جولین لۆپیتیگی راهێنەری نوێی یانەی ریال مەدرید چەند سەعاتێك پێش ئێستا گەیشتە شاری مەدریدی پایەتەخت دوای ئەوەی لە پۆستی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی ئیسپانیا دوورخرایەوە.
وەك چاوەڕوان دەكرێ یانەی ریال مەدرید ئەمڕۆ پێنجشەم سەعات 8ی ئێوارە بەكاتی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لۆپیتیگی وەك راهێنەری نوێی یانەكەی لە شوێنی زێنەدین زێدانی فڕەنسی پێشانی دەزگاكانی راگەیاندن و هاندەران بدات.
یەكەتیی تۆپی پێی ئیسپانیا دوێنێ چوارشەم ئەركی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی ئیسپانیای لە لۆپیتیگی سەندەوە بەهۆی ئەوەی بەبێ ئاگاداری ئەوان رێككەوتنی لەگەڵ یانەی ریال مەدرید كردبوو.
یەكەتییەكە ئەمڕۆ پێنجشەم بەفەرمی ئەركی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەكەی بەخشی بە فێرناندۆ هێرۆی بەڕٍێوەبەری وەرزشی هەڵبژاردەكە بۆ یارییەكانی مۆندیالی 2018ی رووسیا كە بڕیارە ركابەرییەكانی سەعات 6ی ئێوارە دەست پێ بكات.