كورد هاوپەیمانی لەگەڵ كێ دەبەستێ؟ نهێنییەكە ئاشكرابوو

:: AM:10:55:06/06/2018 ‌


رۆژ دوای رۆژ ئاماژەكانی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراقی لە نێوان هەردوو جەمسەری مالیكی و عەبادی دەردەكەون و لیست و قەوارەكانی تریش دابەشی سەر دوو جەمسەرەكە دەبن، بەڵام تا ئێستە روون نییە كورد دەچێتە كام بەرە. پارتی چاوی لەوەیە كامیان زیاتر سازشی بۆ كوردستان كرد پشتگیری لەو بكات.

بۆ هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق، لایەنە كوردستانییەكان بەیەكەوە 60 كورسیی پەرلەمانیان هەیە كە دەكاتە زۆرینە لەسەر ئاستی عێراق، بەڵام بەهۆی ساختەكاری لە هەڵبژاردن و ناڕازیبوونی چەند لایەنێكی كوردستانی لە ئەنجامەكە، بووە یەكەم بەربەست لە دروستكردنی هاوپەیمانی كوردستانی وەك چەترێك بۆ پاراستنی مافە دەستوورییەكانی كوردستان.

مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان كە حزبەكەی زۆرترین كورسی لە هەرێمی كوردستان بەدەست هێناوە، چاوی لەوەیە كورد پشتگیری لەو جەمسەرە بكات كە سازشی زیاتر بۆ مافەكانی هەرێمی كوردستان دەكات.

ئەو هەوڵەی بارزانی لە كاتێكدایە شاندی پارتی و دەوڵەتی یاسا لە كۆبوونەوە و دانوستاندنەكانیان قۆناغی باشیان بڕیوە، هاوكات چەند سەرچاوەیەكی سیاسی ئەوەش ئاشكرا دەكەن كە بارزانی لاری نییە لە بەستنی هاوپەیمانی لەگەڵ موقتەدا سەدر سەرۆكی هاوپەیمانی سائیروون بۆ پێكهێنانی لیستی گەورەی پەرلەمان.

چەند سەرچاوەیەكی نزیك لە پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشكرای دەكەن كە پارتی هێشتا بڕیاری كۆتای نەداوە و خۆیشی یەكلا نەكردووەتەوە، بەڵكو جووڵانەوەكانی بەغدا هەڵوێستی پارتی یەكلا دەكەنەوە كە دەچێتە كام جەمسەر. گوتی "پارتی نایەوێت لەگەڵ لیستێك هاوپەیمانی ببەستێت و دواتر نەتوانێت لیستی گەورەی پەرلەمانی پێك بهێنێت، بەڵام پارتی لە مالیكی نزیكە ئەگەر بتوانێت هاوپەیمانیەتی گەورەی پەرلەمانی دروست بكات".

 ئەو سەرچاوەیە كە قسەی بۆ "عەرەبی جەدید" كردووە، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد نزیكبوونی پارتی لە مالیكی مانای دووربوونی نییە لە موقتەدا سەدر و هاوپەیمانی سائیروون، بەڵكو بە پێچەوانەوە ئەگەر هاوپەیمانی سائیروون توانییان لیستی گەورەی پەرلەمانی پێكبهێنن، ئەوا پارتی پشتگیری لێ دەكات. گوتی "بنەمای پشتگیریكردن لە هەر جەمسەرێك لەو دوو جەمسەرە لای پارتی، زیاتر سازشكردنە بۆ مافەكانی كوردستان و دەستكەوتەكانی، بۆیە كامیان زیاتر سازش بكات ئەوا پارتی پشتگیری لەو دەكات".

ئەو سەرچاوە ئاگادارەی ناو پارتی ئاشكرای دەكات، تەنیا تێبینییەكی پارتی لەسەر حەیدەر عەبادی سەرۆكی هاوپەیمانی نەسڕ ئەوەیە كە عەبادی هێزی بردە ناو كەركووك و ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان. گوتی "پارتی رەنگە دەستبەرداری ئەو تێبینییەی ببێت ئەگەر بەغدا مەرجەكانی قبووڵ بكات و مادەی 140ی دەستووری جێبەجێ بكات و رێ لە هێزەكانی پێشمەرگە بدات بگەڕێنەوە ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان".

