هەوراز كاوە
بەشی دووەم:
دیارە بیرۆكەی دامەزراندنی یەكێتیی تۆپی پێی جیهانی تەنیا بەشێوەیەكی هەڕەمەكی لە دایك نەبوو، بەڵكو لە پێشتردا فاكتەر و ڕێ هەبوون تا بیر لەوە بكرێتەوە ڕێكخراوێكی سەرانسەری جیهانی بۆ یاریی تۆپی پێ دابمەزرێت. لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدە هەندێك یەكێتیی وەرزشی ناكامڵ لە دایك بووبوون، بەڵام بەو جۆرە نەبوون بتوانن وەك لایەنێكی یاسادانان و كۆكردنەوەی وڵاتان كار بكەن، بەڵام تا ئاستێك ئەو تیپ و هەڵبژاردانەی لە یارییەكانی ئۆڵۆمپیاد بەشداریان پێ دەكرا، وایكردبوو كاربەدەستانی تۆپی پێی وڵاتانی ئەوروپا زیاتر بیر لەوە بكەنەوە ڕێكخراوێكی وەرزشی تۆپی پێی سەربەخۆ دابمەزرێنن.
هەروەها لەوكاتەدا هەڵبژاردەی وڵاتان لە شێوەی نمایش دەیانتوانی بەشداری یارییەكانی ئۆڵۆمپی بكەن، ئەمەش لە دوای جەنگی جیهانی یەكەمەوە گرنگی پێ دەدرا، بەڵام تیپەكان لە هەر ئاستێكدا بوونایە تەنیا مافیان وەك هەر یارییەكی تری ئۆڵۆمپیاد بوو، ئەوەش ڕێی خۆش كردبوو بیرۆكەی یەكێتیی تۆپی پێی جیهانی بێتە پێشەوە.
هەرچەندە ئینگلیزەكان لەوكاتەدا وەك (مۆرانە) نەیاندەهێشت هیچ گرووپ و ڕێكخراوێك لە دایك ببێت، هەروەها ئەوان هەم لایەنی یاسادانان و هەمیش خولەكانیان لەوكاتەدا هیچ ڕكابەرێكی نەبوو، ئەم نەیارییەی ئینگلیز زۆر بیرۆكەی ڕزگاركردنی تۆپی پێی لە چوارچێوەی یارییەكانی ئۆڵۆمپی بە هەڵواسراوی هێشتبووەوە، كە سەرەتای پێشكەوتنی تۆپی پێ جیابوونەوە بوو لە خولەكانی ئۆڵۆمپی و بانگەوازكردن بۆ سەربەخۆبوون و هاندانی وڵاتان بۆ دروستكردنی هەڵبژادەی نیشتمانی. هەر ئەوەش بوو بە زوویی گەورەكانی ئەوروپا بە نهێنی كۆبوونەوە تا ڕێكخراوی فیفا دروست بكەن، هەرچەندە لە سەرەتادا ئینگلیز دژی بوو، بەڵام حەوت دەوڵەت یەكیان گرت بۆ پێكهێنانی.
بەر لە ساڵی (1904) هەوڵی زۆر هەبوو یەكێتی نێودەوڵەتی بۆ تۆپی پێ دابمەزرێت، بە تایبەتی ئەو ڕۆڵەی سكرتێری یەكێتیی تۆپی پێی هۆڵەندا (كارل ئەنتۆن هێرشمان) هەیبوو تا پێوەندی نێوان وڵاتان نەپچڕێت، پاشان (ڕبێرت گۆڕانی) سكرتێری تۆپی پێی فڕەنسا هات و هەوڵەكانی خۆی خستەكار و نامەیەكی نووسی بۆ لێپرسراوانی یەكێتیی تۆپی پێی ئینگلتەرا بە مەبەستی كۆبوونەوە و دانیشتن لەگەڵیان، تا پێكەوە لەسەر بابەتی یەكێتییە جیهانییەكە قسە بكەن، لەو كاتەدا وڵاتانی: (فڕەنسا، بەلجیكا، هۆڵەندا، ئیسپانیا، سوید، سویسرا. دانیمارك) ئامادە بوون لەگەڵ (گۆران) دانیشن، بەڵام كاتێك ئینگلیز ڕەتیان كردەوە بەشداری بكەن، ئەوە گەیشتنە ئەو ئەنجامەی چیتر لەسەر ئینگلیزەكان ڕانەوەستن و گفتوگۆی دروستبوونی یەكێتیی تۆپی پێی جیهانی گرێی لێ درا و بەوە توانییان تەحەدایەكی گەورەی بەریتانییەكان بكەن.
