ئەمڕۆ یەکشەم سێیەم
رۆژی جەژنی رەمەزان، بەمەبەستی بەسەربردنی کاتێکی خۆش گەشتیارێکی زۆری نێوخۆیی و بیانی
روویان لە ناوچە گەشتیارییەکانی دەڤەری سۆران کردووە و لە یەکێک لە رووبارەکانیش
ئافرەتێکی عەرەب و گەنجێکی کورد گیانیان لە دەست دا و لە مێرگەسۆریش کچێک کەوتووەتە نیو رووبار و
حەوت رۆژە تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە.
عەمید عیماد رێکانی
بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی سۆران بە "وشە"ی راگەیاند سەر لە بەیانی ئەمڕۆ
ژمارەیەکی زۆری گەشتیار روویان لە رووباری بەرسرینی رواندز کردوە و خانەوادەیەکی عەڕەبی بەغدا نانی بەیانیان لە سەر رووبار خواردووە
و دوای تەواوبوون یەکێک لە ئافرەتەکان بەناوی " زەهرا هاشم " لەدایکبووی
1982 بەنیاز بووە قاپ و کەل و پەلەکانی بشوات و لە ئەنجامدا پێی دەخزێت و دەکەوێتە
نێو رووباری بەرسرینی رواندز و دەستبەجێ گیانی لە دەست دا و دوای دەرهێنانی تەرمەکەی بۆ دڵنیایی زیاتر رەوانەی پزیشکی دادی سۆران کراوە.
"هەر ئەمڕۆ
و لە هەمان شوێن گەنجێکی کورد بەناوی " جەبار عوسمان سەعید" تەمەن 20 ساڵان
و خەڵکی رواندز بەهۆی نەزانینی مەلەوانی لە رووبارەکە دەخنکێت و تائێستەش تەرمەکەی
نەدۆزراوەتەوە و تیمەکان خەریکی گەڕان و سووڕانن و بەدوایدا دەگەڕێن" .عیماد رێکانی وای گوت.
هاوکات لە رووباری شانەدەری سنووری مێرگەسۆریش کچێکی
١١ ساڵانی دەڤەرەکە ماوەی حەوت رۆژە کەوتووەتە نێو رووبار و تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە
و تیمی مەلەوانی بەرگری شارستانی لە رووبارەکانی دەڤەرەکە بەدوایدا دەگەڕێن .
بەڕێوبەری بەرگری
شارستانی سۆران لە ڕێگەی " وشە " داوای لە هاووڵاتیان و گەشتیاران
کرد" پابەندی رێنوێنی و ئاگادارییەکانی بەرگری شارستانی بن تا دوور بن لە مەترسی
خنکان .
لە رۆژانی
رابردوو، بەرگری شارستانی سۆران لە هەڵمەتێکدا تابلۆی ئاگادارکردنەوەی لەو شوێنانە
هەڵواسیوە کە مەترسیان لەسەر گیانی گەشتیاران و هاووڵاتییان هەیە .
رواندز/موڕشید
برادۆستی