سەدر دەبێتە دۆناڵد ترەمپی عێراق و لە تویتەر حكوومەت بەڕێوە دەبات

:: PM:12:18:24/05/2018 ‌


موقتەدا سەدر سەركردەی هاوپەیمانی سائیروون لە تویتەرەوە بڕیار و پلانەكانی بڵاو دەكاتەوە، هاوشانی دەیان دروشمی بریقەدار لەوانە "پۆست و كورسی بۆ ئێوە، نیشتمانیش بۆ من"، ئەمەش وایكردووە لێكچوونێك لەنێوان ئەو و دۆناڵد ترەمپ دروست ببێت، بەڵام چاودێرانی عێراقی دەڵێن ئەو تویتانەی بەناوی موقتەدا بڵاو دەكرێنە گومان دەكرێت خۆی بیانووسێت.

ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كە لە 12ی ئەم مانگە بەڕێوەچوو، تێیدا هاوپەیمانی سائیروون بە 54 كورسی پلەی یەكەمی مسۆگەر كرد و بەهۆیەوە نووسینگەكەی موقتەدا سەدر سەرۆكی رەوتی سەدر جمەی دێت لە سەردانی شاندی لایەنەكانی تر و رۆژانە پێشوازی لە میوان دەكات و كۆبوونەوە ئەنجام دەدات. لەگەڵ ئەمەشدا هەموو كۆبوونەوەكانی دەباتە تویتەر و رۆژانەش چەند تویتێكی تایبەت بەخۆی دەكات.

تویتەرەكەی موقتەدا 168 هەزار كەس فۆلۆوەری هەیە و فەیسبووكەكەشی 900 هەزار، ئەوەی وای كردووە تویتەكانی سەدر ببێتە جێی مشتومڕ ئاستی زمانەوانی و قوڵی و رەسەنایەتیەتیەتی، بەجۆرێك زۆرێك لەوانەی موقتەدا دەناسن دەڵێن، ئەو زمانی نووسینە هی ئەو نییە.

پێش موقتەدا سەدر، زۆرێك لە سەركردەكانی دنیا تویتەری تایبەت بە خۆیان هەبووە و رۆژانەی چالاكی و كۆبوونەوەكانیان لێی بڵاو كردووەتەوە. بەڵام دوای بوون بە سەرۆكی ئەمەریكا، دۆناڵد ترەمپ بڕیارە هەرە گرنگەكانی لە تویتەر بڵاو دەكردەوە بە جۆرێك وەزیری كابینەكەی هەبووە لە تویتەرەوە زانیویەتی دوور خراوەتەوە!

بەكارهێنانی بەرفراوانی تویتەر لەلایەن ترەمپ، سەركردەكانی دنیا و میدیاكارانیشی ناچار كردووە رۆژانە دەیانجار سەردانی تویتەرەكەی بكەن بزانن سەرۆكی ئەمەریكا چ بڕیارێكی نوێی دەركردووە.

راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن و هەوڵەكان بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ، دەبێتە سەرەتایەك بۆ زیاتر ناساندنی تویتەرەكەی موقتەدا سەدر، بەهۆی ئەوەی لەوێوە زیاتر هەڵوێست و بڕیارەكانی بڵاو دەكاتەوە، بەشێك لە خەڵك لەو بڕوایەن سەدر لاسایی ترەمپ دەكاتەوە و بەشێكیش بە پێچەوانەوە دەڵێن تویتەكانی هی خۆی نین و كەسانی تر بۆی دەنووسن.

تویتەرەكەی موقتەدا سەدر مشتومڕی زۆری لە شەقامی عێراقی دروستكردووە، بەهۆی ئەوەی تویتەكانی لەرووی زمانەواییەوە وەزن و قافیە و رەوانە وەك ئەوەی بیەوێت لە پەنای تویتەكانی پڕوپاگەندەی "رۆشنبیرێكی رەوانبێژ" بۆ خۆی بكات، بەڵام شارەزایان پێیان وایە ئەوەی سەدر لە نووسینی تویتەكانی پەنا دەباتەبەر كەسانی تر بەجۆرێك شەقامی عێراقی بوروژێنێت.

هێشتا سەدر لەسەر ئاستی سیاسی جێگەی مشتومڕە، بەڵام ئێستە لە تویتەریش بووەتە جێگەی مشتومڕ كە بووەتە كەناڵێكی راگەیاندن بۆی و رۆژانە چەندان تویت بە زمانێكی پارا و رەسەن بڵاو دەكاتەوە.

تویتەرەكەی سەدر 189 هەزار فۆڵۆەر و فەیسبووكەكەشی كە بەناوی نووسینگەی تایبەتی سەماحەتی موقتەدا سەدرە نزیكەی 900 هەزار لایكی هەیە.

سەدر تەواوی تویتەكانی بە زانیاری زیاترەوە لە فەیسبووك بڵاو دەكاتەوە و وێنەی زیاتر و ڤیدیۆشی لەگەڵ دادەنێت، بەكارهێنەرانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیش لەسەر تویتەرەكەی سەدر بۆچوونی جیاوازییان هەیە، بەشێك لەو بڕوایەن، خەڵك برسیە كاتی نمایشی تویتەر نییە، هەندێك توانجی لێدەدەن و هەندێكیش پێیان وایە سەدر خۆی تویتەكان نانووسێت.
 
دیارترین تویتەكانی سەدر
موقتەدا سەدر تا ئێستە 83 تویتی كردووە و نیشانە شینەكەشی نییە، دیارترینیان كە لەگەڵ راگەیاندنی ئەنجامە سەرەتاییەكان بڵاوی كردەوە، ئەمە بوو  "ئێمەی "سائرون: بە "حكمە" و "وەتەنییە" "ئیرادە"ی گەل ویستمانە، "نەوەی نوێ" بنیاد دەنێنین و "گۆڕان"  بەرەو چاكسازی دەكەین، تا "قەرار" عێراقی بێت و "بەیارق" "نەسر" بەرز دەكەینەوە و بەغدا پایتەختی "هەویەتونامانە" و تا جموجۆڵەكانمان "دیموكراتی" بێت بەرەو دامەزراندنی حكوومەتێك كە كادرەكانی تەكنۆكرات بێت و بەحزبی نەكرێت".

ئەوەی لەم تویتەدا سەدر بەكار هێناوە، بە نزیكەیی ناوی زۆرینەی لیست و قەوارەكانە تەنیا دەوڵەتی قانون و فەتح نەبێت كە مالیكی و عامری سەركردایەتی دەكەن.

بەهۆی پاراستنی لایەنی زمانەوانی و وەزن و قافیە و رەوانبێژی، كە خاڵی مشتومڕە لەسەر تویتەكانی، یەكێك لە تویتەكانی تر كە گومان دەكرێت یەكێك بێت لە قسە بەناوبانگەكانی عەلی شەریعەتی و سەدر بە دەسكارییەوە تویتی كردووە، ئەمەیە " فلا تتوقعوا مني أي تخندق طائفي يعيد لنا الردى ويجدد العِدى.. بل نحو تحالف عراقي شامل، وتلك هي البشرى ولن نتنازل عن ذلك طول المدى".
هەر ئەو كەسەی توانجی لەسەر ئەو تویتەی سەدر هەیە، دەڵێ ماوەیەك پێش ئێستە تویتی رۆژنامەنووسێكیشی بردووە و بەدەستكارییەوە بڵاوی كردۆتەوە.
ئەو كەسە دەڵێ سەدر جێی سەرسڕمانە سیاسەت لە تویتەرەوە بەڕێوە دەبات، سەری لەو وڵاتانەش شێواندووە كە هەژموونیان بەسەر عێراقەوە هەیە وەك ئەمەریكا و ئێران، وای لێكردوون بە حیسبایاتی خۆیاندا بچنەوە.
 
یەكێكی تر كە توانجی لەسەر تویتەكانی سەدر هەیە دەڵێ تویتەكانی سەدر زۆر جێگەی سەرسڕمانن وا نیشانی دەكات كە ئێمە لە سویسڕا دەژین، بەو مانایەی ساڵی 2019 سەرۆك وەزیرانێك دەبینین وەك سەرۆكی هۆڵەندا بە پایسكل دەچێتە ناوچەی سەوز، عێراق هێندە سەقامگیر دەبێت بەم نزیكانە ئەوروپییەكان ئاوارەی عێراق دەبن و داوای رەگەزنامە دەكەن.

یەكێك لە تویتەكانی سەدر كە 13 هەزار بینەری هەبووە و زۆرترین ریتویتی هەبووە، ژمارەیەكی پێوانییە بۆ بەكاربەرێكی تویتەرێكی عێراقی، چونكە لە عێراق خواست زیاتر لەسەر فەیسبووكە كە تاێستە ژمارەی هاوبەشەكانی گەیشتووەتە 14 ملیۆن هاوبەش.
دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ عەممار حەكیم سەركردەی رەوتی حكمە، لە تویتێكدا گوتی "پۆست و كورسی بۆ خۆتان، با نیشتمانیش بۆ من بێت".

بە گشتی تویتەكانی سەدر رەخنەی زۆری لێدەگیردرێت لە رووی زمانەوانی و رەوانبێژی، باسم مستەفا دەڵێ سەدر كەسێكی عەقڵ سادە و بیركردنەوە سنووردارە، ئەو هێشتا نەیتوانیوە قۆناغی سەرەتایی خوێندن تەواو بكات، هێشتا ناتوانێت دوو رستە لەبەردەم شاشەی كەناڵەكان بڵێت، بۆیە بەلامەوە سەیرە خەڵك باوەڕ بكەن ئەو تویتانە سەدر خۆی دەنووسێت.

یەكێتی تر دەڵێ ئاڵنگاری موقتەدا سەدر دەكەم، ئەگەر بتوانێت ئەو دەستەواژانە بنووسێت،  گوتی "ئەوانەی بۆی دەنووسن و دەیانەوێت سەدر وەك رۆشنبیرێك و نیشتمان پەروەرێك پێمان بناسێنن ئەوا تاوان دەكەن".

تەنانەت بەشێك لە رۆژنامەنووسانیش گومانی ئەوەیان هەیە ئەو تویتانە خودی سەدر بیانووسێت، كۆكن لەسەر ئەوەی كەسێكی تر لەسەر وەزن و قافیە و رەوانبێژی و بە عەرەبیەكی پاراو بۆی دەنووسن.

یەكێك لە رۆژنامەنووسان كە قسەی بۆ "عەرەب" كردووە، دەڵێ ئاستی رۆشنبیری مەقتەدا لایی خەڵك ناسراوە، تەنانەت گوتارەكان و كاتێك بەرانبەر بە كامێرا قسە دەكات، پێمان دەڵێ ئەو كەسێكی لاوازە لە رووی زمانی عەرەبییەوە، بۆیە بەهیچ شێوەیەك ناچێتە عەقڵەوە ئەو بەو زمانە باڵایە تویت بكات لە تویتەر.

هاوكات ئیرادە جبوری مامۆستای كۆلیژی راگەیاندن لە زانكۆی بەغدا دەڵێ زۆرینەی ئەوانەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەكار دەهێنن لە گەنجان و هەرزەكارانن كە بەشی زۆریان دوای 2003 لەدایكبوونە، گوتی "بۆیە سیاسییەكان گرەو لەسەر بردنەوەی سۆزی ئەوان دەكەن و یاریشیان پێ دەكەن و سەرقاڵیان دەكەن بە سیاسەت تا بیر لە رەوشی تەناهی و خزمەتگوزارییەكان نەكەنەوە و رێگریش لە گەندەڵی نەگرن".

زیاتر گوتی "سوپایەكی ئەلیكترۆنی لە عێراق دروستبووە و كەسانی شارەزا بەڕێوەی دەبەن بۆ ئەوەی یاری بە رای گشتی بكەن".







وشە - فه‌رمان سادق