پێشمەرگە لە وەزارەتی دارایی نیگەرانن

:: AM:11:50:01/06/2018 ‌
بەهۆی دواخستنی دابەشكردنی مووچەكانیان لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە، پێشمەرگە نیگەرانی خۆیان دەردەبڕن و داوا دەكەن پێش هاتنی جەژن مووچەكانیان پێ بدرێت.

دوێنی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان خشتەی مووچەی فەرمانبەرانی ڕاگەیاند، بەڵام لەناو خشتەكەدا وادەی دابەشكردنی مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە دیاری نەكرابوو ئەوەیش نیگەرانی لێ‌ كەوتەوە.

لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا پێشمەرگە هاشتاگی " كوا مووچەی پێشمەرگە بۆ جەژن"یان ڕاگەیاندووە و داوا دەكەن مووچەكانیان بەر لە هاتنی جەژن وەربگرن.

شوان عەلی پێشمەرگەیەكی كوردستانە و بە "وشە"ی ڕاگەیاند، پێشتر كە شەڕ هەبوو وەزارەتی پێشمەرگە پێش هەموو وەزارەتەكانی تر مووچەی وەردەگرت، بەڵام ئێستە خراوەتە كۆتا وەزارەت لە خشتەی دابەشكردنی مووچە.

ئەو پێشمەرگەیە نیگەرانە لەو كارەی وەزارەتی دارایی و ئابووری و داوا دەكات پێشمەرگەیش هاوشێوەی وەزارەتەكانی تر مووچە وەربگرن.









وشە - سه‌رخێڵ هاشم