچوونی كۆبوونەوەكە لە مانگی داهاتوو لە سنگاپوور. 

ترەمپ دووپاتی كردەوە كە سەرۆكی كۆریای باكور رژدە لە نیازی بە دەستبەرداربوون لە چەكی ئەتۆمی و گوتی، وابزانم كە كیم رژدە و ئەو زۆر خۆشحاڵ دەبێت بۆ گەیشتن بە رێككەوتن لە نێوان هەردوو وڵات لەبارەی داماڵینی جبەخانەی چەكی پیۆنگیانگ.

ئەمڕۆ سەرۆكی كۆریای باشوور گەیشتە كۆشكی سپی بەمەبەستی ئەنجامدانی وتوێژ لەگەڵ لایەنی ئەمەریكایی و ئەوان باسی كۆبوونەوەی لووتكەی ترەمپ و كیمیان كرد لە 11ی مانگی داهاتوو لە سنگاپوور.

لای خۆی كۆریای باكور رای گەیاندبوو كە چاو بە سازكردنی لووتكەكە دەخشێنێتەوە لە دوای هەڵوەشاندنەوەی كۆبوونەوەیەكی دووقۆڵی لەگەڵ كۆریای باشوور وەك ناڕەزایەتییەك لە بەرانبەر ئەو مەشقە سەربازییەی لە نێوان ئەمەریكا و كۆریای باشوور ساز كرا.

سەرچاوە/ سكای نیوز




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل