مەحموود سەنگاوی و چەند بەرپرسێكی تری یەكێتی دادگایی دەكرێن

:: PM:03:37:28/05/2018 ‌
هۆزی كەرەویییەكان كە هۆزێكی عەرەبی سوننەی بەعسین، سكاڵا لەسەر مەحموود سەنگاوی ئەندامی مەكتەبی سیاسی و چەند بەرپرسێكی تری باڵای یەكێتی تۆمار دەكەن، بۆ تۆمەتی دەستهەبوونی ئەو بەرپرسانەی یەكێتی لە ڕووخانی خانوو و ماڵەكانیان لە ناوچە كوردستانییە داگیركراوەكانی دیالە.

ئەبو زیاد یەكێك لە كەسایەتییەكانی هۆزی كەرەوی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، هۆكاری گرتنی بەڕێوەبەری شارەدێی گوڵاڵە كە شەش ڕۆژە لە گرتووخانەیە بەهۆی سكاڵای ئێمەوەیە، جیا لەو بەرپرسەیش، ئێمە سكاڵامان لەسەر مەحموود سەنگاوی ئەندامی مەكتەبی سیاسی و شێركۆ میروەیس ئەندامی سەركردایەتی و بەرپرسی مەڵبەندی خانەقین و خەلیل خودادا بەرپرسی كۆمیتەی یەكێتی لە گوڵاڵە تۆمار كردووە و سەرجەمیان دەدەینە دادگا.

زیاتر گوتی، هۆكاری سكاڵاكانمان بۆ داڕووخاندنی تەواوەتی گەڕەكی تەجنیدی شارەدێی جەلەولای سەر بە شارۆكەی خانەقینە، كە زیاتر لە 500 خانوو دەبێ و لە كاتی شەڕی داعش لەلایەن ئەوانەوە ڕووخێنراون.

خەلیل خودادا بەرپرسی كۆمیتەی یەكێتی لە گوڵاڵە بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئێمە لە كۆبوونەوەداین بۆ تاوتوێكردنی سكاڵای هۆزی كەرەوییەكان دژ بە ئێمە و بەرپرسانی تری یەكێتی، بۆ ئەو مەبەستەیش پارێزەرمان گرتووە و داكۆكی لە خۆمان دەكەین، چونكە ناوچەكە لە كاتی شەڕ زیانی پێ گەیشتووە، كەرەوییەكان بیانوو دەگرن و بە ئاشكرا دەڵێن، دەبێ كۆمیتەی یەكێتی نەگەڕێتەوە جەلەولا و پۆستی بەڕێوەبەری شارەدێی گوڵاڵەیش بە كەسێكی سەر بە خۆیان بدرێ.

كەرەوییەكان هۆزێكی عەرەبی سوننە مەزەون و لە كۆتای ساڵانی حەفتا لەلایەن ڕژێمی بەعسی ڕووخاوەوە، وەك عەرەبی هاوردە ڕەوانەی گوڵاڵە كران، تا كوردی لێ دەربكرێ و بە تەواوی ناوچەكە تەعریب بكەن، دوای ڕووخانی بەعسیش ئەوان بوونە هاوكاری قاعیدە و دواتریش دەستیان لەگەڵ ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش تێكەڵ كرد، دوای ڕزگاركردنەوەی گوڵاڵە لە دەستی تیرۆریستانی داعش لە 23 تشرینی دووەم/نۆڤێمبەر تەواوی ئەندامانی ئەو هۆزە بۆ باقووبەی ناوەندی پارێزگای دیالە ڕایان كرد. پاش خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر جارێكی تر گەڕانەوە ناوچەكە، دەستیان بە كوشتنی كورد و تاڵانی ماڵی كورد و سووتاندنی خانوو و دووكانەكان كرد، ئێستەیش بەرپرسانی باڵای یەكێتی دەدەنە دادگا.

گەرمیان/سەبری هۆرینی.



وشە - باز ئه‌حمه‌د