نزیكەی مانگێك بەسەر هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق تێپەڕیوە، هێشتا ئەنجامی هەڵبژاردنەكە پێشكەشی دادگای باڵای فیدڕاڵ نەكراوە و مشتومڕی زۆر لەسەر ئەنجامەكەی هەیە.

ئەگەرچی لە نێوان پارتی و یەكێتی هەوڵ و كۆبوونەوە و دانوستاندن هەیە بۆ دروستكردنەوەی هاوپەیمانی كوردستانی، بەڵام هێشتا ئەو هەوڵە هیچی لێ سەوز نەبووە.

بڕیار بوو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دوای كۆبوونەوەی سەركردایەتی شاندێكی سەردانی لایەنەكانی تر بكات بە تایبەت بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتووی ئیسلامی و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری بۆ هێوركردنەوەی رەوشەكە، چونكە ئەو لایەنانەی سەرەوە لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكە رازی نین و پێیان وایە دەنگیان دزراوە، سكاڵاشیان لە بەغدا تۆمار كردووە، قسەی ئێستەی ئەو لایەنانە ئەوەیە ئەگەر دەنگەكانیان بۆ نەگەڕێتەوە لە رێی هەژماركردنەوەی سەندوقەكان بە دەست، ئەوا بایكۆتی پرۆسەی سیاسی عێراق دەكەن.

پێ دەچێ ئەمە گرێكوێرەی بەردەمی پارتی و یەكێتی بێت بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانی كوردستانی كە لە خولی سێیەمی پەرلەمانی هاوپەیمانی كوردستانی پێك نەهێنرا و هەموو لیستە كوردستانییەكانیش كۆك بوون لەسەر ئەوەی نەبوونی هاوپەیمانیەتییەكە لە سەنگی كوردی كەم كردەوە و پەرتەوازەی كردوون.

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن هێشتا ئەنجامی هەڵبژاردنی رەوانەی دادگای باڵای فیدڕاڵ نەكردووە، چاوەڕێی بڕیاری لیژنەی باڵای دەرخستنی راستییەكانی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و بڕیارەكانی پەرلەمانی عێراق دەكات كە ئەگەر لە دانیشتنی ئەمڕۆ شەشی حوزەیران پەرلەمانتارە ناڕازییەكان بتوانن رێژەی یاسایی ئەندامان دابین بكەن و هەمواری یاسای هەڵبژاردن دەنگی لەسەر بدرێت، ئەوا دەستكراوە دەبێت بەرانبەر بە كۆمسیۆن تا ئاستی هەژماركردنەوەی 100%ی دەنگەكان بە دەست.

هەموو ئەو مانە رێگرن لەوەی كۆمسیۆن نەتوانێت ئەنجامەكە رەوانەی دادگا بكات، بەتایبەت دەنگۆی دوورخستنەوەی 15 كاندیدی

عەلی بەدری چاودێری سیاسی پێی وایە، هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا گرەو لەسەر بەدەستهێنانی دەنگی كورد دەكات بۆ بەهێزتركردنی بەرەی خۆی دژی جەمسەری سائیروون و نەسڕ، بۆ ئەمەش هەوڵەكانی بەردەوامە بۆ رازیكردنی لیستە بچووك و گەورەكاندایە.

بەدری كە قسەی بۆ "عەرەبی جەدید" كردووە، دەڵێ مالیكی راستەوخۆ پشتی بە ئێران بەستووە، بەڵام كوردەكان وەها ناڕواننە گرژی و ململانێی نێوان جەمسەری ئێرانی و جەمسەرەكەی تر كە سەدر و عەبادی سەركردایەتی دەكەن، بەڵكو كورد لە روانگەی بەرژەوەندییەكانی دەڕوانێتە پرسەكە.



وشە - فه‌رمان سادق