جگەرت كار نەكات چیت بەسەر دێ؟

:: PM:01:27:11/06/2018 ‌
یەكێك لە گرنگترین ئەندامەكانی جەستەی مرۆڤ بریتییە لە جگەر كە چەندان كاری گرنگ ئەنجام دەدات، ژەهری لەش لەناو دەبات و پرۆسەی هەرس تەندروست دەكات و تاكە ئەندامی جەستەیشە كە خۆی خۆی دروست دەكاتەوە، ئەگەر ئەم ئەندامە گرنگە بە باشی كاری خۆی نەكات، مرۆڤ تووشی چی دەبێ؟ بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە لە خوارەوە زانیاری زیاتر بخوێننەوە.

جگەر چەندان فرمان جێبەجێ دەكات، بۆ ئەوەی بەشێویەكی تەندروست بژیت، ئەمانە هەندێك لەو نیشانانەن كە لە لەش دەردەكەون، ئەگەر هاتوو بەشێوەیەكی تەندروست فرمانەكانی جێبەجێ‌ نەكات.

یەكەم: هەڵئاوسانی سك، جگەر توانای كۆكردنەوەی شلەی لە سكدا هەیە، ئەگەر بەشێوەیەكی باش كار نەكات، تەنانەت وەكو ئافرەتێكی دووگیان سكت بەرز دەبێتەوە، شارەزایان دەڵێن چەندان حاڵەتی جیاوازی تری هەیە وەكو دروستبوونی ئازار لە بەشی سەرەوەی گۆشەی سك، چونكە جگەر دەكەوێتە ئەو بەشەی سكەوە .

دووەم: زەردبوونەوەی پێست و سپێنەی چاوەكان، یەكێك لە دیارترین ئەو نیشانانەی لە لەش ڕوودەدات لە ئەنجامی باش كارنەكردنی جگەرەوە نەخۆشی زەردوویییە، كە جۆرێكە لە نەخۆشی دەبێتە هۆی زەردبوونەوەی سپێنەی چاوەكان و پێست، ئەگەر نەخۆشی جگەرت سەخت بێت یان بڕێكی زۆر دەردراوەكانی زراو بكاتە لەشەوە، ئەوە دەبێتە هۆی گۆڕینی ڕەنگی میز و پیسایی، بۆیە پێویستە لەم كاتەدا سەردانی پزیشك بكرێت.

سێیەم: هێڵنجدان و ڕشانەوە، پێشتر باسكرا كە جگەر پێوەندی هەیە بە دەردراوەكانی هەرسەوە، ئەگەر گرفتێك لە هەرسكردن هەبێت، ئەوا لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی هێڵنجدان و ڕشانەوە، بەپێی شارەزایانی پزیشكی لەكاتی هێڵنجدان و ڕشانەوەی بەردەوام دا، پێویستە سەردانی پزیشك بكرێت، بۆ چارەسەركردنی نەخۆشییەكانی جگەر.





وشە - ئاوات ئازاد