حكوومەت وادەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان دیاری دەكات

:: PM:02:55:19/06/2018 ‌
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر ڕای گەیاند، لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستاندایە كە وادەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان دیاری بكات.

ئەمڕۆ سێشەم 19ی حوزەیران، كەنعان خەیلانی سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بە "وشە"ی ڕاگەیاند، مانگێك دەبێت نووسراویان ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كردووە، بۆ ئەوەی وادەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان دیاری بكات.

زیاتر گوتی، تا ئێستە ئەنجوومەنی وەزیران وەڵامی نەداتەوە، بەڵام لە دەسەڵاتی ئەواندایە كە وادەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان دیاری بكەن.

لێدوانی ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لە كاتێكدایە كە لە دوایین كۆبوونەوەی نێوان پارتی و یەكێتی گفتوگۆ لەسەر دیاری كردنی وادەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان كراوە. وەك ئەوەی سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی ئاماژەی بۆ كرد.

ئەنجوومەنی پارێزگاكان ماوەی هەڵبژێردراویان لەممانگەوە تەواو دەبێت و دوای 90 ڕۆژی تر دەكەونە بۆشایی یاساییەوە و تا ئێستە وادەی هەڵبژاردنەوەیشیان دیاری نەكراوە كە پێناچێت لە كاتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە وادەكەی 30ی ئەیلوولە بەرێوە بچێت.

 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم