ئەم هەفتەیە پەرلەمانی كوردستان بڕیارە گرنگەكە دەدات

:: PM:09:50:03/06/2018 ‌
كۆبوونەوەی لیژنەكانی دارایی و یاسایی پەرلەمانی كوردستان سبەی دووشەم كۆتایی دێت و ڕاپۆرتی كۆتایی لەسەر پڕۆژە یاسای چاكسازی و خانەنشینی ئامادە دەكرێت و ڕۆژی چوارشەم دەخرێتە دەنگدانەوە.

ئەمڕۆ یەكشەم سێی حوزەیران، ئامینە زكری ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، كۆبوونەوەی لیژنەكانی یاسایی و دارایی لە پەرلەمانی كوردستان سبەی كۆتایی دێت و ڕاپۆرتی كۆتایی دەدرێتە سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان.

ئەندامەكەی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، هەوڵێكی زۆر هەبوو كە ئەو پڕۆژە تێ نەپەڕێت و بمێنێتەوە، بەڵام دوای 80 ڕۆژ لە گفتوگۆ سەرجەم فڕاكسیۆنەكان گەیشتنە ئەو بڕیارەی كە پێویستە ئەو پڕۆژەیە ببێت بە یاسا.

زكری ئاشكرای كرد، ڕۆژی چوارشەم پێشبینی كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان دەكرێت و لە كۆبوونەوەكە پڕۆژەكە پەسەند بكرێت.

ڕێبوار سەعید، مامۆستای زانكۆ لەبارەی پڕۆژە یاسای چاكسازی بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئەگەر ڕۆژی چوارشەم ئەو پڕۆژەیە پەسەند بكرێت ئەوا پاشەكەوتی مووچە نامێنێت و فەرمانبەران لە مووچەی مانگی پێنج دەتوانن مووچەكانیان بێ‌ پاشەكەوت وەربگرن.

ئەو مامۆستایەی زانكۆ دەڵێت، ئەو یاساییە خزمەتێكی باش بە بواری چاكسازی دەكات و بڕی 150 ملیار دینار بۆ خەزێنەی دەوڵەت دەگەڕێنێتەوە.

پڕۆژە یاسای چاكسازی لە كۆتایی ساڵی 2017 لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاراستەی پەرلەمانی كوردستان كراوە.



وشە - رامیار جەواد