لە كوردستان دەرماڵەی مەترسی ژمێریاران لە هی كارمەندانی ناو گرتووخانەكان زیاترە

:: AM:10:45:20/06/2018 ‌
بوونی دەرماڵەی مەترسی ناشایستە لە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان كەس خۆی لێ ناكات بە خاوەن و تا ئێستەش هیچ ڕێكخستنەوەیەكی بۆ نەكراوە و لە یاسای چاكسازی خانەنشینی مووچەش نەگەڕاوەتەوە بۆ حكوومەت و بە شێوەی كۆن بەڕێوە دەچێت.

ئەمڕۆ چوارشەم 20ـی حوزەیران/ یۆنیۆ، ئازاد عەلی تەمەن 43 ساڵ كە فەرمانبەرێكی چاكسازی یەكێك لە شارەكانی هەرێمی كوردستانە كاری ئەو بریتییە لە چاودێریكردنی ژوورەوەی چاكسازییەكان ئەو بۆ "وشە" دەڵێت، كەس هێندەی من كاری پڕ مەترسی نییە و فەرمانبەریش هەیە لە ژووری ژمێریارییە دەرماڵەی مەترسی وەردەگرێت.

ئازاد ڕۆژانە كە كاری سەرەكی بریتییە لە مامەڵەكردن لەگەڵ بكوژ و ئەو كەسانەی تاوانی جۆراوجۆریان ئەنجام داوە گوتی، "من و براكەم ئەوە كارمانە تا ئێستە من دڵنیا نیم لە ژیانم هەرچەندە گرتووخانە هەمیشە لەژێر چاودێریدایە، بەڵام وادیارە كاتم نەهاتووە، بۆیە نەمردووم"، بەگوتەی ئەو فەرمانبەرەی چاكسازی ناشایستەی زۆر هەیە لە دەرماڵەی مەترسی و چەندان جار تووشی مەترسی بوونەتەوە.

بەهار مەحموود جێگری سەرۆكی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان بۆ "وشە" سەرجەم ئەو دەنگۆیانەی ڕەت كردەوە كە باس لە گەڕانەوە ڕێنوێنییەكان دەكرێت بۆ دەرماڵەی مەترسی فەرمانبەران بۆ حكوومەت.

جێگری سەرۆكی لیژنەی یاسایی گوتی، بۆ ڕێكخستنەوەی دەرماڵەی مەترسی فەرمانبەران پێویستی بە یاسا نییە، هەروەها بۆ ڕێكخستنەوەشی و حكوومەت خۆی دەزانێت.

سەعید عەلی پسپۆڕی ئابووری ئاشكرای كرد، كەس خۆی ناكات بە خاوەنی دەرماڵەكان و بەشی زۆری حزبەكان دەیانەوێت هاوشێوەی چەند ساڵەی ڕابردوو لەژێر دەستی بەڕێوەبەرەكان فەرمانبەر دەرماڵەی هەبێت.

ئەو پسپۆڕەی ئابووریی بۆ "وشە" دەڵێت، چەندان جۆر دەرماڵە هەیە، بەڵام بەهۆی جیاوازی و ڕێنوێنییەكان ناتوانرێت ڕێك بخرێنەوە، هەروەها دەرماڵەی مەترسی لە پڕۆژە یاسای چاكسازی لە دوو مادە ئاماژەی پێ كراوە، بەڵام وردەكاری دیاری نەكراوە بۆیە وەك خۆی هێشتوویانەتەوە، ئەوەش دەسەڵاتی بەرپرسەكان واڵا دەكات كێیان بوێت دەتوانن دەرماڵەی مەترسی بۆ دەركەن دەنا كەس لە پێشمەرگە شایستە تر نییە بۆ دەرماڵەی مەترسی، كەچی فەرمانبەری وا هەیە دەرماڵەی مەترسی هەیە لەبەر سپلیت دانیشتووە.



وشە - رامیار جەواد