نیو ملیۆن راوتەری دنیا هاككران

:: AM:10:03:24/05/2018 ‌
توێژەرانی كۆمپانیای "سیسكۆ"ی تایبەت بە تۆڕی پێوەندی كردن، ئاشكرایان كرد، زیاتر لە نیو ملیۆن ئامێری پەخشكەری ئینتەرنێت "ڕاوتەر" و ئامێری هەڵگرتنی داتاكانی تۆڕەكانی ئینتەرنێت لە 54 وڵاتی دنیا، لەلایەن هاككەرزانەوە لە ڕێی ئاپێكی ڤایرۆسییەوە هاككران.

توێژەران دەڵێن، ڤایرۆسەكە لە ڕێی ئاپی ڤایرۆساوی "ڤی پی ئێن فلتەر"ەوە بڵاوبووەتەوە، كە دەتوانێ ڕاستەوخۆ ئامێرەكانی "ڕاوتەر" بوەستێنێت و تەواوی داتاكانی ئینتەرنێت و پاسۆردەكان بدزێ و بە تەواوی زاڵ بێ بەسەر ئەو ئامێرانەیش كە پێوەستن بەو ئینتەرنێتەی كە ڕاوتەرەكە بەشێوەی وای فای پەخشی دەكات.

كۆمپانیای سیسكۆ زانیاری زیاتری لەبارەی ئەو ئاپە ڤایرۆسییە خستەڕوو و گوتی، حكوومەتی ڕووسیا پشتیوانی لەو گرووپانە كردووە، كە دیزاین و بەرهەمهێنەری ئاپی "ڤی پی ئێن فلتەر"ن، بۆیە پێشبینی دەكەین لە داهاتوویەكی نزیك هێرشی زۆر گەورەی ئەلیكترۆنی بكرێتە سەر ئۆكرانیا.

وەزارەتی دادی ئەمەریكا و توێژەرانی ئێف بی ئای لەوبارەوە ئاشكرایان كرد، كە گرووپی هاككەرزی "سوفاسی" لە پشت ئەو هێرشەوەن و دەیانەوێ تەواوی ئامێرە قوربانییەكان بپشكنن و زانیاری لێ وەربگرن.



وشە - باز ئه‌حمه‌د