یارییەكانی ئەمڕۆ دووشەمی مۆندیال 2018ی رووسیا

:: AM:11:18:18/06/2018 ‌

ئەمڕۆ دووشەم 3 یاریی لە قۆناغی كۆمەڵەكانی مۆندیالی 2018ی رووسیا بەڕێوە دەچن كە یارییەكان لە كۆمەڵەی شەشەم دەبێت و دوو یارییەكەی تریش لە كۆمەڵەی حەوتەم.

دوێنێ یەكشەم یارییەكی كۆمەڵەی شەشەم لەنێوان هەردوو هەڵبژاردەی ئەڵمانیا و مەكسیك بەڕێوەچوو و تێیدا بەشێوەیەكی چاوەڕوان نەكراو هەڵبژاردەی مەكسیك بە گۆڵێكی بێ وەڵام پاڵەوانی مۆندیالی رابردووی تێكشكاند.

ئەمڕۆ دووشەمیش سەعات 3ی دوای نیوەڕو یارییەكەی تری كۆمەڵەی شەشەم لەنێوان هەردوو هەڵبژاردە سوێد و كۆریای باشوور لەنێو یاریگەی نیژنی نۆڤگۆڕۆد بەڕێوە دەچێت، یارییەكەش لەلایەن دەستەیەك لە ناوبژیوانانی سلۆڤینی بەسەركردایەتی جۆیل ئەگویلار بەڕێوە دەچێت.

دوو یارییەكەی تر لە كۆمەڵەی حەوتەم دەبێت، سەرەتا سەعات 6ی ئێوارە بەكاتی كوردستان هەردوو هەڵبژاردەی بەلجیكا و پەنەما لەنێو یاریگەی فیشت ئۆڵەمپیك رووبەڕووی یەكتر دەبنەوە، ناوبژیوانانی یارییەكەش زامبین بەسەركردایەتی جانی سیكازوێ.

یاریی دووەم كە یاریی لووتكەی ركابەرییەكانی ئەمڕۆی مۆندیالە لەنێوان هەردوو هەڵبژاردەی توونس و ئینگلتەڕا دەبێت، یارییەكەش لەلایەن دەستەیەك لەناوبژیوانانی كۆڵۆمبی بەسەركردایەتی ویلمار رۆلدان پێرێز لەنێو یاریگەی ڤۆڵڤۆگڕاد ئەرینا بەڕێوە دەچێت.

جێی باسە سبەی سێشەمیش دواین یارییەكانی گەڕی یەكەمی قۆناغی كۆمەڵەكانی مۆندیال بەڕێوە دەچن و تێیدا لە كۆمەڵەی هەشتەم هەڵبژاردەكانی كۆڵۆمبیا – ژاپۆن و پۆڵەندا – سەنیگال رووبەڕووی یەكتر دەبنەوە.
 




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م