یەكێتی دوای 43 ساڵ نەیتوانی سەركردەیەك دروست بكات

:: AM:11:26:18/06/2018 ‌
43 ساڵ تەمەنی یەكێتی، نەبووە هەوێنی مانەوەی ئەو حزبە لە دوای تاڵەبانی بۆ چەند ساڵێك بە یەكگرتوویی، دوای تاڵەبانی ئەو حزبە تەمەن 43 ساڵە بێ‌ سەركردە ماوەتەوە و لە ئەگەری هەر مەترسییەك بۆ سەر بەرژەوەندیی سیاسیی و ئابووری هەر بەرپرسێكی، مەترسیی لێكترازانی تری لێ‌ دەكرێت.

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان 1ی 6ی 1975 وەك حزبێكی سیاسیی ڕاگەیەنراوە، ئەگەرچی لە مێژووەكەیدا هەوراز و نشێوی و جیابوونەوەی زۆری تێدایە، بەڵام بوونی جەلال تاڵەبانی وەك سەركردەیەكی كاریزمی و خاوەن بڕیار ئەو حزبەی هێشتبووەوە، كەچی دوای تاڵەبانی، ئەو حزبە لە درێژەی 43 ساڵ خەباتیدا نەیتوانیوە چەند سەركردەیەك پەروەردە بكات كە دوای تاڵەبانی بتوانن ڕۆڵی سەرەكیی بگێڕن و وەك خۆیان دەڵێن "ببنە هەوێنی پاراستنی یەكێتی ناو یەكێتی"، ئەمە بۆ چاودێرانی سیاسی بەرانبەر حزبێكی 43 ساڵییە لاوازییە و ئاماژە بەوەیش دەدەن كە "یەكێتی لە دوای تاڵەبانی ئاسۆیەكی ڕوونی لەبەردەمدا نییە".

سەلام عەبدلكەریم نووسەر و چاودێری سیاسی لە سلێمانی، پێی وایە كە كێشەی حزبی كوردی دوای سەركردە كاریزمییەكانیان هەر تەنیا كێشەی یەكێتی نییە، بەڵكو كێشەی سەرجەم حزبەكانی هەرێمی كوردستانە و باس لەوە دەكات "هەموویان لەو ڕووەوە وەك یەك وان".

سەلام بۆ "وشە" گوتی، "بێگومان ئەو حزبانەی خۆیان بە كراوە دەزانن، دەبێت جیاواز بن لە هێزەكانی تر لە ڕووی كاری حزبی و ڕێكخراوەیی و دەستاودەستی دەسەڵاتەوە".

یەكێتی لە مێژووی 43 ساڵی خۆیدا، زیاد لە چوار جار دووچاری لێكترازان بووە، بەڵام كاریگەرترینیان جیابوونەوەكەی نەوشیروان مستەفا بوو لە ساڵی 2006دا و دروستكردنی بزووتنەوەی گۆڕان لە ساڵی 2009دا.

ساڵی 2010 یەكێتی بۆ پڕكردنەوەی بۆشایی نەوشیروان مستەفا ‌و سەركردەكانی تر، كۆنگرەی بەست، تێیدا سەركردایەتییەكی نوێ هاتە هەڵبژاردن ‌و دوو جێگری سكرتێر دانران، ئەوانیش كۆسرەت ڕەسووڵ‌ و بەرهەم ساڵح بوون. بەڵام ئەم كۆنگرەیەش نەیتوانی ناكۆكییەكانی یەكێتی بنبڕ بكات، دووریی جەلال تاڵەبانی ‌و دواتر نەخۆشكەوتنی لە مانگی كانوونی یەكەم/دیسێمبەری 2012 و مردنی، ناكۆكییەكانی ناو حزبەكەی زیاتر كرد، ئەوەش وایكرد یەكێتی لە هێزی دووەمی كوردستانەوە ببێت بە هێزی سێیەم.

عەبد ئەمین مامۆستای زانكۆی سلێمانی و چاودێری سیاسی، ئەوە دەخاتە ڕوو كە یەكێتی تەنگژەی نەبوونی سەركردەی نییە، بەڵكو تەنگژەی بەرژەوەندی و ئابووری وای لەو حزبە كردووە لەگەڵ یەك ناكۆك بن و هەر كامێكیان هەڵبژاردنی كەسێكی تریان بە لێدان لە بەرژەوەندییە ئابوورییەكانی خۆی دەبینێت.

ئەو چاودێرە سیاسییە بۆ "وشە" ئەوەی روون كردەوە كە "تا تاڵەبانی مابوو هەموویان چووبوونە ژێر چەتری ئەو، بە نەخۆشكەوتن و دواتر مردنی تاڵەبانی، دەركەوت ددانەكان چۆن لە جەستەی یەكێتی گیر كراون و ئەو حزبەیان كرد بەوەی ئێستە هەیە".

لێكترازانەكانی یەكێتی لە نەوشیروان مستەفادا كۆتای نەهات، مانگی ئەیلوولی ساڵی 2016، هەردوو جێگرانی سكرتێری یەكێتی ناوەندی بڕیاریان لەو حزبەدا ڕاگەیاند، دواتر كۆسرەت ڕەسووڵ چووەوە كۆبوونەوەكانی مەكتەبی سیاسی و بەرهەم ساڵح لە یەكێتی جیا بووەوە و لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری ئەمساڵ 2018دا لیستی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری دروست كرد و دوو كورسیی پەرلەمانی عێراقی بە دەست هێنا.

عەبد ئەمین دەڵێ، "حزبێك 43 ساڵ مێژووی هەبێت و خەباتی نەبڕاوەی كردبێت، چۆن دەبێت ئەمڕۆ بەرژەوەندییە كەسییەكان بەو حاڵەی بەرن، واتا یەكێتی دەیەوێت لە دوای مام جەلالەوە هەر بەم جۆرە سیاسەت و حزبایەتی بكات، ئەگەر بڕوایان وابێت خۆیان، چەند ساڵێكی تر یەكێتی دەبێتە حزبێكی زۆر بچووك و بێ كاریگەر".
لە دوای جیابوونەوەی بەرهەم ساڵحیش هێشتا یەكێتی لە نەبوونی سەركردەیەكی كۆكەرەوەدا لە بەردەم لێكترازانی تردایە، بەپێی زانیارییەكان ترسێكی گەورەی بەشێكی یەكێتی لە نەبەستنی كۆنگرە كە دەبوو چوار ساڵ بەر لە ئێستە ببەسترایە ئەوەیە، لەو كۆنگرەیەدا ناكۆكییەكان بتەقنەوە و چارەسەر نەكرێن و ترازانی گەورە ڕوو بدات.

بەڵام بەدەر لە كۆنگرەیش، ئێستەی یەكێتی كە بە دەیان كێشەی ناوخۆیییەوە گیرۆدەیە و هەر بەرپرسە و بەرژەوەندییەكی هەیە، لێكترازان و جیابوونەوە لەو حزبەدا لە ئانوساتدایە.

سامان گەرمیانی ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی بۆ "وشە"ـی ئاشكرا كرد، ڕاستە یەكێتی دووچاری كێشەی ناوخۆیی بووەتەوە، بەڵام یەكێتی هەر بە بەهێزی دەمێنێتەوە و لە داهاتووشدا بەهێزییەكەی دەبینن.

ئەو گوتی، "مێژووی یەكێتی یەكسانە بەو كێشە و هەوراز و نشێویانە، دەمێنێتەوە و زۆر لە جارانیش بەهێزتر دەبێتەوە، یەكێتی سەدان سەركردەی جەربەزە و عاقڵ و لەخۆبردووی هەیە، بۆیە دەمێنێتەوە."

وشە/ سلێمانی- تایبەت





وشە - تایبه‌ت