ناسری حیسامی نووسه‌ر و وه‌رگێڕ، له 1959 له شێخاڵی ناوچه‌ی موكریان له دایك بووه. له شێخاڵی، كۆنه‌مه‌ڵاله‌ر، بۆكان، نه‌غه‌ده و كه‌ره‌ج خوێندوویه‌تی. ساڵی 1978 بووه‌ته ئه‌ندامی یه‌كێتیی قوتابییانی كوردستان و سه‌رنووسه‌ری گۆڤاری ئه‌و رێكخراوه به زمانی فارسی. ساڵی 1980 وه‌ك هاوكاری "جه‌معییه‌تی دیموكراتی موعه‌لیمانی موبارز" له بۆكان، له به‌ڕێوه‌بردنی چه‌ندان خولی فێركردنی خوێندن و نووسینی زمانی كوردیدا به‌شداری كردووه. له ده‌یان گۆڤار و رادیۆ و پێگه‌ی تردا رۆڵی بینیوه. "وشه" ئه‌م دیمانه‌یه‌ی له‌گه‌ڵدا ساز كردووه.
* ئه‌گه‌ر ئه‌ده‌ب به‌گشتى و شیعر به تایبه‌ت ده‌رهاوێشته‌ی گه‌ڕان به‌دوای پرسیار و خوڵقاندنی گومان بێت، ئایا چى ده‌بێته وه‌ڵام و وه‌ڵامه‌كان ده‌كه‌ونه كوێى ده‌قه‌كانه‌وه؟
من پێم وا نییه هه‌موو ده‌قێكی ئه‌ده‌بی، یان ته‌نانه‌ت به‌شێكی گه‌وره‌ی ده‌قی ئه‌ده‌بی بۆ ورووژاندنی ئه‌و پرسیار و گومانانه، یان بۆ دۆزینه‌وه‌ی وه‌ڵامه‌كانیان بخوڵقێنرێن. ته‌نیا به‌شێكی دیاریكراوی نووسه‌ران به‌و ڕوانینه فه‌لسه‌فییه‌وه ده‌ست ده‌ده‌نه نووسین. زۆر به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی هه‌ن له بابه‌تی هه‌نووكه‌یتر و موجه‌ڕه‌دتر ده‌دوێن.
*پێوه‌ندی زمانی ڕاستگۆیی و رۆحی ئیستاتیكا تا چ ئه‌ندازه‌یه‌ك كاریگه‌ره بۆ به‌رهه‌مهێنانی شیعرییه‌ت، له كاتێكدا ئه‌ده‌ب به گشتی و شیعر به تایبه‌تی، ڕاسته‌قینه‌یه‌كی پڕ وه‌همه، تۆ ڕوانینت بۆ ئه‌مه چییه؟
به‌بێ ڕاستگۆیی، به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی ناخوڵقێ. پێشینان ده‌یانگوت ئه‌و قسه‌یه‌ی له دڵه‌وه بێ، له دڵ ده‌نیشێ. نووسه‌رێك كه له زاتی خۆیه‌وه نه‌دوێ، ده‌روونی شتێك بڵێ و به‌رهه‌مه‌كه‌ی شتێكی تر بڵێ، وه‌ك كه‌سێكی ناڕاست ده‌ناسرێ، بۆیه به تاك ده‌كه‌وێته‌وه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست له پرسیاره‌كه جیاوازی وه‌هم و حه‌قیقه‌ت بێ، ئه‌وه باسێكی تره. دیاره هه‌ر كه‌س له وه‌همی خۆیه‌وه ده‌دوێ، به‌ڵام سه‌ره‌نجام ئه‌و به‌رهه‌مه سه‌رنجی زیاتر ڕاده‌كێشێ كه خه‌ڵك و خوێنه‌ر پێیان وابێ له حه‌قیقه‌ت نزیكتره. یان به جۆرێكی تر بڵێین له وه‌همی خوێنه‌ر نزیكتر بێ.
ئه‌ده‌ب و شیعر به شوێنێكی گونجاو بۆ ململانێ و به‌ره‌نگاربوونه‌وه، یان به ئامێرێكی گونجاو بۆ ململانێ و به‌شه‌ڕ هاتن نازانم. شاعیر زیاتر ڕیوایه‌ت ده‌كات و ده‌گێڕێته‌وه. به خه‌مه‌وه، به حه‌ماسه‌وه، به سكاڵاوه، به نه‌فرینه‌وه، به گله‌یییه‌وه. به‌ڵام ڕاسته‌وخۆ شه‌ڕ ناكات. له‌و به‌شه‌ی ئه‌ده‌بیشدا كه پێی ده‌گوترێ ئه‌ده‌بی به‌رگری و شاعیر یان نووسه‌ر ڕاسته‌وخۆتر دێته مه‌یدانی ململانێ، به هه‌ر ئاستێك ڕاسته‌وخۆ ململانێ ده‌كات، به هه‌مان ئاستیش له جه‌وهه‌ری شیعر دوور ده‌كه‌وێته‌وه.
*شاعیرانی كورد هه‌میشه ئه‌ركی تریان بینیوه كه له ئاینده‌دا زیانی به‌ژێرخانی شیعرییه‌ت گه‌یاندووه، ئایا ئه‌م زیانه به تۆ نه‌گه‌یشتووه؟
ناتوانم بڵێم شاعیری كورد هه‌میشه ئه‌ركی تریان بینیوه. به‌شێك له شاعیرانی كورد، جاری وا هه‌بووه شیعریان له‌گه‌ڵ خۆیان بردووه‌ته مه‌یدانی خه‌بات. به‌ڵام ئاشكرایه ئه‌و شیعره‌ی ئه‌و كارایییه‌ی هه‌یه، جۆرێكی تایبه‌تی شیعره. هه‌ندێك كه‌س ده‌ڵێن ئه‌وه هه‌ر شیعر نییه. به‌ڵام ناوه‌كه‌ی هه‌رچی بێ، كه‌ڵكی خۆی هه‌یه. ئه‌وه هه‌ڵبه‌ت جێی شیعر ناگرێته‌وه. ئه‌گه‌ر كه‌سێك ته‌نیا له‌و چه‌شنه به‌رهه‌مه‌ی له پاش به‌جێ بمێنێ، دیاره شتی به نرخی له دوای خۆی به‌جێ هێشتووه، به‌ڵام ئه‌و شته به‌نرخه، شیعر نییه. یانی ئه‌و كه‌سه شیعری له دوای خۆی به‌جێ نه‌هێشتووه. له‌وانه‌یه كه‌سێك بڵێ ئه‌وه زیانی كردووه. ئه‌گه‌ر ئه‌وه به زیان بزانین، به‌ڵێ منیش ئه‌و زیانه‌م كردووه. به‌ڵام هه‌موو به‌رهه‌مه‌كانی من له‌و چه‌شنه نین. شیعریشم هه‌یه و به‌رهه‌می وایش كه بۆ وه‌ڵامدانه‌وه به پێویستی خه‌باتكارانه نووسراون و سه‌رده‌مێك كاریگه‌رییان هه‌بووه، به‌ڵام نه ناوه‌ڕۆكیان به‌قه‌د شیعر خیاڵ بزوێنه، نه ته‌مه‌نیان به‌قه‌د شیعر درێژه.
*ئه‌ی ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت لێكۆڵینه‌وه له‌سه‌ر ده‌قی شاعیرێك بكه‌ین سه‌ره‌تا چۆن بتوانین له رۆحیه‌تی ده‌قه‌كه نزیك ببینه‌وه؟ یاخۆ چی كۆمه‌كمان ده‌كات كرۆكی ده‌قه‌كه جوانتر نیشانی خوێنه‌ر بده‌ین؟
ئێسته ماوه‌یه‌كه ئه‌وه بووه‌ته باو كه گوایه شیعر ده‌بێ شی بكرێته‌وه و لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر بكرێ و له ده‌قه‌كه‌ی نزیك بیته‌وه. من ئه‌وه به پێویست نازانم. هه‌زاران ساڵه شیعر هه‌یه و كه‌سیش كرۆكی شی نه‌كردوونه‌وه. شیعر ده‌بێ تامی هه‌بێ، جوانی تێدابێ، مانای ورد و باریكی تێدا بێ و مرۆڤ بتوانێ ئه‌وانه هه‌ست پێ بكات. چ پێویسته كه‌سێك بێ كرۆكی شیعرێك بۆ خه‌ڵكی تر شی بكاته‌وه؟ هه‌ڵسه‌نگاندنی شیعری هه‌ڵبه‌ت له كۆنه‌وه هه‌بووه. به‌ڵام ئه‌وه ته‌نیا كاری ڕه‌خنه‌گری شیعره. بۆ هه‌موو شیعرێكیش پێویست نییه. هه‌ست ده‌كه‌م ماوه‌یه‌كه له جیاتی تام و بۆنی شیعر، زیاتر باسی كرۆكی شیعر و پێكهاته‌ی ده‌ق و شتی تری له‌م بابه‌ته ده‌كرێ، به بڕوای من ئه‌وه دووركه‌وتنه‌وه‌یه له شیعر.
*فه‌رهه‌نگی یه‌كگرتووی كوردی (له رووی زاراوه‌سازییه‌وه) ده‌وڵه‌مه‌نده. لێره‌وه ده‌پرسین ئایا ناوه‌ندی رۆشنبیری كوردی خاوه‌ن زمانێكی یه‌كگرتووی ئه‌ده‌بییه؟
به داخه‌وه هێشتا به ته‌واوی خاوه‌نی زمانی یه‌كگرتوو نین، به‌ڵام لێی نزیكین.
*ئایا ئه‌و گیروگرفتانه چین له نێوان پرۆسه‌ی ئه‌ده‌ب و رێزمانی كوردیدا سه‌ر هه‌ڵده‌ده‌ن؟ لێره‌دا زمانی ستاندارد رۆڵی چی ده‌بینێت؟ ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت زمانی ستانداردمان هه‌بێت ده‌بێت سه‌ره‌تا له چییه‌وه ده‌ست پێ بكه‌ین و چۆن كاری بۆ بكه‌ین؟
زمان گرنگترین كه‌ره‌سته و مه‌یدانی خوڵقانی به‌رهه‌می ئه‌ده‌بییه. به‌بێ زمانێكی ڕه‌سا، به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی ناخوڵقێ. ناڕه‌سایی و ناكارایی زمان، زۆرجار گرفت بۆ نووسه‌ران دروست ده‌كات. هه‌ڵبه‌ت بۆ خوڵقاندنی هه‌موو ده‌قێكی ئه‌ده‌بی زمانی ستاندارد پێویست نییه. ده‌قی ئه‌ده‌بی خۆی زمانی گونجاو ده‌بینێته‌وه و مه‌رج نییه هه‌ر زمانی ستاندارد بێ. دیاره به‌شی گه‌وره‌ی ئه‌ده‌بیاتی هه‌ر میله‌تێك به زمانی ستاندارد ده‌نووسرێ.
بۆ ئه‌وه‌ی ببین به خاوه‌نی زمانی ستاندارد، پێش هه‌موو شتێك ئیراده‌ی نیشتمانی و بڕیاری سیاسی پێویسته. مه‌رجه‌كانی تری زمانی ستاندارد له لای ئێمه هه‌موویان هه‌ن.
*ئایا بۆ كردنه‌وه‌ی كۆده نهێنییه‌كانی نووسینی هه‌ر نووسه‌رێك چی ده‌بێت به ده‌ستپێكی كۆمه‌ككاریمان؟ لێره‌دا وه‌گه‌ڕخستنی ره‌مز، چۆن له‌ناو پرۆسه‌ی نووسیندا ده‌كه‌وێته‌وه؟
ئه‌گه‌ر نووسه‌رێك ئه‌وه‌نده گرنگیی له كۆمه‌ڵگه‌ی خۆیدا په‌یدا كرد كه خه‌ڵك به دوای كۆده نهێنییه‌كانی به‌رهه‌مه‌كانیدا بگه‌ڕێن، هه‌ر به‌رهه‌مه‌كانی كلیله‌كه‌یش به‌ده‌سته‌وه ده‌ده‌ن. سه‌ری خۆ ئێشاندنه به دوای كۆدی نهێنیی به‌رهه‌می هه‌موو نووسه‌رێكدا بگه‌ڕێین. هه‌ندێك نووسین هه‌ن نه كۆدی نهێنییان هه‌یه نه هی ئاشكرا، یانی هه‌ر له بناغه‌دا ناوه‌ڕۆكێكی به سامان و سه‌ره‌وبه‌ریان نییه.
*ئایا له ئه‌ده‌بی ئه‌مڕۆی كوریدا ئه‌ده‌بێك بوونی هه‌یه، به‌ناوی ئه‌ده‌بی سیاسی؟
به‌ڵێ. ئه‌ده‌بی سیاسی به‌شێكی گه‌وره‌ی ئه‌ده‌بی كوردی پێك دێنێ. كه ده‌ڵێین ئه‌ده‌بی سیاسی، مه‌به‌ست ته‌نیا ئه‌و به‌رهه‌مانه نین كه بایه‌خی ئه‌ده‌بییان هه‌یه. ئه‌ده‌بیاتی سیاسی به هه‌موو ئه‌و نووسراوانه ده‌گوترێ كه ناوه‌ڕۆكیان سیاسییه. له بڕیارنامه و به‌ڵگه‌ی په‌سندكراوی حزبه‌كانه‌وه، هه‌تا ڕۆژنامه‌كانیان هه‌تا بیره‌وه‌ریی و لێكدانه‌وه‌ی ڕابه‌ران و چالاكانی سیاسی و سیاسه‌توانان. به‌شێك له‌وانه، جگه‌له‌وه‌ی به گشتی له خانه‌ی ئه‌ده‌بیاتی سیاسیدان، به تایبه‌تیش خاوه‌نی بایه‌خی ئه‌ده‌بین.
من ناوچه‌گه‌ری له ئه‌ده‌بی كوردیدا هێنده به به‌رین نابینم. به‌شێكی به‌رچاوی ئه‌ده‌بی كوردی هه‌یه كه هیچ نیشانه‌یه‌كی ناوچه‌گه‌ری پێوه دیار نییه. به‌ڵام له‌و جێیه‌ی ناوچه‌گه‌ری هه‌یه ده‌سه‌ڵاتی سیاسیش ڕۆڵی تێیدا هه‌یه.
وشه/ هه‌ولێر- غه‌مگین خدر