هۆشیار زێباری سەركردە لە پارتی دیموكراتی كوردستان و وەزیری پێشووی دارایی و دەرەوەی عێراق رای گەیاند كە ناكرێت سكاڵا و تانەكانی هەڵبژاردن فەرامۆش بكرێن، دووپاتی كردەوە كە ئێستا عێراق لەبەردەم دووڕیانێكدایە یان سەقامگیر دەبێت وەیان پشێوی باڵی بەسەردا دەكێشێنت.
12ی ئەم مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەناو بەشدارییەكی لاوازی دەنگدەرانی عێراق بەڕێوە چوو كە لە كۆی زیاتر لە 24 ملیۆن دەنگدەر، تەنیا لە سەرووی 10 ملیۆن دەنگیان دا، جیا لەوە و ئەو كێشە تەكنیكیانەی لەكاتی دەنگدان هاتنە پێش، باس لە پرۆسەی دەستوەردان و ساختەكاری دەكرێت و ئەوەش وای كرد كە ژمارەیەك لە قەوارە و لیست و هاوپەیمانیەتییەكان رازی نەبن بە ئەنجامەكان و سكاڵا و تانە لە ئەنجامەكە بدەن.
لەو بارەوە ئەو سیاسەتوانە دێرینەی كورد و عێراق داوای لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق (یۆنامی) كە پاڵپشتی لە پرۆسەكە دەكات، هەروەها دەسەڵاتی دادوەری لە عێراق كرد بۆ ئەوەی متمانە بە پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بگەڕێننەوە لە رێگەی چارەسەركردنی سكاڵا و تانەكانی لە ئەنجامەكان دراون بەپێی دەقە یاساییكانەوە نەوەك لە رێگەی فەرامۆشكردن و نكووڵی لێكردنیان.
زێباری لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك وریایی دا لەو ئەگەرە و ئاماژەی كرد كە عێراق لەبەردەم دووڕیاندایە یان سەقامگیر دەبێت وەیا تووشی پشێوی دەبێتەوە.
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە 19ی ئەم مانگە ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی راگەیاند، لەناو ناڕەزایی بەشێك لە هاوپەیمانی و قەوارە سیاسییەكان كە داوای بەدەست هەژماركردنەوەی دەنگەكانیان كرد و بەشێكیشیان داوای هەڵوەشانەوەی پرۆسەكەیان كرد، كە ئەو دوو بژارە تا ئێستە لەلایەن كۆمسیۆنەوە رەت كراونەتەوە.