بەم خۆراكانە پێستتان جوان بكەن

:: PM:12:17:12/06/2018 ‌
زۆر خۆراك هەن كە بەسوودن بۆ پێست و یارمەتی جوانكردنی پێست دەدەن و وا دەكەن كە واز لە بەرهەمە جوانكاریییەكان بهێنن و تەنیا بە خواردنی ئەم خۆراكە تەندروستانە پێستت جوانتر دەبن، لێرەدا باس لە گرنگترین ئەو خۆراكانە دەكەین كە دەبنە هۆی جوانكردنی پێست.

یەكەم: ماسی سەلەموون، یەكێكە لە جۆرە باشەكانی ماسی كە چەندان چەوری گرنگی تێدایە، ئەو چەوریانە بۆ لەش بە گشتی و پێست بە تایبەتی گرنگن و یارمەتی زیندووبوونەوەی خانەكانی پێست دەدەن و ڕێ لە چرچبوونیان دەگرن، چەند جۆرێكی تری ماسی هەن هەمان سوودی ماسی سەلەموونیان هەیە وەكو ماسی سەردین، ماسی دەریایی و ماسی توونە.

دووەم: فاسۆلیا، یەكێكە لەو خۆراكانەی زۆر گرنگە بۆ پێست، چونكە بڕێكی زۆر زینكی تێدایە و ڕێ لە زیپكە دەگرێت و خانەكانی پێست نوێ‌ دەكاتەوە و یارمەتی كەمكردنەوەی شوێنی برین دەدات.

سێیەم: ماست، هەموومان دەزانین ماست زۆر گرنگە بۆ تەندروستی ریخۆڵەكان، چونكە یارمەتی بەرهەم هێنانی بەكتریا سوودبەخشەكان دەدات،هەروەها ماست ڕێ لە چرچبوونی پێست دەگرێت، بەڵام باشترە ئەو جۆرە ماستانە بەكاربهێنرێت كە شەكریان تێدا نییە.

چوارەم: مریشك، زینك یەكێكە لەو پێكهاتە خۆراكیانەی كە بۆ ڕەگی مووەكان گرنگە، ئەگەر ئەم كانزایە لە لەش كەم بێت تاڵەكانی قژ باریك دەبنەوە و تووشی ڕووتانەوەی قژ دەبن، یەكێك لە باشترین ئەو سەرچاوانەی كە بە زینك دەوڵەمەندە مریشكە، باشترە سنگی مریشك بخورێت، بۆ ئەوەی نەبێتە هۆی زیاد بوونی چەوری لەش و كێش.

پێنجەم: زەیتی زەیتوون، باشترین ڕێ بۆ دەستكەتنی سوودەكانی زەیتی زەیتوون تێكەڵ كردنیەتی لەگەڵ سەوزە و زەڵاتەدا. ئەگەر بتەوێت ئەو سەوزەییەی كە دەیخۆیت سوودێكی زیاتری هەبێت، باشترە لەگەڵ زەیتی زەیتوون تێكەڵ بكرێت، تاكە زەیتە كە ڕێ لە هەوكردنی پێست دەگرێت و نیشانەكانی پیربوون هێواش دەكاتەوە.



وشە - ئاوات ئازاد