دوای جه‌ژن هاوپه‌یمانی كوردستانی ڕاده‌گه‌یه‌نرێ

:: PM:05:12:14/06/2018 ‌
بڕیاره‌ دوای پشووه‌كانی جه‌ژنی ڕه‌مه‌زان، هاوپه‌یمانی كوردستان له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق پێكبهێنرێت و هاوپه‌یمانییه‌كه‌ ده‌چێته‌ ناو هاوپه‌یمانی سائیروون و فه‌تح تا گه‌وره‌ترین فراكسیۆن له‌ په‌رله‌مان دروست بكه‌ن و حكوومه‌تی نوێی عێراق پیكبهێنن.

سه‌رچاوه‌یه‌ك ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م به‌ پێگه‌ی "غه‌دپرێس"ی ڕاگه‌یاندووه‌، له‌ داهاتوویه‌كی نزیك پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، فراكسیۆنی هاوپه‌یمانی كوردستانی له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق پێك ده‌هێنن، دواتر ده‌كه‌ونه‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ سه‌در و عامری بۆ چوونه‌ ناو هاوپه‌یمانی نێوان سه‌در و عامر به‌ مه‌به‌ستی پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێی عێراق.

سه‌رچاوه‌كه‌ ئاماژه‌ی دا، هاوپه‌یمانی كوردستانی جارێ ته‌نیا له‌ نێوان پارتی و یه‌كێتی دروست ده‌كرێ و ده‌رگا به‌ ڕووی لیسته‌ كوردییه‌كانی تریش داناخرێ، بۆ ئه‌وه‌ی كورد به‌ یه‌كڕیزی بچنه‌وه‌ به‌غدا و مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی خۆیان ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن و به‌شدار بن له‌ حكوومه‌ت و په‌رله‌مانی عێراق، كۆی كورسییه‌كانی هاوپه‌یمانی كوردستانیش كه‌ پارتی و یه‌كێتی ده‌سته‌به‌ریان كردووه‌ 49 كورسی په‌رله‌مانی عێراقه‌.

زیاتر گوتی، به‌شێوه‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی هاوپه‌یمانی كوردستانی ویستی بۆ چوونه‌ ناو هاوپه‌یمانییه‌كه‌ی سائیروون و فه‌تح هه‌یه‌، بۆیه‌ چوونی كوردی بۆ ناو هاوپه‌یمانییه‌كه‌ی سه‌در و عامری ته‌نیا له‌سه‌ر كات ماوه‌ته‌وه‌ و له‌ داهاتوویه‌كی نزیك ئه‌وه‌یش ڕاده‌گه‌یه‌نرێت، له‌كاتی ڕاگه‌یاندنی هاوپه‌یمانییه‌كه‌یش له‌ سێشه‌می ڕابردوو پارتی و یه‌كێتی پێشوازیان له‌م هه‌نگاوه‌ كرد.



وشە - باز ئه‌حمه‌د