داعش بە 72 سەعات 40 كەس دەكاتە قوربانی

:: AM:10:52:20/06/2018 ‌


دوای چەند مانگێك لە راگەیاندنی سەركەوتن بەسەر داعش، 72 سەعاتی رابردوو بە جموجۆڵەكانی لە باشووری مووسڵ و كەركووك و باكوری سەڵاحەدین، داعش بە تواناكانی دەركەوتنەوەی خۆی سەلماند كە بەهۆیەوە زیاتر لە 40 كەس كوژران و بریندار بوون و رفێنران لە ناویاندا چەكدارانی هێزی تەناهی و هێزی عەشایەر هەن.

داعش لە رێی بۆسەدانان لەسەر رێی دەرەكی باشووری مووسڵ یان دانانی بۆمبی چێنراو لەسەر رێیەكان هێرش دەكاتە سەر خەڵكی سڤیل و هێزە تەناهی و عەشایەرەكان.

بەگوێرەی زانیاری سەرچاوە تەناهییەكان لە مووسڵ، هێرشەكانی داعش لەماوەی سێ رۆژی رابردوو زۆر زیادی كردووە و بە تەواوەتی هەستی پێ كراوە بەتایبەت لە ناوچە كراوەكان و رێ دەرەكییەكانی مووسڵ بە ئەنبار و سەڵاحەدین و كەركووك دەبەستێتەوە.

ئەو سەرچاوە تەناهییە كە قسەی بۆ "عەرەبی جەدید" كردووە، دەڵێ بەهۆی بۆسەی داعش زیاتر لە 40 كەسی سڤیل و هێزی تەناهی و عەشایەر كوژراوان یان بریندار و رفێنراون، گوتی "لە چەند رۆژی رابردوودا بەهۆی هێرشی داعش بۆ سەر چەند گوندێكی شەمەر، 30 هاوڵاتی سڤیلیان رفاندووە".
ئەو سەرچاوە تەناهییە روونی كردەوە، خێرایی هێرشەكانی داعش و سوود وەرگرتن لە بیابان و ناوچە جیۆگرافییەكە و كشتوكاڵی ئەو گوندانە، هێزی داوەتە داعش ئاسانتر هێرشەكانی ئەنجام بدات، گوتی "پێ دەچێ داعش لەو ناوچەیە حەشارگەی لەژێر زەوی هەبێت، بۆیە دوای هێرشەكانی زوو دیار نامێنن".

عێراقییەكان ترسی ئەوەیان لێ نیشتووە جارێكی تر داعش دەست بگرێت بەسەر شارەكانیان دوای ئەو سەركەوتنە سەربازییەی بەسەر داعش لە كۆتاكانی ساڵی رابردوو بەدەست هاتن، كە تێچووەكی مرۆیی و دارایی لێ خەرج كراوە.

داعش لە رێی ئەنجامدانی چەند كردەوەیەكی تیرۆریستی جارێكی تر بە گوێی بەرپرسانی بەغدای راگەیاند من لێرەم، ئەمەش دەبێتە ناونیشانی سەرەتایەكی نوێ بۆ قۆناغێكی نوێ بە پلانێكی نوێ بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش، یان بە دیوەكەی تر شكستی هێزە تەناهییەكان و پلانەكانیان دەگەیەنێت لە بەرەنگاربوونەوەی داعش و پاراستنی ئەو ناوچانەی لە داعش پاك كراوەنەتەوە.

چاودێران پێیان وایە ناكۆكی و ململانێی سیاسی لەنێوان هێزە سیاسییەكان رەنگە هۆكاری سەرەكی دەركەوتنەوەی داعش بێت، دوای تێپەڕبوونی 40 رۆژ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، كە كۆتای ئەم مانگە وڵات دەكەوێتە بۆشایی یاسایی و ئەگەری زۆرە دۆخی تەناهی زیاتر لەوەی ئێستە هەیە داڕمێت و جموجۆڵەكانی داعش زیاتر ببن.

بەرپرسێكی عێراقی ئاشكرای دەكات كە چەندان جوڵەی داعش تۆمار كراوە لە ناوچە بیابانەكانی عێراق بە تایبەت دوای دۆزینەوەی تەرمی حەوت شوانی مەڕوماڵات لە كۆی ئەو 30 هاووڵاتییەی عەشیرەتی شەمەر كە لەلایەن داعشەوە رفێنرابوون.

هاوكات لەسەر رێی سەرەكی كەركووك سەڵاحەدین، داعش شوفێری بارهەڵگری لە ماوەی رابردوو رفاند و تا ئێستە چارەنووسیان دیار نییە.

عەلی نەواف ئەندامی ئەنجوومەنی شارۆكەی دۆرە لە پارێزگای سەڵاحەدین دەڵێ، چەكدارانی داعش هێرشیان بۆ سەر چەند گوندێك كە دەكەوێتە سنوورە هاوبەشەكانی باشووری مووسڵ و باكوری سەڵاحەدین بەهۆیەوە 30 كەسیان رفاندووە.

نەواف كە قسەی بۆ "فرانس پرێس"ی فڕەنسی كردووە و رۆژنامەی "عەرەب" بۆ راپۆرتێكی بەكاری هێناوە، گوتی "تەرمی حەوت لەو 30 كەسە دۆزراونەتەوە كە دەست و چاویان بەسترابوون و خوێن بە جەستەیانەوە بوو".

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی دۆرە پێی وایە یەكێك لە هۆكارەكان داماڵینی هاووڵاتییانی ناوچەكەیە لە چەك كە ناتوانن بەرگری لە خۆیان بكەن، هێزە تەناهییەكانیش وەك پێویست ناتوانن ناوچەكە بپارێزن بە تایبەت لە شەودا، گوتی "پێشتر داعش تەنیا بەشەو دەردەكەوت، بەڵام ئێستە بە رۆژیش دێتە دەرەوە، تەنانەت رەتڵی ئۆتۆمبێلەكانیان دیارن و خەڵك دەیانبینێت، بۆیە لەسەر حكوومەتی عێراق و سەركردایەتی سەربازییە رێگری لەوە بكات و ناوچەی جەزیرە لە سنووری سەڵاحەدین بپارێزێت".

بەهۆی هێرشەكانی داعش چەندان گوندی كاكەیی لە ناوچەی داقووق هەڕەشەی چۆڵكردنیان لەسەرە بەهۆی ئەوەی خەڵكی ناوچەكە ناتوانن بەرگری لە خۆیان بكەن و هێزەكانی تەناهیش نایانپارێزن. ئەو ناوچەیە بەردەوام لە ژێر هەڕەشەیە بەتایبەت دوای نەمانی هێزی پێشمەرگە لە سنووری كەركووك، كە مانگی ئاداری رابردوو لە هێرشێكدا داعش 30 چەكداری سوپای عێراق و میلیشیاكانی حەشدی كوشت.
 
لای خۆیەوە هەیسەم شەمەری یەكێك لە پیاو ماقووڵانی عەشیرەتی شەمەر، كە زۆرینەی قوربانییانی سڤیل و هێزی عەشایەری سێ رۆژی رابردوو لە هۆزی شەمەر بوون لە ناوچەی حەزەر و جەزیرە لە سامەڕا، مەفرەقەی سێ رێی سەرەكیی نێوان سەڵاحەدین و كەركووك و مووسڵ، رووداوەكە دەبەستێتەوە بە جموجۆڵەكانی شاری بوكەمالی هاوسنووری عێراق لە پارێزگای ئەنبار، ئەو پێی وایە زۆرینەی چەكدارانی داعش لەو شارە دزەیان كردووەتە ناو خاكی عێراق، گوتی "زانیاریی هەیە ئەوە پشتڕاست دەكەنەوە".

زانیارییەكانی هەیسەم شەمەری لە كاتێكدایە هەفتەی رابردوو بۆ چەند سەعاتێك داعش دەستی بەسەر شاری بوكەمالی رۆژهەڵاتی سووریا گرت، دوای ئەنجامدانی هێرشێكی خۆكوژی، بەڵام دواتر شارەكەیان چۆڵ كرد.

بەرپرسانی خۆجێی مووسڵ پێیان وایە هێزەكانی عێراقی بەو پلانە كلاسیكییە ناتوانن رووبەڕووی داعش ببنەوە، بۆیە پێویستە پلانەكانیان بگۆڕن و هەوڵە هەواڵگرییەكانیشیان زیاتر بكەن بۆ پووچەڵكردنەوەی هێرشەكانی داعش ئەنجامدانی نەك دوای ئەنجامدان و گەڕان بە دوایاندا.

عەلی ئەلحمەدانی كە قسەی بۆ "عەرەبی جەدید" كردووە، بۆشایی تەناهی بە گشتی لە عێراق هەیە هۆیەكەشی لاوازی دامەزراوەی هەواڵگرییە كە لە ئاستی مەترسییەكانی سەر عێراق نییە، چونكە ژمارەی چەكدارانی عێراق بەراورد ناكرێت بە داعش، كەچی لە مەیدان ئەوان براوەن، بۆیە ئەوەی روو دەدات جەنگێكی هەواڵگرییە كە داعش لەمەشدا براوەیە بۆیە دەتوانێت سەركەوتووانە هێرشەكان ئەنجام بدات تەنانەت بۆ سەر هێزە تەناهییەكان.

زیاتر گوتی "هێزە تەناهییەكان ناتوانن خۆیان بپارێزن چۆن دەتوانن هاووڵاتییانی گوندە دوورە دەستەكان و بیابانەكانی سامەڕا و ئەنبار بپارێزن".

پێوەند بەو پرسە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لە بەیاننامەیەكدا رایان گەیاند كە  داعش 10 هاووڵاتیی سڤیلی لەسەر پردی ئەبو عجارب رفاندووە لە نزیك گوندێكی سنووری حەزەر لە باشووری مووسڵ، دەستبەجێ هێزەكانی حەشد دوای داعش كەوتن، بەڵام ئەوان حەوت لە رفێنەرەكانیان كوشتبوو لە نزیك فڕۆكەخانەی باشووری مووسڵ، هێشتا گەڕان بەدوای ئەوانی تریش بەردەوامە.

بەرپرسانی تەناهی مووسڵ دەڵێن داعش 30 هاووڵاتیی سڤیلی لەسەر رێگەی شەرگات باشووری مووسڵ رفاندووە، ئەمەش باشترین بەڵگەیە كە داعش زۆر بە مەترسیداری لە باشووری مووسڵ بڵاو بوونەتەوە.
 
 



وشە - فه‌رمان سادق