لە 1ـی ئایاری ساڵی (1904) هەردوو هەڵبژاردەی فڕەنسا و بەلجیكا بۆ یارییەكی دۆستانە لە برۆكسل بوون، ئەمەش دەرفەتی كردەوە (موهلینگاوسی) سكرتێری یەكێتیی تۆپی پێی بەلجیكا و هاوتا فڕەنسایییەكەی (ڕۆبێرت گۆران) لەمەڕ ڕەتكردنەوەی ئینگلیزەكان قسەی زیاتر بكەن، پاش ئەوە ڕێككەوتن وڵاتانی هاوپەیمانی خۆیان داوەتی پاریس بكەن بەمەبەستی لە دایكبوونی ڕێكخراوەكەیان.
ڕۆژی 21ـی ئایاری هەمان ساڵ، هەندێك لە نوێنەرانی یەكێتییە وەرزشییەكان بە نامە ئاگەدار كرانەوە و گەیشتنە بارەگەی یەكێتی فڕەنسا بۆ یارییە وەرزشییەكان لە پاریسی پایتەخت. لێرەوە گفتوگۆكان درێژەیان كێشا، بەڵام لە كۆتادا بەڵگەنامەیەكیان واژوو كرد و ڕێككەوتن لەسەر دامەزراندنی یەكێتیی تۆپی پێی جیهانی ناسراو بە (فیفا).
ئەو كەسانەی شەرەفی واژووكردنی گەورەترین ڕێكخراوی ئێستەی دنیایان پێ بڕا لەوكاتەدا، بریتبوون لە:
1. ڕِۆبێرت گۆران و ئەندریە ئسپیر لە فڕەنسا.
2. لویس موهلینگاوس و ماكس كاهان لە بەلجیكا
3. لودفیگ سیلۆف لە دانیمارك.
4.كارل ئەنتۆن هیرشمان لە هۆڵەندا.
5. فیكتۆر شنایدەر لە سویسرا .
6. كارل بادرۆس لە ئیسپانیا.
7. لۆدفیگ سیلۆڤ، كە لە بری وڵاتی سوید واژووی كرد.
لەوكاتەی دەستەی دامەزرێنەرانی فیفا یەكەم دانیشتنی خۆیان ئەنجام دا بەسەرپێی هەندێك یاسای گرنگییان بۆ بەڕێوەبردنی فیفا دانا، دواتر ئەوەبوو بە بناغەی یەكێتییە وەرزشییەكە، هەروەها چەند خاڵێكیان تایبەت كرد بەو وڵاتانەی دەیانویست ببن بە ئەندامی نوێ، بەڵام ڕێككەوتنەكە هێندە قورس نەبوو وڵاتان نەتوانن پێوەی پابەند بن، بەڵكو زیاتر ڕێی خۆش دەكرد هەموو لایەك بیر لەوە بكەنەوە یەكێتیی تۆپی پێ دابمەزرێنن و پێوەندی بكەن بە ڕێكخراوە جیهانییەكەوە لە پاریس.
یاساكان بریتیبوون لە:
1. مافی فیفایە ڕێ بگرێت، یا ڕێ بدات لە ئەنجامدانی یاریی لە نێوان یەكێتییە نیشتمانییە جیاوازەكاندا، یان یاریكەر بێبەش بكات و نەهێڵت یاریی بۆ تیپەكەی بكات، ئەگەرچی بەشێوەیەكی كاتیش بێت، تا بەر بە توندوتیژی بگیرێت و هەموو لایەك لەوە تێبگەن كە ئێستە لەژێر چاودێری و كۆنتڕۆڵی ڕێكخراوێكی وەرزشیدان.
2. ئەندامەكانی پێوەست كرد بە پابەندبوون بە ڕێساكانی تۆپی پێی (فیفا) ئەوەی ڕێككەوتبوون لەسەری.
3. هەر یەكێتییەك دەبوو بڕی (50) فڕانكی فڕەنسایی بدات وەك بە فەرمی بەشداربوون لە یەكێتییەكە و مافی یەكێتییەكە بوو ڕێی پێ بدات یان رەتی بكاتەوە لە ئەنجامدانی پێشبڕكێی نێودەوڵەتی، تا وەرگرتنی ڕەزامەندی پێشوەخت لەسەر ناوی پێشبڕكێیەكە و ڕێكخستنی خولەكە، ئەمەش وای دەكرد ئەو خولانەی پێشتر بۆ هەڵبژاردەكان دەكرایەوە هیچ یاسایی نەبێت و كەس بڕوای پێ نەدەكرد.
4. ئەندامانی كۆبوونەوەكەی (فیفا) ڕۆژی 1ـی ئەیلوولی ساڵی (1904)یان وەك یەكەم ڕۆژ دیاری كرد بۆ كاركردن بەپێی ئەو پێڕەوە و چیتر ئەوانەی ئەندام بوون بۆیان نەبوو بە یاسا كۆنەكانی تۆپی پێ كار بكەن.
لە 23ـی ئایاری ساڵی (1904) دامەزرێنەرانی یەكێتییەكە بۆ یەكەمجار كۆ بوونەوە بە مەبەستی پێكهێنانی ئەنجوومەنێكی وەرزشی، تا لە ڕِێیەوە سەرۆكێك بۆ یەكێتییەكە هەڵبژێرن و گەورەیی ڕێكخراوەكە لەو هەنگاوەدا دەربكەوێت، پاشان بۆ یەكەمجار ڕۆژنامەنووسی فڕەنسی (ڕۆبێرت گۆران كارلی) بە سەرۆكی (فیفا) هاتە هەڵبژاردن و هەریەكە لە (ڤیكتۆر شنایدەر و كارل ئەنتول هێرشمان) دوو جێگری سەرۆك بوون، هەروەها (لویس موهلینگاوس)ـی هۆڵندی بە سكرتێری یەكێتییەكە و (لودفیگ سیلۆڤ) هاوكاری بوو.
ڕاستە لە سەرەتادا گرفت و ئاستەنگی زۆر هاتە پێش سەرانی ڕێكخراوەكە، بەڵام ئەوان پشوودرێژ بوون و بڕوایان وابوو هێشتا لەلایەن وڵاتانەوە بەشێوەیەكی فەرمی ددانیان پێدا نەنراوە، بەڵام هەر دڵیان بە مەرەكەبی سەر كاغەزەكە خۆش بوو، دواتر بۆ ئەوەی بەڕەسمی ددان بە یەكێتییەكەدا بنرێت بڕیاریان دا یەكێتییەكانی تۆپی پێی نیشتمانی وڵاتانی تری بۆ بانگهێشت بكەن، راستییەكەی ئەمە یەكەم هەنگاوی سەركەوتنەكانی یەكێتیی تۆپی پێی نێودەوڵەتی بوو.
لە 14ـی نیسانی ساڵی (1905) لیژنەی راپەڕاندن بانگهێشتی ڕەسمی ئاراستەی یەكێتیی نیشتمانی وەرزشی وڵاتان كرد (ئیدوارد دی لافیلی)ـی بەلجیكی بووە یەكەم ئەندامی(شەرەف) لە یەكێتییەكە، پاشان لە 10ـی حوزەیرانی هەمان ساڵ، لە كۆنگرەی دووەمیدا كە لە پاریس بەڕێوە چوو، یەكێتییەكە ڕەزامەندی نواند لەسەر وەرگرتنی هەریەك لە وڵاتانی (ئەڵمانیا و نەمسا و ئیتالیا و مەجەر)، بۆیە دووبارە گفتوگۆ كرا لەبارەی ئەنجامدانی پێشبڕكێی تۆپی پێ بەسەرپەرشتی (فیفا)، هەندێكیان پێشنیاریان كرد پێشبڕكێی نێودەوڵەتی لەسەر ئاستی هەڵبژاردەی وڵاتان بێت، یاخۆ لەسەر ئاستی یانەكان ئەنجام بدرێت و سویسرا میوانداری خولی نیوەی كۆتا و خولی كۆتای پاڵەوانێتییەكە بكات. لە ساڵی (1906) سویسرا لە ڕێی جێگری سەرۆكی فیفاوە (فیكتۆر شنایدەر) بەڵێنی دا جامی پاڵەوانێتییەكە دابین بكات، بەڵام ئەم هەوڵە شكستی خوارد، بەهۆی پاساوهێنانەوەی زۆرینەی وڵاتان بە هۆكاری كەمدەرامەتی.
هەر لەو ماوەیەدا (ڕۆبێرت گۆران) دەستی لە كار كێشایەوە و (فیكتۆر شنایدەری) جێگری بەشێوەیەكی كاتی شوێنەكەی گرتەوە و (ئەندریە ئسپیر) هاوكاری دەكرد. لە ساڵی (1906) لە شاری (بێرن) كۆبوونەوەیەكی تریان گرێ دا بۆ دانانی كەسێك بۆ سەرۆك لەبری (گۆران) هەموویان كۆك بوون لەسەر دانانی (دانیل بیرلی ولفول)ـی ئینگلیزی وەك سەرۆكی نوێی (فیفا)، چونكە شارەزایی زۆری هەبوو لە یاساكانی تۆپی پێ، لە هەمان كاتدا پێوەندییەكانی نێوان (فیفا) و ئینگلتەرا باش بووبوون، ئەوە بەهۆی ئەوەی ئینگلتەرا پێوەندی بكات بە (فیفا)وە و بوو بە ئەندام.
بەڵام بیرۆكەی پێشبڕكێی نێودەوڵەتی هەروا بە هەڵواسراوی مایەوە تا خولی یارییە ئۆڵۆمپییەكان كە لە ساڵی (1908) لە لەندەن بەڕێوە چوو، هەروەها تا ئەوكاتە تۆپی پێ بەشێوەی پێشبڕكێ ئەنجام نەدەدرا، بەڵكو لە شێوەی نمایشدا بوو، هەرچەندە پیشەگەریی و وەرزشدۆستی یاریی تۆپی پێ گرفتی گەورە بوون لەوكاتەدا، بەڵام ئینگلتەرا هەردوو خولەكەی بردەوە.
لە 1ـی ئاداری ساڵی (1921) پارێزەر (جۆل ڕیمیە)ـی تەمەن (48) ساڵ وەك سەرۆك هاتە هەڵبژاردن و بوو بە سێیەم سەرۆكی (فیفا). لەوكاتەدا (20) وڵات ئەندام بوون لە ڕێكخراوەكە، سەركەوتنی خولی ئۆڵۆمپی پاریس كە (24) هەڵبژاردەی تۆپی پێ بەشدارییان تێدا كرد، پاڵی بە (فیفا)وە نا بۆ پەلەكردن لە ڕێكخستنی پاڵەوانێتییەكی جیهانیی تۆپی پێ، بەتایبەت كە بارودۆخ گونجاو بوو لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە.
لە كۆبوونەوەیەكی تردا كە لە 28ـی ئایاری ساڵی (1928) لە ئەمستردام بەڕێوە چوو، (فیفا) بڕیاری دا پاڵەوانێتی جامی جیهانی تۆپی پێ ئەنجام بدات، لیژنەی تایبەت بە داڕشتنی یاسا و ڕێسای پاڵەوانێتییەكە پێكهێنرا. هەریەك لە (مەجەر و ئیتالیا و هۆڵەندا و سوید و ئیسپانیا) ئامادەیی خۆیان نیشان دا بۆ میوانداریكردنی پاڵەوانێتییەكە. هەندێكیان پێیان وابوو هەنگاوی دروست ئەوەیە لە (ئۆرۆگوای)یەوە دەست پێ بكرێت. لەبەر چەند هۆكارێك لەوانە:
1. ئۆرۆگوای هەردوو خولی ئۆڵۆمپی ساڵی (24،28) بەدوای یەكدا بردبووەوە.
2. ساڵی (1930) هاوكات بوو لەگەڵ یادی (100) ساڵەی سەربەخۆیی وڵاتی(ئۆرۆگوای) لە دەست ئیسپانییەكان.
لە كۆتادا یەكێتیی تۆپی پێی جیهانی بە سەرۆكایەتیی پارێزەر (جول ڕیمیە) سەرۆكی ئەوكاتەی فیفا بڕیاریان دا پاڵەوانێتییەكە بە ئەنجام بگەیەنن، هەروەها ئۆرۆگوای دەستنیشان كرا خولی یەكەم رێك بخات، بەڵام ئینگلتەرا و پارچەكانی لەگەڵ چەند وڵاتێكی تر، دژی بیرۆكەی دروستبوونی جامی جیهانی بوون. ئینگلتەرا بە بیانووی ئەوەی كە خۆی بە خاوەنی یاریی تۆپی پێ دەزانی و بەرگری لە یاریی ئارەزوومەندانە دەكرد، بەڵام سەرەنجام ڕیمییە و هاوڕێكانی بە كەشتی (كۆند فێردی) بەرەو ئۆرۆگوای چوون و یەكەم پاڵەوانێتی مۆندیال لە دایك بوو.
لەو مۆندیالەدا (13) هەڵبژاردە بەشدار بوون و تیپی ئۆرۆگوای یەكەم ناسناوی خولەكەی بردەوە، هەروەها یەكەم یاریی ئەم پاڵەوانێتییە لە نێوان هەردوو هەڵبژاردەی مەكسیك و فڕەنسادا بوو، كە ئۆرۆگوای وەك ڕێزێك بۆ ڕیمییەی فڕەنسی لەو مافەی خۆیان خۆش بوون و ئەو شەرەفەیان بە وڵاتی ناپلیۆن بەخشی تا یەكەم پەتی پاڵەوانێتییەكە ئەوان بیپچڕێنن.