پارتى له‌سه‌ر مووچه‌ى پێشمه‌رگه‌ هاته‌ ده‌نگ

دوابەدوای ئەو ناڕەزاییانەی پێشمەرگە بەرانبەر وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەریان بڕی و "وشە" بڵاوی كردەوە، پەرلەمانتارێكی پارتی دیموكراتی كوردستان هاتە دەنگ.

ئەمڕۆ هەینی، فرسەت سۆفی پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان لە واڵی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك ڕای گەیاندووە، بۆ ئەوەی هەموومان بە یەكەوە ئەم جەژنە بكەین, دەبێ بە هەر رێگایەك بێت حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەر لە جەژن مووچەی پێشمەرگە قارەمانەكان و پۆلیس و هێزەكانی ناوخۆ و خانەنشینان بخاتە خشتەی دابەشكردنی موچە.

ئەو پەرلەمانتارەی پارتی دەڵێت، بۆ ئەم مەبەستەیش هەموو فشار و توانایەكمان دەخەینە گەڕ و "ناكرێت پێشمەرگە لە ریزبەندی یەكەمی موچە بچێتە ڕیزبەندی كۆتایی و دوای جەژن".

ئەوە لەكاتێكدایە كە ئەمڕۆ " وشە" هەواڵی نیگەرانی هێزی پێشمەرگەی لە وەزارەتی دارایی بڵاو كردەوە.

دوێنی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان خشتەی مووچەی فەرمانبەرانی ڕاگەیاند، بەڵام لەناو خشتەكەدا وادەی دابەشكردنی مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە دیاری نەكرابوو ئەوەیش نیگەرانی لێ‌ كەوتەوە.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم


PM:12:56:01/06/2018




ئه‌م بابه‌ته 16863 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