لەسەر سەركۆمار..باڵەكانی یەكێتی تەقەیان تێ كەوت

:: PM:12:33:03/06/2018 ‌
كۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەركردایەتی بۆ یەكلاكردنەوەی پۆستی سەركۆمار و بڕیاردانە لە كاندیدی حزبەكە، بۆ ئەو مەبەستەیش ناكۆكی لە نێوان باڵی بنەماڵەی تاڵەبانی و برایم ئەحمەد لەلایەكەوە و باڵی كۆسرەت ڕەسوول لەلایەكی ترەوە دروست بووە.

بەگوێرەی زانیارییەكانی "وشە" لە نێو خودی باڵی بنەماڵەیش گرفت دروست بووە، بە جۆرێك هێرۆ برایم ئەحمەد پشتیوانی دووبارە وەرگرتنەوەی پۆستی سەركۆمارە لەلایەن فوئاد مەعسووم، بەڵام شاناز برایم ئەحمەد لەگەڵ ئەوەیە هاوسەرەكەی واتە عەبدولەتیف ڕەشید پۆستەكە وەربگرێ و ئەویش ماوەیەك وەك خوشكە گەورەكەی ببێتە خانمی یەكەمی عێراق. باڵی كۆسرەت ڕەسووڵیش مەعسووم و ڕەشید بە تەواوی ڕەت دەكەنەوە.

زانیارییە دزەپێكراوەكانی ناو كۆبوونەوەی یەكێتی ئاماژە بەوە دەكەن، جیا لەو دوو كەسە، هەریەك لە عومەر فەتاح سەرۆكی پێشووی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و عیماد ئەحمەد و عەدنان موفتیش كاندیدن بۆ وەرگرتنی پۆستی سەركۆمار، پێشبینی دەكرێ چانسی عیماد ئەحمەد لە هەمووان زیاتر بێ و ئەو ببێتە كاندیدی حزبەكە.

بۆ یەكلابوونەوەی كاندیدی سەركۆمار پێویستە دەنگی زۆرینەی سەركردایەتی حزبەكە بەدەست بهێنێت، بەڵام تا ئێستە گفتوگۆیە و بڕیارە لەسەر كاندیدەكان نەدراوە، تا بخرێنە دەنگدانەوە.



وشە - باز ئه‌حمه‌د