هێزەكانی حەشدی شەعبی لە سووریا بۆچی بۆردومان كران؟

:: PM:08:53:19/06/2018 ‌

لە بەغدا مشتومڕ لەبارەی ئەو هێرشە ئاسمانییەی شەوی یەكشەم لەسەر دووشەمی رابردوو كرایە سەر هێزەكانی حەشدی شەعبی لەناو سنوورەكانی سووریا بەردەوامە كە پەنجەی تۆمەت زیاتر بۆ فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل درێژ دەكرێت، ئەوەش دوای ئەوەی ئەمەریكا رەتی كردەوە كە بەرپرس بێت لە رووداوەكە، بەڵام چی رووی داوە؟.

دوای چەند سەعاتێكی كەم لە دەركردنی بەیاننامەی فەرماندەیی ئۆپراسۆنەكانی هاوبەشی عێراق (وەك باڵاترین لایەنی سەربازی لە عێراق) و بەیاننامەی حەیدەر عەبادی وەك فەرماندەیی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق كە بێبەریبوونی خۆیان لەو هێزانە پێشان دا كە لەناو خاكی سووریان و هێرشیان كراوەتە سەر، دووپاتیان كردەوە كە هێزەكانی عێراق لەسەر سنوورەكانن نەوەك لەناو سنوورەكانی سووریا و ئەوان دووچاری هێرش نەبوونەتەوە، لەو كاتەدا وەزارەتی دەرەوەی عێراق بەیاننامەیەكی دەركرد و سەركۆنەی كردنەئامانجی چەكدارانی لەناو حاكی سووریا كرد بەوەی بەو شێوەیە یارمەتی داعش دەدرێت، لەو كاتەیش كە حەشدی شەعبی لە بەیاننامەیەكدا سەركۆنەی هێرشەكەی كرد. 

لەو بارەوە گەورە بەرپرسێكی عێراق بە "عەرەبی ئەلجەدید"ی راگەیاند، ناكۆكییەكی گەورە لە نێوان سەرۆك وەزیران و سەرانی حەشدی شەعبی لەبارەی رووداوەكە هەیە، چونكە هێرشەكە یەكێك لە دیارترین دۆسییەكانی هەڵپەسێردراوی نێوان سەرۆك وەزیران و حەشدی شەعبی كردەوە كاتێك حەیدەر عەبادی رەتی دەكاتەوە ئەوان بچنە ناو خاكی سووریا و پاڵپشتی لە رژێمی ئەسەد بكەن. لەو كاتەی هەڵوێستی ئیبراهیم جەعفەری وەزیری دەرەوە لەوبارەوە لایەنگری بۆ حزبەكەی و لایەنی ئێرانی تیادا بوو.

لەبارەی ئەو شوێنەی كراوەتە ئامانج روونی كردەوە، ئەو شوێنە سەنتەرێكی چاودێری هەواڵگری بووە لەلایەن هاوپەیمانی چوارقۆڵی (ئێران و سووریا و عێراق و رووسیا) پشتی پێ دەبەسترا كە چەندان ئامێری پێوەندیكردن و ئالوگۆڕكردنی زانیارییەكانی تیادا بووە، جگە لە سەنتەری چاودێریكردنی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان و وەك پێگەیەكی سەرەكیی هەواڵگری لەناو ژووری ئۆپراسیۆنەكانی هاوپەیمانی چوارقۆڵی دیاری كرابوو كە ئەفسەری هەواڵگری سووریا و فرقەی چواری رژێمی سووریا و چەكدارانی حەشدی شەعبیشی تیادا بووە.

بەپێی سەرچاوەكە ژمارەی كوژراوان لە سوپای سووریا و میلیشیاكانی حەشدی شەعبی 60ی تێپەڕ كردووە كە پێشبینی دەكرێت زیندانیانیشی تیادا بێت لە هێرشەكەدا كوژرا بن، لەو ساتەی پەیامنێری "عەرەبی ئەلجەدید" لە شاری نەجەف ئاماژە دەكات كە تەرمی كوژراوانی حەشدی شەعبی گەیشتووەتە شارەكە كە 22 تەرم بووە و زۆرینەیان لە كەتیبەكانی حزبوڵای عێراقی و خوراسان و نوجەبا و لەناو كوژراوانیش سەید رازی و كوڕەكەی هەن، كە لەلایەن هاووڵاتییانی سووریا بە ئەنجامدانی تاوانی تایفی تۆمەتبار دەكرێن. 

لای خۆیەوە دكتۆر ئەحمەد شەریفی، شارەزای ستراتیژی و سەربازی لەبارەی هێرشەكە دەڵێت، وای دەبینم كە ئیسرائیل هێرشەكەی ئەنجام دابێت، چونكە ئەو ناوچەیە لەگەڵ چەند ناوچەیەكی تر بریتین لە هێڵی پاراستنی ئاسایشی ناوخۆی ئیسرائیل و هێرشەكەیش لە رێگەی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان و زۆر بەوردی و لە ئەنجامی هاوئاهەنگی نێوان ئەمەریكا و ئیسرائیل ئەنجام دراوە، دواتر بوونی هێزەكانی حەشدی شەعبی لە نزیك بنكەی سەربازی تەنف كە سێگۆشەی نێوان ئوردن و سووریا و عێراق بەیكەوە دەبەستێتەوە و تایبەتمەندی خۆی هەیە بەوەی قوڵاییەكی ستراتیژی بۆ ئیسرائیل هەیە، جیا لەوەی هێڵی تێپەڕبوونی وزەیە و بۆ ئەمەریكا زۆر گرنگە.

عەقید ئەدیب علێوی شارەزای سەربازی لەو بارەوە دەڵێت، ئەوەی ئیسرائیل پێی هەستاوە گۆڕینی ستراتیژیەتی جموجۆڵیەتی لەگەڵ ئێران و میلیشیاكانی سەر بەو لە سووریا، روونی كردەوە، پێشتر ئیسرائیل بارەكانی چەكی هاتوو بۆ حزبولای لبنانی دەكردە ئامانج، لەپاڵ هەوڵی دوورخستنەوەیان لە سنوورەكانی لە ناوچەی جۆلان و باشوور، بەڵام ئێستا دۆخەكە گۆڕاوە بەئاراستەی پاڵەپەستۆكردن بۆ نەهێشتنی بوونی سەربازیانەی ئێران و میلیشیاكانی لە سووریا كە هێرشەكە ئەوە دووپات دەكاتەوە.

تۆڕی هەواڵی "بی بی سی"ی ئەمەریكایی لە بەرپرسێكی ئەمەریكایی گواستەوە كە مەبەستی هێرشەكە گرووپێكی چەكداری لایەنگری رژێمی سووریا بووە لە نزیك ئەلبوكەمال و هێرشەكە لەلایەن هێزی ئاسمانی ئیسرائیلەوە ئەنجام دراوە.

زیاتر گوتی، هێرشەكەی ئیسرائیل گرووپێكی نزیك لە ئێرانی كردە ئامانج و دووپاتی كردەوە كە ئیسرائیل سوورە لەسەر بڕینی ئەو رێگایەی ئێرانییەكان دەیانەوێت لە تارانەوە بەرەو بەیرووت بیكەنەوە.

دوێنێ سەركردایەتی حەشدی شەعبی لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند كە فڕۆكەیەكی جەنگی ئەمەریكا بارەگایەكی جێگیری هێزەكانی حەشدی شەعبی لە لیواكانی 45 و 46ی بەرگریكار لە پشتێنەی سنووری لەگەڵ سووریا بە دوو مووشەك بۆردومان كردووە و لەئەنجامدا 22 چەكداریان كوژراون و 12ی تریش بریندار بوون.

لەو كاتەی ئەمەریكا رەتی دەكاتەوە كە ئەو هێرشەی ئەنجام دابێت، ئەگەری زۆر هەیە كە فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل هێرشەكەیان ئەنجام دابێت بەتایبەتی كاتێك باسی ئەوە دەكرێت بەشێك لە كوژراوەكان سەربازی ئێران و لایەنگرانی ئەوانن بە جلی سوپای سووریاوە دەجەنگن، جگە لەوەی یەكشەمی رابردوو بنیامین نەتنیاهۆی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی ئەو وڵاتە رای گەیاند كە پێویستە ئێران لە تەواوی خاكی سووریا پاشەكشە بكات، ئەگینا رێوشوێنی لەدژی بوونە سەربازییەكەی وەردەگرین. 




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل