لیستێكی نوێی مووچە ڕادەگەیەندرێت

:: PM:08:53:30/05/2018 ‌
بڕیارە لەچەند سەعاتی داهاتوو لیستێكی بەرفرەوانی مووچە ڕابگەیەندرێت و لە ڕۆژی یەكشەم دەست دەكرێت بە دابەشكردنی مووچە و بەر لە جەژن بەشی زۆری وەزارەتەكان مووچە وەردەگرن.

ئەمڕۆ چوارشەم 30ـی ئایار، بەگوێرەی زانیارییەكانی "وشە"، سەرجەم گەنجینەكانی شار و شارۆكەكان ئاگەدار كراونەتەوە لە پێدانی مووچە لە ڕۆژی یەكشەم و تا 10 ڕۆژ مووچە بەشی زۆری وەزارەتەكان دابەش دەكرێت.

لە زانیارییەكاندا هاتووە، لە چەند سەعاتی داهاتوو ژووری ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووری لیستی مووچە ڕادەگەیەنێت بۆ سەرجەم وەزارەتەكان، تەنیا وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ و چەند دامەزراوەیەك دوای جەژن مووچە وەردەگرن.

لەبارەی پێدانی مووچە و بوونی پارە ئێستا لە زانیارییەكاندا هاتووە، بڕی ئەو پارەیەی لە بەغدا هاتووە بۆ مووچە ئامادەیە كە بڕەكەی 317 ملیار دینارە و بڕێك پارەی داهاتی ناوخۆییش بەردەستە لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە.

هاوكات ئەمڕۆ بەپێی ڕاگەیەندراوێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هاتووە، وەزیری دارایی هەرێم پابەندیی وەزارەتەكەی بە پرۆسەی دابەشكردنی مووچە دووپات كردەوە و ئاشكرای كرد هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشكردنی دەكرێت.

دابەشكردنی مووچە لەدوای ڕێككەوتنی هەولێر و بەغدا تا ڕادەیەك ئاسایی بووەتەوە و مانگانە دابەش دەكرێت.



وشە - رامیار جەواد