"وشە" كاتی دابەشكردنی مووچە ئاشكرا دەكات

:: AM:08:49:20/06/2018 ‌
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ماوەی سێ‌ مانگە دابەشكردنی مووچە لە كاتی خۆی دابەش دەكات و سەرۆكی لیژنەی پێشمەرگەش ئاشكرای دەكات بڕیاری ژمارە 19 بۆ پێشمەرگە لە مووچەی مانگی نیسان جێ بەجێ‌ دەكرێت.

ئەمڕۆ چوارشەم 20ـی حوزەیران/ یۆنیۆ، شیلان شێخ جەعفەر سەرۆكی لیژنەی پێشمەرگە و كەسوكاری شەهیدان لە پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بەپێی بڕیاری ژمارە 19ـی بڕیارە بۆ مانگی چوار مووچەی پێشمەرگە وەكو یەكەمین وەزارەت دابەش بكرێت.

سەرۆكی لیژنەی پێشمەرگە گوتی، دابەشكردنی مووچە تەواوی هێزەكانی پێشمەرگە دەگرێتەوە وەكو لیواكان و هێزەكانی 70 و 80 و دیوانی وەزارەت، بۆیە ئەو بڕیارە جێ‌ بەجێ‌ دەكرێت هەروەكو وەزیری دارایی پێی گوتین بۆ مووچەی مانگی نیسان.

بەپێی زانیارییەكانی "وشە" سەرەتای مانگی تەمووز لیستێكی مووچە بڵاو دەكرێتەوە كە بە مووچەی هێزەكانی پێشمەرگە دەست پێ‌ دەكات.

لە زانیارییەكان هاتووە، هاوشێوەی سێ‌ مانگی ڕابردوو وەزارەتی دارایی و ئابووریی لیستی مووچە لە سەرەتای مانگ ڕادەگەیەنێت و لە نێوان چوار بۆ پێنجی تەمووز دەست دەكرێت بە دابەشكردنی.

دابەشكردنی مووچە لە هەرێمی كوردستان تا ڕادەیەك لەكاتی خۆیدا دابەش دەكرێت و پێشبینی لابردنی پاشكەوتی مووچەش دەكرێت بەپەسەندكردنی پڕۆژە یاسایی چاكسازی و خانەنشینی.





وشە - رامیار جەواد