ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی شاندی پارتی لەگەڵ هادی عامری

:: PM:11:36:22/05/2018 ‌

لە چوارچێوەی گفتوگۆكانی شاندی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەم شاندەكە لەگەڵ هادی عامری سەرۆكی لیستی (فەتح)، دووەم براوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كۆبووەوە.

ئەمڕۆ سێشەم شاندی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتی فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسی ئەو حزبە لەگەڵ سەرۆك لیستە براوەكانی هەڵبژاردنی عێراق لە بەغدا دەستی پێ كرد و ئەوان لەگەڵ موقتەدا سەدر و نووری مالیكی و عەمار حەكیم و هادی عامری كۆبوونەوە.

هادی عامری لەبارەی كۆبوونەوەكە بۆ دەزگەكانی راگەیاندن گوتی، هەوڵی كاركردن بۆ پێكهێنانی گەورەترین بارستەی نیشتمانی دەكەین و روونی كردەوە كە هیچ ڤیتۆیەكمان لەسەر هیچ پێكهاتەیەك نییە بۆ پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی عێراق.

عامری زیاتر گوتی، داوای پەلەكردن لە پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق دەكەین لەپێناو پەلەكردن لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بە هاووڵاتییان و دووپاتی كردەوە كە پێویستە پەلە لە پێكهێنانی گەورەترین بارستەی نیشتیمانی بكەین و بانگی هەمووانیش بكەین بۆ بەشداریكردن تیایدا.

عامری روونی كردەوە كە هیچ ڤیتۆیەك لەسەر هیچ لایەن و پێكهاتەیەك نییە جا شیعە بێت یان سوننە وەیا كورد و ئاماژەی بۆ گرنگی نووسینەوەی پڕۆگرامی حكوومەتی داهاتوو كرد كە بتوانێت پەرە بەعێراق بدات، بۆیە خەمی ئێمە ئەوەیە كە حكوومەتێك پێك بێنین كە بتوانێت پێویستییەكانی خەڵك دابین بكات و شاندی كوردیش لە گفتوگۆكانی بەردەوام دەبێت لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و هیوادارین بگەین بە ئەنجامی رازیكار بۆ هەموو گەلی عێراق. 

عامری دووپاتی كردەوە كە باسكردنی پێكهێنانی بارستەیەك تەنیا لە شیعە راست نییە و دووپاتی كردەوە كە پرسی دیاریكردنی سەرۆك وەزیرانی لە ئێستاوە زووە و ئەوەی ئێستا لامان گرنگە ئەوەیە كە كۆبینەوە و لەسەر بەرنامەیەكی حكوومەت رێك بكەوین كە بتوانێت چارەسەری كێشەكانی عێراق بكات و پۆستی سەرۆك وەزیرانیش بۆ ئەو كەسایەتییە دەبێت كە بتوانێت ئەو بەرنامەیە جێبەجێ بكات و خزمەتی وڵات بكات.

لای خۆیەوە فازڵ میرانی سەرۆكی شانی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، لە كۆبوونەوەكەدا خاڵە ئەرێنی و نەرێنییەكانی قۆناغی پێشوو دیاری كران، بۆیە عێراق پێویستی بە پێكهێنانی دامەزراوەكان لەسەر بنەمای ئەوەی لەسەری رێككدەكەوین هەیە و پێكهێنانی دەستەیەكی خاوەن دەسەڵات بۆ چاودێریكردنی ئەو بەرنامانە و لێپرسینەوەكردن لە كەمتەرخەمان، چونكە هەمووان حكوومەتە نادیارەكە تۆمەتبار دەكەن. 

میرانی دووپاتی كردەوە كە لە كوردستانەوە بۆ ئێرە هاتووین بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی لە نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا هەن لە رێگەی ئەو بەرنامەی ئاماژەمان بۆ كرد، ڤیتۆشمان لە بەرانبەر كەس نییە و قبووڵیش ناكەین كەس ڤیتۆی لەبەرانبەرمان هەبێت، بۆیە رەنگە ناكۆك بین، بەڵام بەیەك دەگەینەوە و ناكۆكییەكانمان دەستنیشان دەكەین و دەیكەینە خاڵێك بۆ پێوەندییكردنمان.

سەرچاوە/ شەفەق نیوز




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل