كاندیدی كورد بۆ وەرگرتنی پۆستی سەركۆماری عێراق دیاریی كرا

:: AM:11:56:26/05/2018 ‌
ڕۆژنامەیەكی كوێتی لە ڕاپۆرتێكدا ئاشكرای كرد، سەرەڕای گەرموگوڕی كۆبوونەوەكان لە بەغدا بۆ پێكهێنانی گەورەترین فراكسیۆن و یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق، لە هەولێریش كێبەركێ دروست بووە، لەسەر ئەوەی كێ پۆستی سەركۆماری عێراق وەربگرێ.

ڕۆژنامەی "ئەلرەئی" كوێتی بڵاوی كردووەتەوە، پارتی و یەكێتی لە هاوپەیمانی بەستن لەگەڵ هادی عامری و نووری مالیكی نزیك دەبنەوە، بۆ ئەوەی گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمانی دروست بكەن، هاوكات لەسەر پۆستی سەركۆماریش تا ئێستە لەسەر كاندیدێك یەكلا نەبوونەتەوە و بەڵكو ناوەكان زۆرن.

لە بەشێكی تری ڕاپۆرتەكە نووسیویەتی، بۆ وەرگرتنی سەركۆماری عێراق، ناوی نێچیرڤان بارزانی و فوئاد حوسێن و فوئاد مەعسووم و بەرهەم ساڵح دێت. مەعسووم و بەرهەم ساڵح ئەگەری وەرگرتنەوەی پۆستی سەركۆمارییان لاوازە، چونكە مەعسووم سەركەوتوو نەبوو لەوەی بەغدا ناچار بكات، بودجەی هەرێم ڕەوانە بكات، بەرهەم ساڵحیش لە لیستێكی جیایە و ئەستەمە پشتیوانی هەمووان بەدەست بێنێت.

ڕۆژنامەكە نووسیویەتی، بەڵام فوئاد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و نزیك لە مەسعوود بارزانی، باشترین چانسی وەرگرتنی ئەو پۆستەی هەیە و ئەو بە فەرمی سەر  بەهیچ یەكێك لەو دوو حزبە نییە، كاندیدكردنی نێچیرڤان بارزانیش بۆ ئەو پۆستە دەبێتە سوپرایزێك لە نێوان هەولێر و بەغدا، هیچ شتێك مەحاڵ نییە.



وشە - باز ئه‌حمه‌د