دوای یەک مانگ لە هاوسەرگیری لە یەکەم ڕۆژی جەژن تەڵاق درا

:: AM:10:50:17/06/2018 ‌

 

ژاکاو و هیمداد ماوەی پێنج ساڵ پێوەندی خۆشەویستی لەنێوانیان هەبووە، چەندین کێشەی جۆراوجۆریان بۆ دروست بووە تاوەکو هاوسەرگیریان ئەنجام داواە، بەڵام لەدوای هاوسەرگیرییەکی ئەستەم تەنیا یەک مانگ بەیەکەوە بوون و هیمداد ژاکاو تەڵاق دەدات، هۆکاری تەڵاقدانەکە تاوەکو ئێستە بۆ ژاکاو و خێزانەکەی ڕوون نییە چونکە هیمدادی هاوسەری تەنیا پێی گوتووە ناگونجێن و نایەوێت ژیانی لەگەڵی بفەوتێت، لەیەکەم ڕۆژی جەژندا تەڵاقی دەدات.

 

ژاکاو ژنێکی دانیشتوی هەولێرە و هاوسەرگیری لەگەڵ هیمداد کردووە، هاوپیشەن و لەکاتی کارکردنیان بەیەکتری ئاشنابوون و ماوەی پێنج ساڵ پێوەندیان هەبووە سەرەتا هاوڕی بوون دواتر بوون بە خۆشەویست، خێزانی هەردوولا سەرەتا ڕازی نەبوون بەو هاوسەرگیریە، بەڵام ئەوان کۆڵ نادەن تاوەکو بەیەک دەگەن، ژاکاو بۆ "وشە" باسی جیابوونەوەی دەکات لە خۆشەویست و هاوسەرەکەی لەیەکەم ڕۆژی جەژندا و دەلێت، "ئەوەی ئەقڵ تەسەوری ناکات لەپێناو بەدەستهێنانی دڵێ و ڕەزامەندی  خێزانی هیمداد کردم بەڵام سودی نەبوو منیان کرد بە چیرۆکێک کە هەر کەسەو بەجۆرێک سەرەتا و کۆتای بۆ دروست دەکات."

 

لەبارەی ناسین و پێوەدییەکەیان ژاکاو گوتی، لەسەرەتای ناسینی زۆربەی هاوڕێکانم ئاگاداریان کردم کە خۆمی لێ بپارێزم چونکە لەگەڵ چەند کچێک پێوندی هەبووە و زۆر کاری خراپی بەرانبەر کردوون، بەڵام من نەمبیست سەرەتا هاوڕێ بووین لەلای من خۆی کردبوو بە فریشتە کەچی ڕێوی دەرچوو، دوای ماوەیەک لە هاوڕێیەتی بووین بە خۆشەویست بیرکردنەوەمان زۆر جیاواز بوو، من کچێکی سەربەست بووم بەڵام ئەو زۆر دڵپیس بوو لەبەر ئەو هەموو شتێکی خۆمم گۆڕی سەر لەبنی ژیانم وەک ئەوە لێکرد ئەو دەیویست تەنانەت بە پرسی ئەو دەجووڵامەوە، لەکاتێکدا من کێچێکم خاوەن کارێکی باش و بەڕێوەبەری بەشێکی گرنگ و گەورەی کۆمپانیایەکی ئەهلی بووم و تەمەنم 30 ساڵە، ئەوەی لەبەر ئەو کردم دەگونجا کچێکی زۆر ژێردەستە و نا ئازادی تەمەن 20ساڵ بیکات.

 

دوای پێنج ساڵ لە پێوەندی نیوانیان بڕیار دەدەن هاوسەرگیری بکەن، ماڵی باوکی هیچ کامیان ڕازی نابن، مالێ باوکی ژاکاو دەڵێن ئەو کوڕە لەهیچ شتێکدا هاوشێوەی کچەکەیان نیەو دڵنیان لەوەی هاوسەرگیریەکەیان سەرکەوتوو نابێت، ماڵی باوکی همیدادیش دەڵێن ئێمە کچێک ناهێنین وەک پیاو لەدەرەوە کار بکات ژن دەبێت لەماڵەوە خزمەتی پیاو بکات و چاکەت و پانتۆڵی وەک پیاوان لەبربکات، بەڵام ژاکاو لە پێناو خۆشەویستیەکەی واز لە هەموو شتێک دەهێنێت.

 

ئەو نایشارێتەوە تاوانی خۆی بووە ڕازی بووە بە هەموو ئەو مەرجانەی هیمداد و خێزانەکەی بۆیان داناوە، بەڵام جەخت لەوەش دەکاتەوە کە لە پێناو خۆشەویستەکەی و لەدەست نەدانی ڕازی بووە، ژاکاو واز لە کارەکەی دەهێنێت و بڕیار دەدات ببێت بەژنی ماڵ و خزمەتی هیمداد و دایک و باوکی بکات، هاوسەرگیری دەکەن و تەنیا دوو هەفتە لەسەر یەک جێگە دەمێننەوە دواتر هیمداد دەگەڕێتەوە بۆ باوەشی دایکی.

 

 

لەباسی هاوسەرگیرییەکەیان ژاکاو ئاماژەی بەوە کرد، لەبەر ئەوەی هیمداد لەڕووی ئابووریەوە بارودۆخی باش نەبووە ئەو هەموو خەرجی هاوسەرگیریەکەی کێشاوە و تەنیا یەک ئەلقەی بۆ کراوە، سەرەرای ئەوەی ڕازی بووە لەماڵی باوکی بژیت هەموو پێداویستی ناو مالێش خۆی کڕیویەتی، تەنانەت ئۆتۆمۆبێلی خۆشی داوە بە هیمداد، جەخت لەوەش دەکاتەوە کە هەموو هەوڵێکی داوە بۆ ئەوەی ژیانێکی ئارام و خۆش لەگەڵیان بباتە سەر بەڵام ئەوە ڕووی نەداوە.

 

ژاکاو دوای مانگێک لە هاوسەرگیری لەیەکەم ڕۆژی جەژن لەلایەن مامۆستای ئاینی تەڵاق دەدرێت و چاوەڕوانی پشوی جەژن تەواو ببێت و لەڕووی یاساییشەوە لەیەکتری جیاببنەوە، لەباسی گەشتنیان بە تەڵاق گوتی، ماوەی دوو هەفتەی یەکەم باش بوو پەیوەندیمان هەمیشە پێی دەگوتم لەمن زیاتر ڕیزی دایکم بگرە، منیش لەبەر ئەو ئەوەندە خزمەتی دایکم دەکرد هەر مابوو بیخەمە سەر سەرم کەچی دوای ئەو دوو هەفتەیە هەموو شێک پێچەوانە بوو، هەر ڕۆژە و شتێکی دەفرۆشت، نەم دەوێرا هیچ بڵێم هاواری دەکرد و دەنگی بەسەرمدا بەرزدەکردەوە کار گەیشتە ئەوەی دەچووە ژووری دایکی دەخەوت و منیش بووکی دوو هەفتەیی تابەیانی لەداخی درۆکانی جارانی دەگریام.

 

زیاتر گوتی لەگەڵ دایکی هیمداد زۆر هەوڵی داوە کە نەهێڵێت کێشەکان گەورە ببن سەرەتا وای زانیوە کە دایکی هیمداد لەپشتی ئەوە چونکە وا خۆی نیشان داوە، بەڵام وا دەرناچێ، کەژال ئەوە دووپات دەکاتەوە کە ئەو نەیویستووە بەهێچ شێوەیەک جیا ببێتەوە بەڵام هیمداد و ماڵی خەسووی هەموو شتێکیان تێکداوە.

 

خەسووی لە هەفتەی کۆتای ڕەمەزاندا بە ژاکاو دەڵێت بچۆرەوە ماڵی باوکت باش بیر بکەوە و ئێمەش لێرە وادەکەین هیمداد هەست بە نەبوونیت بکات و پێش جەژن هەموو کێشەکان چارە دەبن، ئەو دەڵێت "ئەو ژنەی لەدایکم زیاتر خزمەتیم کردبوو وەک ژنێکی نوروانی خۆی نیشان دەدا گوتم بە بێگومان باشی من و کوڕەکەی دەوێت بەبێ ئەوەی بە هیمداد بڵێم چوومەوە ماڵی باوکم، کەچێ لەو ماوەیەدا هەزار جار سووکایەتیم پێ کرا و ئاخیر شت لە بەیانی جەژندا بەخۆیان و مامۆستایەکی ئایینییەوە هاتنە ماڵمان و تەڵاقیان دام خەسووم گوتی پرسی بەمن نەکردووە و هیمدادیش بە کەسێکی بێ ئابڕوو و تەربیەت نەدراوی هەژمار کردم."

 

لەکۆتا قسەیدا ژاکاو ئاماژەی بەوەکرد کە زۆر کەس هەن باوەڕ بەو چیرۆکەی ناکەن، گوتی ناهەقیان ناگرێت چونکە ئەو خۆی و ماڵەوەشیان هێشتا ناتوانن بڕوا بەوە بهێنن کە ئەو بابەتە چۆن ڕووی داوە، جەختیشی لەوە کردەوە کە ترسی گەورەی ئەو لە زمانی زبری خەڵکە کە چەند چێرۆکی جۆراوجۆری بۆ دروست دەکەن لە کاتێک ئەو خۆی لە گەورەترین کارەسات دایە و ئەوان برینەکەی قووڵتر دەکەن، دەڵێت قسەی بۆ هەموو تاکێک ئەوەیە کاتێک کەسێك بریندار دەکرێت ئەگەر ناتوانن ساڕێژی بکەن خوێش بە برینەکەیدا مەکەن.


هەولێر/ئیڤان عەبدولرەحمان


وشە - سلێمان تاشان