قاسم سوله‌یمانی هه‌ڕه‌شه‌ ده‌كات..سه‌رۆك وه‌زیران بێ ڕه‌زامه‌ندی ئێمه‌ دانانرێ

:: AM:08:26:24/05/2018 ‌
ڕۆژنامه‌یه‌كی له‌نده‌نی له‌ ڕاپۆرتێكدا ئاماژه‌ی داوه‌، كه‌ هه‌وڵه‌كانی موقته‌دا سه‌در و گفتوگۆی له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌ی قه‌واره‌ براوه‌كان ئه‌سته‌مه‌ سه‌ركه‌وتوو بێ بۆ پێكهێنانی گه‌وره‌ترین فراكسیۆنی ناو په‌رله‌مان، چونكه‌ قاسم سوله‌یمانی گۆڕه‌پانه‌كه‌ی چۆڵ نه‌كردووه‌ و له‌ پشت كۆبوونه‌وه‌ی سه‌ركرده‌كانی حزبی ده‌عوه‌ و هاوپه‌یمانی "فه‌تح"ه‌ بۆ دروستكردنی گه‌وره‌ترین فراكسیۆنی په‌رله‌مانی و پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێ.

ڕۆژنامه‌كه‌ نووسیویه‌تی، جموجۆڵه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی سه‌در خێرا و چڕوپڕن، به‌ڵام ئه‌مه‌ به‌ ته‌واوی ئێرانی بێزار كردووه‌، چونكه‌ سه‌در له‌ زاری زیاء ئه‌سه‌دی گه‌وره‌ یاریده‌ده‌ری ئه‌سه‌د دووپاتی كرده‌وه‌، كه‌ پێوه‌ندییان له‌گه‌ڵ ئێران جێگیر و باشه‌، به‌ڵام جۆری پێوه‌ندییه‌كه‌ پاشكۆیه‌تی ئێران نییه‌، هاوكات هێمای بۆ ئه‌وه‌یش كرد، كه‌ گفتوگۆ له‌ نێوان ئه‌مه‌ریكا و چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی هاوپه‌یمانی سائیروونی سه‌ر به‌ موقته‌دا سه‌در ئه‌نجام دراوه‌.

به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی ڕۆژنامه‌ی "حه‌یات"ی له‌نده‌نی هه‌رچه‌نده‌ موقته‌دا سه‌در به‌ ئاشكرا هه‌وڵه‌كانی چڕكردووه‌ته‌وه‌ بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت و گه‌وره‌ترین فراكسیۆن، به‌ڵام قاسم سوله‌یمانی به‌ نهێنی خه‌ریكی هه‌مان كاره‌، سه‌ركرده‌كانی حزبی ده‌عوه‌ هه‌ریه‌ك له‌ "عه‌بدولحه‌لیم زوهێری، تارق نه‌جم، عه‌لی ئه‌دیبت"ی ڕاسپاردووه‌، تا فشار بخه‌نه‌ سه‌ر مالیكی و عه‌بادی، بۆ ئه‌وه‌ی كورسییه‌كانی ده‌عوه‌ یه‌ك بخه‌نه‌وه‌ و له‌گه‌ڵ فه‌تح گه‌وره‌ترین هاوپه‌یمانی شیعه‌ دروست بكه‌نه‌وه‌ و ڕێ نه‌ده‌ن سه‌رۆك وه‌زیرانی داهاتووی عێراق له‌ ده‌ره‌وه‌ی حزبی ده‌عوه‌ بێ.

هێمای بۆ ئه‌وه‌یش كردووه‌، قاسم سوله‌یمانی هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ ده‌عوه‌ كردووه‌، كه‌ په‌له‌ بكه‌ن له‌ ڕێكخستنه‌وه‌ی خۆیان و به‌ هیچ شێوه‌یه‌كیش پشتیوانی هیچ كاندیدێكی سه‌رۆك وه‌زیران نه‌كه‌ن، كه‌ ئێران ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر نه‌بێت.


وشە - باز ئه‌حمه‌د