به‌شى سێیه‌مى شه‌قامى 120 مه‌تریى هه‌ولێر به‌هۆى بوونى نۆ خانووى هاووڵاتییان له ناوه‌ڕاستى ڕێڕه‌وی شه‌قامه‌كه‌دا، كێشه‌ی تێكه‌وتووه و هه‌رچه‌نده هه‌ر چوار لای ماڵه‌كان قووڵ كراون، به‌ڵام خانووه‌كان به قوتی به‌سه‌ر شه‌قامه‌كه‌وه ماون. به‌رپرسێكى پڕۆژه‌كه ده‌ڵێ، كێشه‌كه له دادگایه و چاوه‌ڕوانى یه‌كلاكردنه‌وه‌ین.
بوونى نۆ ماڵ له ناوه‌ڕاستى دواقۆناغی شه‌قامی 120 مه‌ترسی هه‌ولێر كه بڕیاره ئه‌مساڵ كاره‌كانی ته‌واو بكرێ، بووه‌ته كێشه بۆ كۆمپانیای جێبه‌جێكار. ماڵه‌كان ده‌كه‌ونه به‌شی رێگای بنه‌سڵاوه-كه‌ركووك.
كه‌ریم سه‌مه‌د هاووڵاتییه‌كى نزیك له‌و ماڵانه‌ی له‌سه‌ر شه‌قامه‌كه‌ن، بۆ "وشه" ئه‌وه ده‌خاته ڕوو كه ئه‌و ماڵانه هیچ كێشه‌یه‌كیان نییه، به‌ڵام ئه‌وان له ساڵى 1989ـه‌وه له‌و شوێنه نیشته‌جێ بوونه و ئێسته‌یش به مافى خۆیان ده‌زانن قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه.
ئه‌و هاووڵاتییه زیاتر گوتى، ئه‌و ماڵانه داواى قه‌ره‌بووى پارچه زه‌وییه‌ك و بڕێك پاره ده‌كه‌ن، به‌ڵام كۆمپانیاى جێبه‌جێكار ده‌ڵێت ئه‌وه كارى من نییه و ده‌بێت حكوومه‌ت بیكات، بۆیه ئێسته ئه‌و كێشه‌یه هه‌ر ماوه و نزیكه‌ى هه‌شت مانگه به‌رده‌وامه.
سه‌رتیپ سابیر سه‌رپه‌رشتیاری جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ی شه‌قامی 120 مه‌تری، به"وشه"ـی ڕاگه‌یاند، ئه‌و به‌شه‌ی شه‌قامی 120 مه‌تری كه ئێسته ده‌كه‌وێته نزیك شه‌قامی بنه‌سڵاوه، چه‌ند ماڵێكی تێدا ماوه، چه‌ندان جار له‌لایه‌ن شاره‌وانییه‌وه ئاگه‌دار كراونه‌ته‌وه شوێنه‌كه چۆڵ به‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌وان داوای قه‌ره‌بوو ده‌كه‌ن.
سه‌رتیپ زیاتر گوتی "ئێسته كێشه‌كه له دادگایه و چاوه‌ڕوانین بڕیار بدرێت كه چۆن ئه‌و ماڵانه چۆڵی بكه‌ن، چونكه ئه‌و ماڵانه كێشه‌یان بۆ دروست كردووین و به‌شێك له كاره‌كانمان وه‌ستاوه".
پێشتر له به‌دواداچوونێكی هه‌فته‌نامه‌ی "وشه"دا هۆشداری درابوو له وه‌ستانی ئه‌و به‌شه‌ی شه‌قامی 120 مه‌تری به‌هۆی بوونی نۆ خانوو له‌سه‌ر رێڕه‌وه‌كه‌ی، به‌ڵام كێشه‌كه چاره‌سه‌ر نه‌كراوه. به‌ڵام به‌رپرسانى شاره‌وانی ده‌ڵێن، چاوه‌ڕوانى هاتنى لیژنه‌یه‌كى دادگاین بۆ شوێنه‌كه تا بزانین ئه‌وان چ به‌ڵگه‌یه‌كیان هه‌یه كه ئه‌و زه‌وییه موڵكى ئه‌وانه، ئه‌گه‌رنا ده‌بێت چۆڵى بكه‌ن.
شوان یوسف به‌ڕێوه‌به‌رى ته‌كنیكى له سه‌رۆكایه‌تیى شاره‌وانیى هه‌ولێر، به"وشه"ـى ڕاگه‌یاند، ئه‌و ماڵانه چه‌ندان جار ئاگه‌دار كراونه‌ته‌وه ئه‌و شوێنه چۆڵ بكه‌ن به‌هۆى دروستبوونى كێشه بۆ ته‌واوكردنی شه‌قامه‌كه، به‌ڵام تا ئێسته پێی پابه‌ند نه‌بوون.
"ئێسته كێشه‌كه له دادگایه و چاوه‌ڕوانى هاتنى لیژنه‌ى دادگاین بۆ ئه‌وه‌ى بزانین ئه‌و ماڵانه چ به‌ڵگه‌یه‌كیان هه‌یه بیسه‌لمێنن ئه‌و موڵكه هی ئه‌وانه وا له به‌رانبه‌ر چۆڵكردنى داواى قه‌ره‌بوویه‌كى زۆر ده‌كه‌ن. ئه‌گه‌ر به‌ڵگه‌یان نه‌بێت، ئه‌وه موڵكى ده‌وڵه‌ته و ده‌بێت به په‌له چۆڵی بكه‌ن" به‌رپرسه‌كه‌ی شاره‌وانی وای گوت.
شه‌قامی 120 مه‌تری هه‌ولێر یه‌كێكه له پرۆژه ستراتیجییه گرنگه‌كان و به 38 كیلۆمه‌تر باوه‌ش به شاردا ده‌كات، ئێسته سێ له چواری شه‌قامه‌كه ته‌واو بووه، جه‌نجاڵییه‌كی زۆری ئۆتۆمبێلی له ناوشار نه‌هێشتووه، بڕیاره له‌مساڵدا به ته‌واوی بازنه‌كه‌ی ته‌واو بكات و بكه‌وێته خزمه‌تی هاتوچۆوه.
به ته‌واوبوونی شه‌قامی 120 مه‌تریی هه‌ولێر، به‌گوێره‌ی به‌دواداچوونی "وشه"، ڕاسته‌وخۆ له پشكی ئه‌و داهاته‌ی بۆ شاره‌وانییه‌كان دیاری كراوه، نه‌خشه‌ی پڕۆژه‌ی 150 مه‌تریی هه‌ولێر ده‌خرێته بواری جێبه‌جێكردن كه به‌شێكی شاره‌دێكانی ده‌وروبه‌ری هه‌ولێر ده‌خاته ناو سنووری شاره‌وانیی هه‌ولێر و ده‌یانكات به گه‌ڕه‌ك.