عێراق.. هاوپەیمانیەتی عامری و سەدر كارتەكانیان تێكەڵ كردەوە

:: PM:10:16:13/06/2018 ‌

دوێنێ سێشەم هەریەك لە موقتەدا سەدر پاڵپشت بۆ هاوپەیمانی سائیروون و هادی عامری سەركردەی هاوپەیمانی فەتح لە نەجەف كۆبوونەوە و هاوپەیمانیەتێكیان بەمەبەستی پێكهێنانی گەوەرترین بارستەی پەرلەمان و پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق راگەیاند، هاوكات دەرگەیان بەرووی هاوپەیمانی نەسری حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی و كورد كردەوە بۆ چوونە پاڵیان.

بەپێی زانیارییەكان شەوی یەكشەم لەسەر دووشەمی ئەم هەفتەیە قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران سەردانی بەغدای كرد و لەگەڵ سەرانی شیعە بەنهێنی كۆبووەتەوە كە بەپێی زانیارییەكان عەبادی و عەمار حەكیم و موقتەدا سەدر ئامادەی ئەو كۆبوونەوە نەبوونە، بەڵام سلێمانی نامەیەكی بۆ سەدر رەوانە كردووە، دوای ئەوە دوێنێ سێشەم هادی عامری كەسایەتی نزیك لە ئێران لەگەڵ سەدر كۆبوونەتەوە و دوور لە عەبادی و نووری مالیكی هاوپەیمانیەتیان راگەیاندووە. 

پێشتر هاوپەیمانیەتییەكان سائیروونی سەدر و حیكمەی عەمار حەكیم و وە تەنییەی ئەیاد عەلاوی، رێككەوتننێكی سەرەتاییان واژوو كرد بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانیەتێكی زۆرینەی نیشتیمانی، بۆیە دوای ئەوەی لە نێوان عامری و سەدر لە نەجەف واژوو كرا، دەردەكەوێت كە هاوپەیمانیەتییەكانی نەسڕ بەسەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی و دەوڵەتی یاسا بەسەرۆكایەتی نووری مالیكی دوور خراونەتەوە.

لای خۆیەوە دكتۆر قەحتان جبووری، گوتەبێژ بەناوی هاوپەیمانی سائیروون بۆ "شەرقولئەوسەت" دەڵێت، ئەوەی بەدەست هاتووە لە چوارچێوەی هەوڵەكانی موقتەدا سەدرە كە ساڵانێكە بەدوای چاكسازی و گۆڕانكارییە و زیاتر گوتی، ئەو هاوپەیمانیەتییە لە چوارچێوەی كرانەوەیە بەرووی هەمووان بەمەبەستی پێكهێنانی گەورەترین بارستەی پەرلەمان كە حكوومەتی نوێی عێراق پێك دێنێت.  

راگەیاندنی هاوپەیمانیەتی نێوان سائیروون و فەتح هاوكاتە لەگەڵ جموجۆڵێكی ئێرانی بەسەرۆكایەتی قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران و جموجۆڵەكانی ئەمەریكا بەسەرۆكایەتی دۆگڵاس سیلیمان باڵوێزی ئەمەریكا لە بەغدا، لەدوای دەركەوتنی تەنگژەی سندووقەكانی دەنگدان كە بەشێكی لە بەغدا سووتێندرا لەناو داواكانی دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن كە بەتایبەتی ناوماڵی شیعەی دابەش كردبوو.  

جموجۆڵەكانی قاسم سلێمانی لەناو نهێنی و ناڕوونییەكی زۆر بەڕێوە دەچێت، بە هاوتای جموجۆڵەكانی باڵوێزی ئەمەریكا لە عێراق كە ئەویش سەردانی چالاكانەی هەیە لە نێوان هێزە سیاسییەكانی لە بەغدا و لە هەولێر و لەناو هەرێمی كوردستانیش. 

