ئامینەی هاوژینی ماملێ باسی ژیانی لە وشەوە رادەگەیەنێت

:: AM:10:14:17/06/2018 ‌

سەعات سێی دوای نیوەڕۆیە و بڕیارە لەگەڵ دوو هاوڕێی مەهابادی بە "ساز"ەوە سەردانی ماڵی محەمەد ماملێ بكەین و بە دەنگی "ئەرەستۆ مەلا ڕەحیمی" دەنگخۆشی مەهابادی، گۆرانیی "ئەی بارانە و بارانە"ی ماملێ بۆ ئامینە خاتوونی هاوژینی سێیەم و لە ژیانداماوی ماملێ بڵێن و یادەوەری سەردەمی ماملێ بهێنینەوە بیر ئامینە خاتوون، وەلێ دەرفەتی گۆرانیگوتن نەبوو. 

لە چوارڕیانی مەولەوی چووینە ناو خانووی ژمارە نۆ، ماڵی 60 ساڵەی ماملێ، ئامینەخانم دوای بەخێرهاتنی گەرموگوڕ، گوتی: تۆی كۆیی، بۆنی كۆیەت لێ دێ، زۆر بەخێرهاتی و وەرە تەكمەوە دانیشە، بەپێكەنینەوە "كۆییایەتی و خۆییایەتی"، كۆیە زۆر خۆشە. ئێمەی ماڵباتی ماملێ پێوەندیی بەهێزمان لەگەڵ خەڵكی باشووری كوردستان هەیە، بە تایبەت لە دوای تێكچوونی كۆماری كوردستان، بۆ ماوەیەكی زۆر لە كوردستان ماینەوە، تێكەڵاوی باشمان لەگەڵ خەڵكی كۆیە هەیە، دیسان بەخێرهاتن و جێتان لەسەر چاوە كوێرەكانم!

ئامینە خاتوون بەتەنیا لە خانووە كۆنەكەیان ژیان بەسەر دەبات،‌ ئەو ژوورەی شەو و ڕۆژی لێ دەكاتەوە، بە دەیان وێنەی ماملێ و دەیان وێنە خۆی و هونەرمەندانی لێ هەڵواسیوە، بۆ نموونە: لەگەڵ "عەزیز شارۆخی، ناسری ڕەزازی و مەزهەری خالقی". ئامینە بە"وشە" دەڵێ: دەبێ ئەم ژوورە پڕ بێ لە وێنە، ئەمانە یادەوەری و ئەدگاری خۆشی ژیانی منە، منێكی تەنیا و تەنیا ماوە، لەناو جەنگەڵی ژیان.
ئامینە خاتوون بە دەنگی بەرز، باسی لەوە دەكرد كە "زۆر باش و چاكم، ئەوە دەبینی شەلم، كوێرم، كەڕم، ساڵێكە بەهۆی پێمەوە توانای هەستانم زۆر كەم بووە، بینینی چاوەكانم زۆر كز بووە، گوێچكەكانم گران بوون و بە دەنگی بەرز نەبێ حاڵی نابم.

ئامینە /81 ساڵ/ لە دوای 19 ساڵ لە كۆچی دوایی ماملێ، جامانە كوردەوارییەكەی ماملێی بەسەرەوەیە، خۆی دەڵێ، مردنی ماملێ قەڵەمی دەست و پێیەكانی شكاندم، ئەو هاوژینێكی زۆر باش بوو، هەمیشە ڕێزی دەگرتم، ئەمەش كەم نییە! پیاوی زۆر چاك بوو، تا بڵێی چاك بوو، هەرچەند تاریفی بكەم لە ئەژمار نایەت، قسەی زۆر خۆشی هەبوو. بەڕاستی كاتەكانمان بەخۆشی بەسەر دەبرد، چیرۆكێكی بەیەكەوەبوونمان بۆ "وشە" دەگێڕمەوە، ماملێ هەمیشە شەوان درەنگ دەهاتەوە، منیش شەوێك گوتم: پیاوەكە دروست نییە تۆ شەوان درەنگ دێیتەوە ماڵ و هاوژین و منداڵت هەیە، لە وەڵامدا، فەرمووی: "ئامینە با حاڵیت بكەم، من لە خەڵكم، هی خەڵكم، بۆ خەڵكم، دەسەڵاتی خەڵكم نییە". وەڵامی پرسیارەكەی بە ڕاستی دامەوە، بۆیە مامۆستا هێمن موكریانی دەیگوت: تۆ دەنگت خۆشە، بۆ حاڵت وایە. 
بەگوتەی ئامینە، لە دوای كۆچی محەمەدەوە بە بەردەوامی كوردانی پارچەكانی كوردستان، بەتایبەت باشوور و خەڵكی تەواوی شارەكانی ڕۆژهەڵات (كرماشان، ئیلام، سەقز و سنە، بۆكان و ڕەزایە) و شارەكانی تر سەردانم دەكەن، دانیشتووانی مەهاباد بە هەمیشەیی دێنە لام، لەسەر دەرگەوە دەڵێن: كوردین! كورد، كە گوێم لە دەنگیان دەبێ جەستەم ئارامی پێدا دێ و دڵم دەگەشێتەوە، خۆشەویستی خەڵك بۆ من گەورەترین سەروەت و سامانە، دنیای بە هی خۆم دەزانم. بە قوربانی ئەو خەڵكە بم، ڕێزی زۆریان لە ماملێ دەگرت و ئاگایان لێ بوو، ئێستەیش بەهەمانشێوە ڕێزی من دەگرن و وەك ڕێز بۆ ماملێ دێنە لام. بەڵام بریا هیچمان نەبووایە، تەنیا "ماملێ"مان هەبووایە. 

بە زەردەخەنەیەكەوە گوتم بۆ ئێستە هیچتان هەیە؟. لە وەڵامدا بە پێكەنینەوە گوتی: نا. ئەگەر خۆی بمایە، خۆشتر بوو، لەوەی نانی شەوێمان نەبووایە، بەڵام داری بریا بە بریا نایەتە دی.

ئامینە خاتوون بە تەنیا دەژی و ڕۆژانە كچێكی سەردانی دەكات و لەلای دەمێنێتەوە و پێشوازی لە خەڵك دەكەن. وەك خۆی گوتی "ماملێ لە ماڵەوە گۆرانی بۆ دەگوتم، ئاخر چۆن دەبێ لە دەرەوە گۆرانی بۆ خەڵك بڵێ و لە ماڵەوە گۆرانی بۆ من نەڵێ؟. من زۆرم حەزم لە گۆرانی (كەمەرە شل) دەكرد، ڕۆژێكیان بۆ دیدار سەردانیان كردین، لێیان پرسیم حەز بە چ گۆرانییەكی ماملێ دەكەیت؟ گوتم تەنیا حەزم لە گۆرانی كەمەرەشلە، محەمەدیش گوتی ئامین گیان، گۆرانی كەمەرەشل من نەمگوتووە، حەسەن گەرمیانی گوتوویەتی، گوتم بەخودا زۆر ئیشتیام لەو گۆرانییەیە، هەر كەس گوتبێتێ، پێم خۆشە. هەر لەو كاتەدا، گۆرانی كەمەرەشلی بۆ گوتم". 

خاتوون لەكاتی گێڕانەوەی ئەم باسە، لەبەر خۆیەوە كەمەرەشلی گوتەوە: "ڕەشە ڕەیحانە كەمەرەشل، خۆمی پێ ڕەش كەم، لە دوای باڵای تۆ كەمەرەشل، دڵ بە كێ خۆش كەم، كەمەرەشل، كەمەرەشل، بۆی دێنم شل و مل" 
"عەیبە باسی خۆم بكەم، بەڵام خۆم كەمەرەشل بووم، ئەوكاتە وەك ئێستە شەل و كوێر و كەڕ نەبووم، دواتر حەسەن گەرمیانی بۆ خۆشی بە منداڵەكانمی گوتبوو: دایكت بە گۆرانیی كەمەرەشل عاشقی باوكتان بووە". ئامینە وای گوت.

ئامینەخانم، بەشێك لە كەلوپەلەكانی ماملێی بەخشیوە بە مۆزەخانەی ماڵی مامۆستا هێمن، كە ژوورێكیان تایبەت كردووە بە ماملێ، هەروەها بەشێكی تری كەلوپەلەكانی بۆ ماڵی ماملێ داناوە كە لە قەڵادزێ كراوەتەوە، هەرچەندە هێشتا نەگەیشتووەتە ماڵی ماملێ.

ئەگەرچی ئامینەخانم تەمەنی هەڵكشاوە، وەلێ هەمیشە زەردەخەنە لەسەر لێوەكانیەتی و دەڵێ: شەلی و كوێری و كەڕی، بێهێزم ناكا، هەمیشە دڵخۆشم.

وشە/ مەهاباد- زامدار ئەحمەد




وشە - وشه‌