هێزەكانی حەشدی شەعبی گوندێكی كوردنشینی كەركووك دەپشكنن

:: PM:11:43:19/06/2018 ‌

ئەمڕۆ سێشەم بەپاساوی گەڕان بەدوای چەك، هێزەكانی حەشدی شەعبی گوندێكی كوردنشینی سنووری پارێزگای كەركووكیان پشكنیوە.

بەپێی زانیارییەكانی دەست "وشە" گەیشتووە، ئەمڕۆ سێشەم هێزەكانی حەشدی شەعبی گوندی "كەڵهوڕ"ی كوردنشینیان لە باكوری شاری كەركووك ماڵ بەماڵ پشكنیوە بەپاساوی گەڕان بەدوای چەكدا.

شایەنی باسە گوندی كەلهوڕ دەكەوێتە نێوان پرێ ـ كەركووك و 250 ماڵ دانیشتوانیەتی و تا ئێستا دیار نییە هۆكاری پشكنینەكە چی بووە، بەڵام دانیشتووانی گوندەكە بە"وشە"یان راگەیاندووە كە پرۆسەكە پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ بەڕێوە چووە. سەرەتای داگیركردنی كەركووكیش لە ۱٦ی ئۆكتۆبەری پارساڵ سێ كەسی ئەو گوندە كوژران كە تا ئێستا دیار نییە بكوژەكان كێ بوون.

لە 16ی ئۆكتۆبەر هێزەكانی عێراق و میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بە یارمەتی باڵێكی ناپاكی ناو یەكێتی نیشتیمانیی كوردستان هێرشیان كردە سەر پارێزگای كەركووك و ناوچە كێشەلەسەرەكان لە نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق و ئەو ناوچانەیان كۆنترۆڵ كرد و لەو ساتەوە دەستیان كردووە بە ئازاردانی كورد و جێبەجێكردنی سیاسەتی تەعریب و پەراوێزخستنی كورد و دوورخستنەوەیان لە پۆستە گرنگەكانی ئەو ناوچانە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل