شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان سه‌ردانی به‌غدای كرد و له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانی و پارته سیاسییه‌كانی عێراق دیداری ساز كرد، ئه‌وان بۆچوونیان له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردن و داهاتووی پرۆسه‌ی سیاسی عێراق گۆڕییه‌وه.
شوان محه‌مه‌د ته‌ها به‌رپرسی لقی پێنجی پارتی و ئه‌ندامی شانده‌كه له دیدارێكی"وشه" رای گه‌یاند كه وه‌ك پارتی داوای هیچ پۆستمان نه‌كردووه و تا ئه‌و كاته‌ی سیسته‌می فه‌رمانڕه‌وایی له عێراق چاره‌سه‌ر نه‌كرێت، هه‌موو پۆسته‌كانی به‌غدا هی كورد بن سوودی لێ نابینێت.
*وه‌ك ئه‌ندامی شاندی پارتی بۆ به‌غدا كه دیدارتان له‌گه‌ڵ چه‌ندان لایه‌ن و لیست و هاوپه‌یمانی ساز كرد، له به‌غدا چی هه‌بوو و به‌كوێ گه‌یشتن؟
سه‌ردانی شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ به‌غدا له‌وه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتبوو تا بزانین دوای پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن پارته سیاسییه‌كانی عێراق به‌ره‌و كام ئاقار وڵات ده‌ڕانن، ئێمه له سه‌ردان و كۆبوونه‌وه‌كان هه‌وڵمان دا گوێ له‌وان بگرین و به‌گوێشیاندا بچرپێنین كه ئێمه به نیازی چین. له كۆبوونه‌وه‌كان كه سه‌ردانی هه‌موو لایه‌نێكی سیاسیمان كردووه، ته‌نانه‌ت ئه‌و كه‌سانه‌ی كه ره‌نگه پۆستیشیان نه‌بێت یان خۆیان كاندید نه‌كردووه، مه‌به‌ستمان نه‌بووه ده‌ستكه‌وتمان ده‌ست بكه‌وێت به‌قه‌د ئه‌وه‌ی ئێمه مه‌به‌ستی تایبه‌تی خۆمان هه‌بوو بۆ ئه‌وه‌ی چۆن بتوانین سیسته‌می فه‌رمانڕه‌وایی له عێراق راسته‌ڕی بكه‌ین.
تا ئێسته بیرۆكه‌ی یه‌كلاكردنه‌وه‌ی پێكهێنانی حكوومه‌تی ئاینده به‌شێوه‌یه‌كی شه‌رمنانه یان به ترس و دڵه‌ڕاوكێوه به‌ڕێوه ده‌چێت، وه‌ك شاندی پارتی بۆ مه‌به‌ستی خۆمان چووبووین و ویستمان بزانین ئه‌و لایه‌نه سیاسییانه‌ی ده‌یانه‌وێت حكوومه‌ت پێك بێنن، له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك پێكی دێنن، ئایا بنه‌مای هاوبه‌شی له عێراق جێبه‌جێ ده‌كرێ.
له‌باره‌ی دوور و نزیكی پارتی له لایه‌نه‌كان ئه‌وه پێوه‌سته به به‌رنامه‌ی ئه‌و حكوومه‌ته كه به‌رنامه‌ی حكوومه‌تی ئاینده‌مان لا گرنگتره له‌وه‌ی كێ ده‌بێته سه‌رۆكی حكوومه‌تی ئاینده، زیاتر ته‌ركیزمان له‌سه‌ر ئه‌و خاڵه كرد ئایا چه‌ندی دێته جێبه‌جێكردن؟ پێمان گوتن حكوومه‌ته له دوای یه‌كه‌كانی عێراق زۆر به‌ڵێن و پڕۆژه‌یان پێشكه‌ش كرد، به‌ڵام هیچیان جێبه‌جێ نه‌كرد، بۆیه دووپات‌مان له جێبه‌جێكردنی ئه‌و خاڵانه‌ی له‌سه‌ری رێك ده‌كه‌وین، كردووه‌ته‌وه.
*دید و بۆچوونی لایه‌نه سیاسییه‌كانی عه‌ره‌بی خاوه‌ن بڕیار و خواست و داواكارییه‌كانی كورد بۆ داهاتوو، چه‌ند له یه‌كتره‌وه نزیكن؟.
لایه‌نه سیاسییه‌كانی عه‌ره‌بی به شیعه و سوننه‌وه تا ئێسته بۆ خۆیان هیچیان پێشكه‌ش نه‌كردووه تا روون بێت چۆن ده‌ڕواننه وڵاتی خۆیان؟، چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ وڵاتی خۆیان ده‌كه‌ن؟، بۆ نموونه به‌سڕه به ده‌ست نه‌بوونی ئاوی خواردنه‌وه‌وه ده‌ناڵێنێت كه دابینكردنی ساده‌ترین مافی مرۆڤه، دۆخی باشووری عێراق له پاشاگه‌ردانیدایه به دۆخی سیاسی و بژێوی خه‌ڵكه‌كه‌یشه‌وه، بۆیه مه‌به‌ستمان لێره‌دا ئه‌وه‌یه بڵێین سیسته‌می فه‌رمانڕه‌وایی له عێراق سیسته‌مێكی ناته‌ندروسته و ناڕاسته و تا ئه‌و سیسته‌مه له عێراق راسته‌ڕێ نه‌كرێت، هیچ كێشه و ته‌نگژه‌یه‌ك چاره‌سه‌ر نابێت، بۆیه ده‌بینین چه‌ندان ساڵ له‌مه‌وبه‌ر سه‌رۆك بارزانی هه‌میشه پێداگری له‌سه‌ر ئه‌وه كردووه كه سیسته‌می فه‌رمانڕه‌وایی له عێراق راسته‌ڕێ ببێته‌وه. ئه‌گه‌ر ئه‌وه رووی دا، دوای ئه‌وه ده‌توانین كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ش چه‌ندان یاسا و رێسا هه‌ن و ده‌كرێت سیسته‌مه‌كه له‌سه‌ر بنه‌مای هاوبه‌شیی راسته‌ڕێ ببێت.
كێشه‌ی عێراق ته‌نیا كێشه‌ی كورد نییه، به‌ڵكو سیسته‌می فه‌رمانڕه‌وایی له عێراق لێواولێو و پڕه له كێشه و كێشه‌ی كورد و خه‌ڵكی كوردستانیش به‌شێكن له‌و كێشانه.
*مه‌رجه‌كانی كورد بۆ هاوپه‌یمانیكردن له به‌غدا چین؟ نه‌تانزانی كورد له كامه لایه‌ن و هاوپه‌یمانی نزیكه؟.
كورد نه مه‌رجی له‌سه‌ر كه‌س هه‌یه و نه مه‌رجیش له كه‌س قبووڵ ده‌كات، به‌ڵام تێڕوانینی ئێمه ئه‌وه‌یه سه‌یری پڕۆژه‌ی ئه‌و لایه‌نه سیاسییانه ده‌كه‌ین بزانین چۆن ده‌ڕواننه ئاینده‌ی عێراق و چۆن كێشه‌كانی كورد چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ن و چۆن ده‌ڕواننه پره‌نسیپی هاوبه‌شی؟، ئه‌و پڕۆژه و میكانیزمانه ده‌بنه پێوه‌ری ئه‌وه‌ی ئێمه له كێوه نزیكین یان دوورین و پێوه‌ری ترمان نییه.
*ئایا حكوومه‌تی نوێی عێراق به‌م نزیكانه دێته پێكهاتن و سیناریۆكانی چین و كێ نزیكتره له پێكهێنانی؟.
ره‌نگه پێشبینیكردن كارێكی سه‌خت بێت، ئێسته له عێراقدا سێ بیرۆكه هه‌ن كه مه‌رج نییه هه‌رسێكیان سه‌ر بگرن، به‌شێكیان داوا ده‌كه‌ن حه‌یده‌ر عه‌بادی ببێته‌وه سه‌رۆك وه‌زیران و به‌شێكیان له‌گه‌ڵ بوونی مالیكین به سه‌رۆك وه‌زیران، به‌شێكیشیان ده‌یانه‌وێت حزبی ده‌عوه نه‌یه‌ته‌وه ده‌سه‌ڵات، ئه‌وه وه‌ك بیرۆكه هه‌ن و دژ به‌یه‌ك ده‌ڕۆن، به‌ڵام له كۆی گشتیدا به‌پێی ئه‌و هاوكێشانه‌ی ئێسته له واقیعدا له به‌غدا هه‌ن، ره‌نگه پێكهێنانی حكوومه‌تی عێراقی هه‌روا كارێكی ئاسان نه‌بێت، ئه‌گه‌ریش نه‌یانتوانی حكوومه‌ت پێك بێنن، ئه‌وه رۆڵی ده‌ره‌كی به‌شێوه‌یه‌كی ئاسایی دێته گۆڕه‌پانه‌كه.
*سه‌نگی كورد و پارتی له به‌غدا ئێسته چۆنه له دوای هه‌ڵبژاردن، ئایا ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن پاڵپشتییه‌كی گه‌وره‌ی نه‌دایه سه‌نگ و رۆڵی كورد له به‌غدا؟
له‌باره‌ی سه‌نگ له به‌غدا پێم خۆش نییه ئه‌وه‌نده به شانوباڵی پارتی هه‌ڵ بده‌م، ئه‌وه سه‌نگی راسته‌قینه‌ی پارتییه كه هیچ پاڵه‌په‌ستۆیه‌ك ناتوانێت سه‌ری پێ دانوێنێت و نموونه‌ی مێژووییشمان بۆ ئه‌وه هه‌یه، ره‌نگه ئه‌گه‌ر دۆخه‌كه له‌بارتر بووایه پارتی كورسیی زیاتری ده‌هێنا و ئه‌گه‌ر سه‌یری پارتی بكه‌ی یه‌كه‌مین پارته له‌سه‌ر ئاستی عێراق كه زیاترین كورسی هه‌یه به چاوپۆشی له‌وه‌ی هه‌ڵوێستی له‌سه‌ر كه‌ركووك هه‌بوو و ئه‌گه‌ر له‌وێش به‌شدار بووایه سێ كورسی ده‌بوو.
به‌و مانایه‌ی ئێمه سه‌نگی پارتی به ژماره‌ی كورسیی نابینین، به‌قه‌د ئه‌وه‌ی سه‌نگی پارتی له قسه‌كانی سه‌رۆك بارزانی و به‌وه‌ی ئێسته له عێراق ده‌یبینین كه سه‌نگی پارتی له مێژووه‌كه‌ی و له هه‌ڵوێسته نیشتیمانییه‌كانیدایه. ده‌مه‌وێ باسی ئه‌وه بكه‌م كه ئه‌وه‌ی پارتی هێناویه‌تی سه‌نگی راسته‌قینه‌ی پارتییه و پیاهه‌ڵدانی ناوێت و پارتی له‌وه زیاتره كه هه‌یه‌تی و ئه‌گه‌ر وازی له كه‌ركووك نه‌هێنایه سێ كورسی تری ده‌هێنا، واته به هه‌ڵوێسته نیشتمانییه‌كه‌ی و به‌شداری نه‌كردنی له كه‌ركووكیشه‌وه، ئینجا یه‌كه‌م پارته له‌سه‌ر ئاستی عێراق، به‌ڵێ ئه‌وه پارتییه.
روونه كه هه‌موو لایه‌نه سیاسییه‌كان ناتوانن حكوومه‌ت پێك بێنن ئه‌گه‌ر یه‌كه‌م پارتی عێراق له به‌رچاو نه‌گرن، ئه‌وه خاڵێك. دووه‌م وه‌ك پێگه‌ی هه‌رێم و سه‌رۆك بارزانی له ناوچه‌كه روونه كه به‌كام ئاقاردا ده‌ڕوات، یه‌كێك له قسه‌كانی عه‌مار حه‌كیم راست و ره‌وان به ئێمه‌ی گوت كه به‌شداری له حكوومه‌تێكدا ناكه‌م كه پارتی دیموكراتی كوردستان به‌شداری تێدا نه‌كات.
*بۆ قۆناغی داهاتوو بڕیاره شاندی هاوپه‌یمانێتییه‌كانی به‌غدا سه‌ردانی هه‌رێم بكه‌ن، به‌رنامه‌كه چۆنه؟
من زانیاریم لا نییه، به‌ڵام له‌و هه‌فته‌یه و هه‌فته‌ی داهاتوو بێگومان كۆبوونه‌وه‌كان چڕتر ده‌بنه‌وه و خێراتر ده‌بن سه‌ردانی هه‌ردوولا زیاتر ده‌بن و به‌رده‌وامی ده‌بێت.
*جیا له سوننه و شیعه، ناوماڵی كورد له چ دۆخێكدایه و تا چه‌ند پێوه‌ندی له نێوان پارت و لایه‌نه كوردییه‌كان هه‌یه بۆ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ یه‌كتر و له‌گه‌ڵ به‌غدا؟
ناوماڵی كوردیش له‌وانی تر باشتر نییه وه‌ك پێكهاته‌كانی تری عێراق، به‌ڵام له دواجاردا پێویسته له‌سه‌ر ئه‌وه رێك بكه‌وین و دانوستان و گفتوگۆ بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین داهاتوو مسۆگه‌ر بكه‌ین، پارتی دیموكراتی كوردستان چه‌ندان جار داوای كردووه له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسییه‌كان دابنیشێت و ده‌رگه‌ی كراوه‌ته‌وه، به‌ڵام ناشكرێت كه پارتی یه‌كه‌م پارتی سیاسییه له عێراق سازش بۆ كه‌سێك بكات كه ته‌نیا كورسییه‌كی هه‌یه.
گوتم كه ئێمه سه‌ردانی هه‌ندێك كه‌سایه‌تیمان كردووه ره‌نگه به‌شداریشی نه‌كردبێت له هه‌ڵبژاردن یان كورسی به‌ده‌ست نه‌هێناوه، به‌ڵام ناكرێت هه‌ندێك لایه‌نی كۆمسیۆن و هه‌ندێك لایه‌نی سیاسی له كوردستان گله‌یییان له كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردن هه‌یه، هه‌رچه‌نده خۆیان ئه‌ندامیان تێیدا هه‌یه و پارتی ئه‌ندامی نه‌بوو، كه‌چی گله‌یییان هه‌یه، ئێمه‌ش گله‌ییمان هه‌یه، به‌ڵام گله‌ییكردن له كۆمسیۆن مانای ئه‌وه نییه كه تۆ له‌سه‌ر ئاینده‌ی وڵاتێك قسه نه‌كه‌یت، واته هه‌ندێك پاساوی ناسه‌نگین هه‌ن له‌لایه‌ن سیاسییه‌كانه‌وه به‌كار دێن، راستی ئه‌وه پێی ناگوترێت سیاسه‌ت. له‌باره‌ی دانیشتنی یه‌كێتی و پارتی له به‌غدا، لێكگه‌یشتن و بیروڕا گۆڕینه‌وه هه‌بوو.
* له‌باره‌ی كوردانی به‌غدا، چون ده‌كرێت كۆ بكرێنه‌وه و بۆ به‌رژه‌وه‌ندی كورد سوودیان لێ وه‌ربگیرێت، بۆچی له رابردوو ئه‌وه نه‌كراوه؟
زیاتر له 50 كاندیدی كورد له به‌غدا هه‌بوو كه نیشانه‌ی په‌رته‌وازه‌یی ماڵی كورده له به‌غدا، به‌ڵام ئه‌وه‌ش هۆی خۆی هه‌یه كه ره‌نگه هه‌ندێكیان پێوه‌ست بێت به پارته سیاسییه‌كانی كوردستان و هه‌ندێكیان به میزاجی كورد له به‌غدا، كێشه‌ی كوردانی فه‌یلی و وێڵ بوونه به‌دوای ناسنامه كه كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌یه، بۆیه ئه‌و بابه‌ته پێویستی به لێكۆڵینه‌وه هه‌یه. كێشه‌ی ئه‌وان ناسنامه‌یه و ره‌نگه پارته كوردستانییه‌كان وه‌ك پێویست گرنگییان به‌وان نه‌دابێت و خۆشیان كێشه‌ی بابه‌تییان هه‌یه، چونكه كوردی به‌غدا پێویستی به لێكۆڵینه‌وه هه‌یه.
*به‌ڵام بۆ یه‌كه‌م جار ده‌رچوونی كاندیدێكی كورد له به‌غدا، چۆن كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ن بۆ داهاتوو؟
له به‌غدا كاندیدێكی پارتی به‌ناوی ئازاد حه‌مید كه به‌رپرسی لیژنه‌ی ناوچه‌ی خانه‌قین بوو له لیستی سائیروون سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ست هێنا، ئێمه پرۆگرامی تایبه‌تمان هه‌یه بۆ ئه‌و بابه‌ته كه یه‌كه‌مجاره كوردێكی به‌غدا راسته‌وخۆ سه‌ربكه‌وێت، ئه‌وه‌ش جێی رێزه و ئه‌گه‌ر هاوئاهه‌نگی و خه‌مخواردن هه‌بێت و به پیر بابه‌تی كوردانی به‌غداوه بچین، به‌ڵێ كورد هه‌ن و پێشتریش ئه‌گه‌ر خه‌م بخورایه و گرنگی پێ بدرایه ره‌نگه له شاری كوتیش ده‌نگی كوردانی فه‌یلیمان به‌ده‌ست بهێنایه.
*به راگه‌یاندنه‌كانی عێراق له‌باره‌ی گفتوگۆكان له‌گه‌ڵ كورد، ئاماژه به‌وه ده‌كرێت كه كورد داوای پۆستی دیاریكراوی كردووه، وه‌ك وه‌زاره‌تی نه‌وت بۆ نموونه، ئه‌و قسانه چه‌ند راستن؟
وه‌ك پارتی له به‌غدا داوای هیچ پۆستمان نه‌كردووه و وه‌ك له سه‌ره‌تای قسه‌كانیش گوتم ئاماده نین وه‌ڵام و وه‌ڵامكاری سه‌رقاڵمان بكات، به‌ڵام داوای یه‌ك پۆستمان نه‌كردووه و ئه‌وه‌شی ده‌بێت به‌پێی حه‌قبه‌شی هه‌ڵبژاردن ده‌بێت و كه‌س خێرمان پێ ناكات، به‌ڵام داوای سیسته‌می فه‌رمانڕه‌واییمان كردووه كه تا ئه‌و كاته‌ی سیسته‌می فه‌رمانڕه‌وایی له عێراق چاره‌سه‌ر نه‌كرێت، هه‌موو پۆسته‌كانی به‌غدا هی كورد بن، كورد سوودی لێ نابینێت.