شەڕی كۆسرەت رەسووڵ و بنه‌ماڵه‌ی تاڵه‌بانی له‌ ته‌قینه‌وه‌ نزیكه‌

:: PM:04:22:05/06/2018 ‌

ئاڵۆزییەكانی ناو یەكێتی نیشتمانیی كوردستان زیاتر دەبێت و پێوەندییەكانی نێوان باڵی بنەماڵەی جەلال تاڵەبانی و كۆسرەت رەسووڵ لە تەقینەوەی گەورە نزیك دەبێتەوە. بەرپرسێكی باڵای یەكێتی دەڵێت، خەریكی خاوكردنەوەی كێشەكانین. به‌ڵام ئاماژه‌كان ئه‌وه‌ ده‌رده‌خه‌ن كه‌ چیتر کێشه‌کان وا نامێننه‌وه‌ و ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ هه‌یه‌ سه‌ر ب‌کێشێت بۆ ململانێی و په‌لاماری سه‌ربازی.

ماوەی چەند مانگێكە كێشەكانی ناو یەكێتی زیاتر بووە، بەتایبەت دوا بەدوای دانانی شاڵاو كۆسرەت رەسووڵ وەك بەرپرسی مەڵبەندی سێی هەولێر و هەوڵدان بۆ كۆنترۆڵكردنی یەكێتی لەلایەن چەند كەسێكی بنەماڵەی تاڵەبانییەوە كە بە قسەی سەرچاوەیەكی بەرپرسی ئەو حزبە، ئێستە هەموو هەوڵەكانیان بۆ دوورخستنەوە كۆسرەت رەسووڵ لە یەكێتی و بچوككردنەوەی, خستووەتە گەڕِ.

سەرچاوەیەك كە خۆی بە باڵی كۆسرەت رەسووڵ دەناسێنێت و پێی باش نەبوو ناوی بڵاو بكرێتەوە، بە"وشە"ی راگەیاند كە دۆخی ناوخۆی یەكێتی لە لێواری تەقینەوەیەكی گەورەدایە و كێشەكانی كاك كۆسرەت و بنەماڵەی تاڵەبانی زیاتر بوون. دووپاتیشی دەكاتەوە "پێش هەڵبژاردن چەند كەسێكی ناو بنەماڵەی تاڵەبانی هەوڵیان دا كۆسرەت رەسووڵ ببینن، بەڵام ئەو رەتی كردەوە بیانبینێت, لە ده‌ره‌وه‌ی كۆبوونەوەی گشتیی سەركردایەتی".
ئەو كەسە نزیكەی كۆسرەت رەسووڵ دەڵێ، "كاك كۆسرەت زۆر لە دۆخی ئێستەی یەكێتی نیگەرانە" بە تایبەت كە دەبینێت "لاهوور و بافڵ" لە هەندێك شوێن بەناوی یەكێتی قسە دەكەن و تەمسیلی یەكێتی دەكەن، تەنانەت نیگەرانە لەوەی كە لێدوان لەسەر داهاتووی یەكێتی و كۆنگرەی حزبەكەیان دەدەن.

ئه‌م گرژییانه‌ی به‌گوته‌ی سه‌رچاوه‌كه "ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ‌ ١٦ی ئۆکتۆبه‌ر كه‌ باڵی خیانه‌ت پیلانێکیان دانابوو بۆ کوشتنی کۆسره‌ت ره‌سوڵ، ته‌قه‌ له‌ ئۆتومبێله‌کانیشی کرا، به‌ڵام پێشتر هه‌ست به‌ پیلانێکه‌ کرابوو، بۆیه‌ لێزانانه‌ خۆی ده‌رباز کرد". 

به‌گوته‌ی سه‌ركرده‌كه‌ی نزیك كۆسره‌ت ره‌سوڵ "ئه‌وکات نه‌یانتوانی جه‌سته‌ییه‌ن بیکوژن، بۆیه‌ ئێسته‌ ده‌یانه‌وێت سیاسیه‌ن بیکوژن, به‌هۆی ئه‌وه‌ی كاك کۆسره‌ت به‌ربه‌ستی سه‌ره‌کی به‌رده‌م گرووپی ١٦ی ئۆکتۆبه‌ره‌، ئه‌گه‌رنا ئه‌و گرووپه‌ کوده‌تای سپی ده‌که‌ن به‌سه‌ر تێکۆشه‌رانی یه‌كێتیدا".
بەگوێرەی قسەی ئەو سەرچاوەیە، ئێستە دۆخێكی خراپ لەناو یەكێتیدا هەیە، بەڵام ئەمجارە وەك جارانی پێشوو نییە دۆستەكانی یەكێتی بیانەوێ‌ چارەسەری بكەن، بەڵكو هیچ كەسێك لە دۆستەكانی یەكێتی هەوڵی چارەسەری كێشەكانیان نەداوە. وه‌ك ئه‌و گوتی "بنەماڵەی تاڵەبانی دۆستی یەكێتییان نەهێشت تا كێشەكان چارەسەر بكرێن".

لە ڕابردوودا زۆرجار كێشەكانی ناوخۆی یەكێتی لەلایەن كەسایەتییە دیارەكانی كوردستان و سەرۆكی حزبەكانی تر و زۆر جاریش بەرپرسانی باڵای پارتی چارەسەرییان كردووە، ئەوكاتانەیشی كێشەكان قووڵ دەبوونەوە بۆ گرژی، ئێران بە پەلە دەگەیشتە سلێمانی، بەڵام ئەمجارە بەهۆی هاتنە پێشەوەی زەقی بنەماڵەی تاڵەبانی، پێ ناچێت كەس خۆی بكات بە خاوەنی كێشەكانی ناو یەكێتی.

عوسمان بانیمارانی كە وا ناوی ڕۆیشتووە زۆر لە هەوڵی چارەسەری كێشەی باڵەكانی ناو یەكێتیدایە، لەبارەی كێشە نوێییەكانی ناو حزبەكە, بۆ "وشە" دەڵێت، "باوەڕ ناكەم ئەمجارە كێشەكان چارەسەر ببن و هەر بەردەوام دەبن".

بانیمارانی گوتی، كێشەی باڵباڵێنی ناو یەكێتی كۆنە، بەڵام ئەمجارە باوەڕ ناكەم چارەسەر ببێت. لەبارەی هەوڵەكانیشی خۆیشی ئاماژەی بەوە دا "بە دڵنیایییەوە ئێمە قسەی خێر دەكەین لەسەر كێشەكان و دەمانەوێت ئەو دەنووك و دەنووككارییە نەمێنێت، چونكە ئەنجامی خراپی دەبێت".
عوسمان بانیمارانی پێشتر ئەندامی سەركردایەتی بوو، دەگوترا قسەكانی لەلایەن جەلال تاڵەبانی و كۆسرەت رەسووڵەوە ڕەت ناكرێتەوە، ئێستە لەناو یەكێتی هیچ پۆستێكی نییە، بەڵام سەرقاڵی ئاشتكردنەوەی باڵەكانە. ئەو لە لێدوانەكەیدا "ئومێدی بە چارەسەری كێشەكانی ناو یەكێتی نەبوو"، بەڵام گوتی، كێشەكانی ناو یەكێتی كاریگەری لەسەر سلێمانی هەیە و پێویستی بە چارەسەر هەیە.

"من بەردەوام لەگەڵ ماڵی تاڵەبانی قسە دەكەم بۆ ئەوەی ئەوان كاك كۆسرەت بە برا گەورە بزانن، ئەوانیش سەنگەر دژی كاك كۆسرەت ناگرن" ئەمە بە گوتەی بانیمارانی.

لەبارەی باسكردنی بەستنی كۆنگرەی یەكێتی كە چەند جارێك لێدوانی لەسەر دراوە و هێشتا كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی ئەو حزبەی لەسەر نەكراوە، عوسمان بانیمارانی ڕای گەیاند، كۆنگرە پێویستە، بەڵام گەنجەكانی ناو یەكێتی باسی دەكەن و نازانین چۆن دەكرێت!.
دووپاتیشی كردەوە كە كاك كۆسرەت و زۆر لە سەركردەكانی ناو یەكێتی نیگەرانن لە بارودۆخی حزبەكە، بەڵام كاك كۆسرەت ئێستە وەك سكرتێری یەكێتی وایە، هەرچەندە بارودۆخی تەندروستی هاوكار نییە.

كۆسرەت رەسووڵ كە جێگری سكرتێری گشتیی یەكێتییە و پێشتر لەگەڵ بەرهەم ساڵح ناوەندی بڕیاری دروست كرد و دواتر بەرهەم ساڵح بە یەكجاری جیابووەوە. بە قسەی سەرچاوە نزیكەكەی، "ئەگەر ئەوە هەیە نیگەرانییەكانی كۆسرەت رەسووڵ لە یەكێتی، ئەمجارە بگاتە ئاستی جیابوونەوە".
جیا لە خۆی كە كەسی یەكەمی یەكێتییە، كۆسرەت رەسووڵ كوڕێكی لە پشكی یەكێتی وەزیرە لەم كابینەی حكوومەت و كوڕێكی تریشی ئەندامی سەركردایەتی و بەرپرسی مەڵبەندی سێی هەولێرە، بەڵام كەمتر لەناو بڕیارەكانی یەكێتیدان بە بەراورد بە كوڕەكانی تاڵەبانی، ئەوەیش نەك لە ئاستی ناوخۆ، بەڵكو كادرانی سەربە هەردوولا بە ئاشكرا هەستی پێ دەكەن.

سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، نكۆڵی لە بوونی كێشە لەناو باڵەكانی یەكێتی ناكات. بەڵام بۆ "وشە" گوتی، ڕاستە كێشە هەبوون لە نێوان باڵەكانی یەكێتی، بەڵام خەریكە كاڵی دەكەینەوە.

پیرە باسی كۆنگرەی كرد و گوتی، هیچ وادەیەك بۆ كۆنگرە دیاری نەكراوە و بێگومان ئەوە پێویستی بە كۆبوونەوەی زۆر هەیە. ئەوەیش وەك ئاماژەیەك بۆ نیگەرانییەكانی ئەو سەركردانەی یەكێتی كە گوایە لە كۆنگرە حیسابیان بۆ ناكرێت.

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ساڵی 1975 دامەزراوە، هەر لە سەرەتاوە بە باڵباڵێن دەستی پێ كرد و ئێستە شەڕی باڵەكان گواستراوەتەوە بۆ نەوەیەكی تری ئەو حزبە.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم