شاهۆ عوسمان نووسه‌ر و وه‌رگێڕی بواری فه‌لسه‌فه له‌م گفتوگۆیه‌ی "وشه"دا وه‌ڵامی ئه‌وه ده‌داته‌وه كه بۆچی فه‌یله‌سووف كه‌متر ئاوڕیان له عیشق داوه‌ته‌وه و له‌باره‌یه‌وه به وردی نهیاننووسیوه، ئه‌و ده‌ڵێ ڕه‌نگه خۆشه‌ویستی تاكه چه‌مك بێت كه فه‌یله‌سووف كه‌متر به‌ركه‌وتنیان له‌گه‌ڵیدا هه‌بووه. له كاتێكدا به دیوه‌كه‌ی تردا عیشق بنه‌مای فهلسهفهكارییه و به دیوێكی تریشدا تاكه بابه‌تی شاراوه و تاریكی ناو فه‌لسه‌فه‌یه.
جاروبار لێره‌وله‌وێ ئه‌وه‌م لا دروست ده‌بێت كه له‌ناو زۆربه‌ی ئایدیاكاندا ده‌گه‌یته‌وه ئه‌وه‌ی بۆچی عیشق و فه‌لسه‌فه پێكه‌وه كۆ نابنه‌وه، یان باشتره بڵێم عیشق زۆر كه‌ره‌سته‌ی فه‌لسه‌فه نییه. بۆچی كایه‌ی عیشق كه پێویستییه‌كی گرنگ و حه‌تمی مرۆڤه به‌شێك نییه له كاری فه‌یله‌سووفان؟ له كاتێكدا مرۆڤ كاتێك ده‌گه‌ڕێ بۆ عیشق له‌ناو فه‌لسه‌فه‌دا ده‌بینی له به‌یت و بالۆره و پهندانی فۆلكۆریدا زۆرتر هه‌ن تا له‌ناو فه‌لسه‌فه‌دا. تۆ ته‌ماشاكه فه‌لسه‌فه تا شوپنهاوه‌ر عیشق وه‌ك ماده‌یه‌ك ده‌كه‌وێته به‌رچاو كه هێشتا هه‌سته‌كه‌ی ئه‌زموون نه‌كراوه. له كاتێكدا فه‌لسه‌فه له گریكدا له‌گه‌ڵ بابه‌تی عیشقدا په‌یدا بووه. وێنه‌ی رووتی ڤینۆس له ده‌ره‌وه‌ی كه‌وڵه‌كه‌ی خۆی رهمزهكهیهتی. هاوكات سوكرات دووپات ده‌كاته‌وه هه‌موو ئه‌و بابه‌تانه‌ی له خوانی ئه‌فڵاتووندا باس ده‌كرێن پێوه‌سته بهئیرۆسهوه. ئه‌گه‌رچی عیشق و خۆشه‌ویستی لای زۆرینه‌ی مرۆڤ دۆخێكی چاره‌نووسسازی به‌خته‌وه‌رییه، به‌ڵام فه‌یله‌سووف بهسڵكردن و پارێزه‌وه وروژاندوویانه، بۆچی؟.
عیشق پێوه‌ندی به ئازادییه‌وه هه‌یه و به‌بێ ئازادی شتێك نییه ناوی عیشق بێت. ئازادی واته گه‌وره‌بوونی مه‌ساحه‌ی ناوه‌وه‌ی مرۆڤ. ناوه‌وه‌ی مرۆڤ به‌چی گه‌وره ده‌بێت؟ ناوه‌وه‌ی مرۆڤ به گه‌ڕانه‌وه بۆ خۆی گه‌وره ده‌بێت، گه‌ڕانه‌وه له كوێوه؟ مرۆڤ ده‌بێت له ده‌ره‌وه‌ی خۆیه‌وه بگه‌ڕێته‌وه بۆ ناوه‌وه‌ی خۆی. ئه‌مه چۆن ڕوو ده‌دات؟ ده‌بێت بۆ ئه‌م پرۆسه‌یه پشت به گێڕانه‌وه‌كه‌ی دایۆتیما ببه‌ستین له‌باره‌ی عیشقه‌وه.
عیشق پێوه‌ندییه‌كی ئیستاتیكییه نه‌ك ئیرۆتیكی. پێوه‌ندی ئیستاتیكی پێوه‌ندییه به كه‌ره‌سته ناوه‌كییه‌كانه‌وه، له كاتێكدا پێوه‌ندییه ئیرۆتیكییه‌كان پێوه‌ندن به كه‌ره‌سته ده‌ره‌كییه‌كان. له هه‌ر پێوه‌ندییه‌كدا ده‌ره‌وه‌ی مرۆڤ فه‌رامۆش كرا، پێوه‌ندییه‌كه ئیستاتیكی ده‌بێت و له عیشقه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت. به پێچه‌وانه‌شه‌وه پێوه‌ندییه‌كه ئیرۆتیكی ده‌بێت و ئه‌وه‌ی به‌سه‌ریدا زاڵ ده‌بێت خواسته هه‌سته‌كییه مرۆڤ ده‌بێت.
لای پارمێنیدس ئێرۆس (Eros) كۆنترین خوداوه‌ندی دنیایه.
پلاتۆ(Plato) ده‌ڵێت: ئێرۆس و فه‌لسه‌فه پێكه‌وه تاكه یه‌ك سه‌رچاوه‌یان هه‌یه.
ئێرۆس لای پلاتۆ ده‌كه‌وێته نێوان مه‌عریفه و جه‌هله‌وه.
ڕه‌نگه خۆشه‌ویستی تاكه چه‌مك بێت كه فه‌یله‌سووف كه‌متر به‌ركه‌وتنیان له‌گه‌ڵیدا هه‌بووه. له كاتێكدا به دیوه‌كه‌ی تردا عیشق بنه‌مای فهلسهفهكارییه و به دیوێكی ترییشدا تاكه بابه‌تی شاراوه و تاریكی ناو فه‌لسه‌فه‌یه. فه‌لسه‌فه خۆی به‌مانای ئه‌وه دێت كه یه‌كێك به ته‌واوی عاشقی ئه‌وه بێت كه هه‌ر خۆیه‌تی و تاقانه و تاكه. به‌بێ ئه‌م عیشقه بۆ هه‌ر خۆیی و تاقانه‌یی، فه‌لسه‌فه ناكه‌وێته سه‌رپێی خۆی.
پێوه‌ندی فه‌لسه‌فه به عیشقه‌وه سه‌ره‌تا پێوه‌ندییه به ئیرۆسه‌وه، چونكه ئیرۆس له خۆیدا هه‌ڵگری ماناكانی هه‌ریه‌كه له خۆشه‌ویستی (ئاگاپێ) و هاوڕێیه‌ت (فیلیا)یه.
عیشق وه‌ك بابه‌ت، فه‌لسه‌فه ئیشی له‌سه‌ر نه‌كردووه، واته وه‌ك ئه‌وه‌ی چۆن ئیش له‌سه‌ر هه‌ر چه‌مكێكی وه‌ك عه‌داله‌ت یان هاوڕێیه‌تی یان هه‌ر چه‌مكێكی تر ده‌كات. وه‌ك ئه‌وه‌ی تۆ ده‌ڵێی عه‌شق نه‌بووه‌ته كه‌ره‌سته‌ی فه‌لسه‌فه. راستییه‌كه‌ی فه‌لسه‌فه بۆ خۆی كه‌ره‌سته‌ی نییه و هیچ شتێك نابێته كه‌ره‌سته‌ی فه‌لسه‌فه، چونكه كه‌ره‌سته خۆی ئه‌وه له زه‌ینماندا ده‌چه‌سپێنێت كه فه‌لسه‌فه وابه‌سته‌یه به كۆمه‌ڵێك كه‌ره‌سته‌وه. هه‌ر شتێكی وابه‌سته‌ش به‌بێ كه‌ره‌سته‌كانی ناتوانێت وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌یه هه‌بێت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر به دیوێكی تردا ته‌ماشای فه‌لسه‌فه بكه‌ین، واته به‌و دیوه‌یدا كه سیسته‌مه فه‌لسه‌فییه‌كه‌ی ڕاگرتووه، جگه له عیشق هیچی تربهدی ناكه‌ین. وه‌ك ئه‌وه‌ی پارمێنیدس ده‌ڵێت: عیشق یان ئیرۆس كۆنترین خواوه‌ندی گه‌ردوونه. پلاتۆ ده‌ڵێ: عیشق و فه‌لسه‌فه تاكه یه‌ك سه‌رچاوه‌یان هه‌یه، واته هه‌ریه‌كه له عیشق و فه‌لسه‌فه له یه‌ك سه‌رچاوه‌وه دێن. پرسیاره‌كه لێره‌دا ئه‌وه‌یه كه ئه‌و سه‌رچاوه‌یه كامه‌یه كه عیشقی لێوه دێت یان به مانایه‌كی تر عیشق له چییه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت. به‌پێی گوته‌كه‌ی پلاتۆ بێت ئه‌و سه‌رچاوه‌یه هه‌مان سه‌رچاوه‌ی فه‌لسه‌فه‌یشه. بۆ ئه‌وه‌ی له عیشق تێبگه‌ین ده‌بێت له فه‌لسه‌فه تێبگه‌ین.
هزیۆد له تیۆگۆنیدا ده‌ڵێ: ئیرۆس دایك و باوكی نییه و له كاوۆس (بێسه‌روبه‌ری)یه‌وه په‌یدا بووه. واته عیشق ناكه‌وێته ناو سیسته‌مه‌وه و هه‌میشه له ده‌ره‌وه‌ی سیسته‌مه. كه ده‌ڵێت عیشق له‌ناو بێسه‌روبه‌ریدا له دایك ده‌بێت، واته عیشق كوڕی ئازادییه و له‌ناو ئازادی‌دا گه‌شه ده‌كات. عیشق خۆی نابه‌ستێته‌وه به نه‌ریت و سیسته‌م و په‌یمانه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه.
ئه‌وه‌ی زیاتر ئه‌م پێوه‌ندییه‌ی عیشق به ئازادییه‌وه روون ده‌كاته‌وه حیكایه‌ته‌كه‌ی دایۆتیمایه كه له گفتوگۆی خوانی پلاتۆدا هاتووه. هه‌رچه‌نده پلاتۆ له هه‌ریه‌كه له خوان و فیدرۆس و كۆماردا عیشقی وه‌ك جووڵێنه‌ری ناوه‌كی مه‌عریفه ناساندووه.
عیشق زانینه
له چیرۆكه‌كه‌ی دایۆتیماشدا، هه‌روا به شێوه‌یه‌كی بێسه‌روبه‌ره جووتبوونێك له نێوان خواوه‌ندی ده‌وڵه‌مه‌ندی مرۆڤی هه‌ژاردا روو ده‌دات و له‌م ناوه‌نده‌دا ئه‌وه‌ی لێیان ده‌كه‌وێته‌وه ناو ده‌نرێت: عیشق. كه‌واته عیشق به‌رهه‌می باوكێكی ده‌وڵه‌مه‌ند و به‌هێزه له‌گه‌ڵ دایكێكی هه‌ژار، به‌ڵام جوان. عیشق له سه‌رێكه‌وه سه‌ر به هێز و ده‌وڵه‌مه‌ندیی و كهشخهیییه، له سه‌رێكی تریه‌وه سه‌ر به هه‌ژارییه‌كی جوانه، نه‌ك جوانییه‌كی هه‌ژار. دایكی عیشق هه‌ژارێكی جوانه، هه‌ژارییه‌كه‌ی رووكاری ده‌ره‌وه و جوانییه‌كه‌شی په‌نهان و ڕازی ناوه‌كییه.
واته عیشق لێره‌دا به هه‌ردوو دیوه‌كه‌یدا ده‌رده‌كه‌وێت، به رواڵه‌ت وا دیاره عیشق بابه‌تێكی هه‌سته‌كانی مرۆڤه و ئه‌وه‌ی حوكمی ده‌كات ئاره‌زووه‌كانه، كه‌چی به دیوێكی تری‌دا به‌وه‌ی كه سه‌ر به دنیای ناوه‌وه‌ی مرۆڤه كرده‌یه‌كی عه‌قڵانییه و ئه‌وه‌ی ئه‌نجامی ده‌دات له چاكه و جوانییه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت.
عیشق گوزارشته له ناڕوونی، چونكه له یه‌ككاتدا له لایه‌كه‌وه شتێك ده‌نوێنێت و له لاكه‌ی تره‌وه ته‌واو پێچه‌وانه‌كه‌ی ده‌نوێنێت. بۆیه كه‌سی عاشق به‌رده‌وام كه‌سێكی ناڕوون و دوولایه‌نه‌یه. ئه‌و ده‌زانێت چی ده‌كات و ناشزانێت چۆن ئه‌مه ده‌كات. ده‌زانێ چۆن ده‌كات چونكه فه‌رمانی عیشقه‌كه‌ی ناوه‌كییه، به‌ڵام نازانێت چی ده‌كات، چونكه دانانییه به‌وه‌ی ده‌یكات. عیشق له چییهتیدا هه‌ڵگری هه‌مان پرسی چاكه چییه و جوانی چییه‌یه. له‌گه‌ڵ عیشقدا پرسیاری ئه‌وه ده‌كرێت چاكه چییه یان جوانی چییه. چونكه له بنه‌ڕه‌تدا عیشق سه‌ر به مه‌مله‌كه‌تی چاكه و جوانییه.
عیشق له فه‌لسه‌فه‌دا ئه‌وه‌یه كه له‌گه‌ڵ خۆیدایه و لێی جیا نابێته‌وه، فه‌لسه‌فه به‌بێ عیشق نابێته فه‌لسه‌فه. فیلۆ به مانای عیشق و له‌گه‌ڵ بوون دێت: واته له‌گه‌ڵ سۆفۆس. ئه‌م (له‌گه‌ڵبوونه) (له‌گه‌ڵ_خۆ_هه‌ڵگرتنه) و (لێك_جیا_نه‌بوونه‌وه)یه. ئه‌گه‌ر مرۆڤ شتێك له‌ناو خۆیدا هه‌ڵبگرێت، واته له‌ناو دڵیدا یان له‌ناو خه‌یاڵیدا، ئه‌م شته به‌رده‌م له‌لای ده‌مێنێته‌وه و له‌گه‌ڵیدا ده‌بێت بۆ هه‌ركوێیه‌ك بچێت. ئه‌مه‌ی كه به‌رده‌وام مرۆڤ ده‌توانێ له‌گه‌ڵ خۆیدا هه‌ڵیبگرێت و بۆ هه‌موو جێیه‌كی به‌رێت له‌گه‌ڵ خۆیدا، ئه‌مه به‌بێ عیشق مومكین نییه. ئه‌مه به خۆشه‌ویستی ناكرێت. هه‌ندێك كردار هه‌یه له‌ناو مرۆڤدا پێیان ده‌گوترێت فه‌زیڵه‌ت، فه‌زیڵه‌ت ئه‌وه‌یه كه له چاكه و جوانییه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرن و تاك و ته‌نهان. خه‌سڵه‌تی هه‌ر فهزیڵهتێك ئه‌وه‌یه كه تاقانه‌یه و بوونیشی وابه‌سته‌یه به خۆیه‌وه.
عیشق فه‌زیڵه‌ته. ناكرێت مرۆڤ عاشق ببێت و پاشان له عیشق بكه‌وێت. عیشق ئه‌وه‌یه كه یه‌كجار تووشی ده‌بیت و ته‌واو، ته‌نیا یه‌كجاره. وه‌ك ئه‌وه‌ی مه‌حوی ده‌ڵێت:
عیشق ئاگرێكه به‌ربووه هه‌ر كه‌س ده‌یكات به كه‌س.
مرۆڤ كه ئاگری گرت جارێكی تر چاك نابێته‌وه و دیسانه‌وه ئاگر بگرێته‌وه. ئه‌مه ته‌نیا یه‌كجار ڕوو ده‌دات. بۆیه عیشق له فه‌لسه‌فه‌دا گوزراشته بۆ ئه‌و كرداره‌ی كه خۆیه‌تی و له خۆیدایه و بۆ خۆیه‌تی.
ئه‌گه‌ر خۆشه‌ویستی ئه‌و پێوه‌ندییه ده‌ره‌كییه بێت له نێوان یه‌كێك و یه‌كێكی تردا، ئه‌وا عیشق پێوه‌ندییه‌كه له ناوخۆیدا. به‌بێ ئه‌م عیشقه مرۆڤ په‌رته‌وازه ده‌بێت و ده‌كه‌وێته ده‌ره‌وه، واته له‌ناو خۆیدا نامێنێت.
(ڤۆلۆتسیس) ئه‌و گوته‌یه‌ی ئاوگۆستینه بۆ عیشق كه گوزارشت له هه‌رخۆیی ده‌كاته‌وه. واته ئه‌وه‌ی كه ده‌بێت به‌وه‌ی خۆیه‌تی، ده‌بێت به‌خۆی وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌یه. لای ئاوگۆستین عیشق بنه‌مای خۆییبوونه.
هه‌ر ئه‌مه‌یه هۆی ئه‌وه‌ی كه وا ده‌رده‌كه‌وێت فه‌یله‌سووفان به سڵه‌مینه‌وه‌وه باسیان له عیشق كردبێت. هیچ فه‌یله‌سووفێك به‌بێ عیشق نابێته فه‌یله‌سووف. سۆكرات ده‌ڵێت: ئه‌وه‌نده ده‌زانم كه نازانم، ئه‌مه به ته‌واوه‌تی بنه‌مای عیشقه. چونكه عاشقیش ئه‌وه‌نده ده‌زانێ كه نازانێت بنه‌مای عیشقه‌كه‌ی له‌سه‌ر چییه.
وشه/ هه‌ولێر- سۆران عه‌زیز