كەسایەتییەكی سیاسی و ئەكادیمی عێراقی لەو بارەوە دەڵێت، تا ئێستە هەوڵەكانی قاسم سلێمانی لەناو ماڵی شیعە چڕ بووەتەوە وەك هەوڵێك بۆ دووبارە نۆژەنكردنەوەی لەدوای ناكۆكییەكانی سەرانی شیعەی ترازاند، بۆیە سەردانی یەكەمی سلێمان لە دوای هەڵبژاردنەكان بۆ عێراق بۆ یەكخستنەوە و مانەوەی هاوپەیمانی نیشتیمانی شیعە بەگەورەیی و باڵادەست بەسەر پرۆسەی سیاسی لە عێراق بوو، بەڵام هەوڵەكانی رووبەڕووی بەربەستی گەورە هاتنەوە.

ئێستا لەناو ماڵی شیعەدا زیاتر لە رەوتێك كێبەركێ دەكەن، ئەو لەبارەی سووتاندنی دەنگەكان لە بەغدا ئاماژەی كرد، ئاگرەكە سووتاندنی دەنگەكانی نزیكەی 40 كورسی پەرلەمانی گرتەوە كە هی هێزە شیعە گەورەكان بووە و ئەوەش كێشەیەكی گەورەیان لە نێوان دروست دەكات، بۆیەش قاسم سلێمانی هاتەوە بەغدا بۆ رێگرتن لە تەشەنەكردنی ئەو تەنگژەیە، هەروەها دیاریكردنی رووخساری گەورەترین بارستەی پێكهێنەر بۆ حكوومەتی نوێی عێراق كە پێ دەچێت دوای جەژنی رەمەزان بێتە راگەیاندن. 

هاوكات لە ئەگەری سەركەوتنی هەوڵەكانی قاسم سلێمانی بۆ یەكخستنەوەی ناوماڵی شیعە بۆ مسۆگەركردنی هەڵبژاردنی سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق، هێزەكانی كورد و سوننە هەوڵی پێكهێنانی هاوپەیمانیەتی نوێ دەدەن، سەرەڕای هەوڵەكانی موقتەدا سەدریش بۆ راگەیاندنی گەورەترین بارستەی پەرلەمانی، بەڵام پاڵەپەستۆیەكی گەورەی لەسەرە و لەناو هەڕشەیەكی رژدیش بۆ دوورخستنەوەی بۆ بەرەی ئۆپۆزسیۆن.

بەپێی سەرچاوەكان هێزەكانی كوردی و سوننە لە كاتێكدا هەوڵی رێككەوتن دەدەن كاتێك ئێران دەیەوێت لە ئەنجامی رێككەوتننی هەر پێنج هێزی سەرەكی شیعە (سائیروون و نەسڕ و فەتح و حیكمە و دەوڵەتی یاسا) پێنج كاندید هەبێت بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ.  

بەپێی زانیارییەكان قاسم سلێمانی لەگەڵ ئەو پێنج هێزە شیعە گەیشتووەتە رێككەوتن كە هەر یەكێكیان سێ كاندید پێشكەش بكات و دواتر لەئەنجامی گفتوگۆی نێوانیان ببێتەوە پێنج كاندید، ئەگەر ئەو پێنج هێزە لەسەر كاندیدێك رێك نەكەوتن، بۆیە دەتوانن بەپێنج كاندید لەگەڵ سوننە و كورد گفتوگۆ بكەن و یەكێكیان دیاری بكەن بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ.

بەپێی سەرچاوەكان قاسم سلێمانی پێشنیازی پێكهێنانی حكوومەتێكی یەكێتی نیشتیمانی گشتگیری كردووە كە سوننە و كورد لە دیاریكردنی سەرۆك وەزیرانی شیعە لە نێوان ئەو ناوانەی لیستە شیعەكان كاندیدیان دەكەن رۆڵیان هەبێت، بۆیە كاندیدی گەورەترین بارستەی پەرلەمان لە رێككەوتننی شیعە و كورد و سوننە دروست دەبێت.  





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل