بەپێی بڕیار پێشمەرگە دەبێتەوە یەكەم وەزارەت مووچە وەربگرێ‌

:: PM:02:15:01/06/2018 ‌
فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان ڕاگەیەنراوێكیان بڵاو كردەوە و ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، بەپێی بڕیاری ژمارە 19ی پەرلەمانی كوردستان دەبێ، پێشمەرگە لە ڕیزبەندی یەكەمی دابەشكردنی مووچە بێت.

ئەمڕۆ هەینی لە ڕاگەیەنراوێكدا فراكسیۆنی پارتی پێشمەرگە و هێزەكانی تەناهیی و خانەنشینان، دڵنیا دەكاتەوە كە هەموو هەوڵێك دەدەن پێش هاتنی جەژن مووچە وەربگرن.

فراكسیۆنی پارتی لە ڕاگەیەنراوەكەدا دەڵێن، لەگەڵ لایەنە پێوەندارەكانی حكوومەت لەسەر هێڵین بۆ ئەوەی بەهەر جۆرێك بێت، بەر لە جەژن مووچەی پێشمەرگە و خانەنشینان و هێزەكانی تەناهیی دابەش بكرێ".

لە ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، هەرچەند لەلایەن دەزگاكانی حكوومەت دڵنیاكراوینەتەوە كە بەپێی سیستەمی تازە 30 ڕۆژ جارێك مووچە دابەش دەكرێ، بەڵام دیسان پێشمەرگە كوردستان پارێزەكان و هێزە ئاسایش پارێزەكان و خانەنشینان دڵنیا دەكەینەوە كە هەوڵ و توانا و فشارەكانمان بۆ چارەسەری ئەو بابەتە بەردەوام دەبێت.

فراكسیۆنی پارتی دووپات لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە بەپێی بڕیاری ژمارە 19ی پەرلەمانی كوردستان دەبێ، پێشمەرگە لە ڕیزبەندی یەكەمی دابەشكردنی مووچە بێت نەك لە كۆتایی، بۆ ئەم مەبەستەیش هەوڵ و فشار و بەدواداچوونەكانی فراكسیۆنی پارتی بەردەوامن و بەردەوام دەبن.


ئەوە لەكاتێكدایە كە ئەمڕۆ " وشە" هەواڵی نیگەرانی هێزی پێشمەرگەی لە وەزارەتی دارایی بڵاو كردەوە.

دوێنی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان خشتەی مووچەی فەرمانبەرانی ڕاگەیاند، بەڵام لەناو خشتەكەدا وادەی دابەشكردنی مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە دیاری نەكرابوو ئەوەیش نیگەرانی لێ‌ كەوتەوە.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم