سبەی یەكەم ڕۆژی هاوینە لە كوردستان

:: AM:11:32:20/06/2018 ‌
دیاردەیەكی فەلەكی ساڵانە روو دەدات و ناسراوە بە (وەرگەڕانی هاوینە – Summer Solstice) و ئەمساڵیش لە 2018.6.21 سەعات 11 و حەوت بەكاتی جیهان سەعات یەك و حەوت خولەكی دوای نیوەڕۆی سبەی پێنجشەم 2018.6.21 بەكاتی كوردستاندا یەكەم رۆژی هاوینە دەست پێ‌ دەكات.

ئەمڕۆ چوارشەم 20ـی حوزەیران/ یۆنیۆ، ئەژی چەتۆ لە رێكخراوی فەلەكناسی كوردستان  بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، سبەی پێنجشەم 2018.6.21 یەكەم رۆژی هاوینە لە نیوەگۆی باكور و زەویش لە دوورترین خاڵە لە خۆردا.
 
ئەژی دەڵێت، هەموو ساڵێك و لە 20 یان لە 21 ی حوزەیراندا، دیاردەیەكی فەلەكی روو دەدات و ناسراوە بە (وەرگەڕانی هاوینە – Summer Solstice) و ئەمساڵیش لە 2018.6.21 سەعات 11 و حەوت بەكاتی جیهان سەعات یەك و حەوت خولەكی دوای نیوەڕۆی سبەی پێنجشەم 2018.6.21 بەكاتی كوردستاندا یەكەم رۆژی هاوینە دەست پێ‌ دەكات.

بەرپرسەكەی رێكخراوی فەلەكناسی كوردستان  ئاشكرای دەكات ئەمڕۆ زەوی دەگاتە دوورترین خاڵ لە خۆر كە دەگاتە 152 ملیۆن و 97 هەزارو 701 كیلۆمەتر، بەڵام لەگەڵ ئەوەش لە نیوەگۆی باكوردا زەوی هاوین دەست پێ دەكات، چونكە لاریی تەوەرەیی خولانەوەی زەوی لەسەر خولگەكەی و هەڵبەز و دابەزینی ئاستی زەوی لەكاتی خولانەوەی بەدەوری خۆردا وا دەكات لە 20 یان 21 ی حوزەیرانی هەموو ساڵێك، تیشكی خۆر بە شێوەیەكی نیمچە ستوونی بێت لەسەر (خولگەی قڕژاڵ)ـی لە نیوەگۆی باكووری زەوی و كە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی لەبەر مانەوەی زیاتری خۆر لە ئاسمان و درێژبوونەوەی كاتی رۆژ بۆدواین ئاست.

لە باشووری زەویدا، تیشكی خۆر لار دەبێت لەسەر (خولگەی گیسك)، بۆیە لە دەرئەنجامی كەمیی مانەوەی خۆر لە ئاسمان و كورتبوونەوەی ماوەی رۆژو درێژبوونەوەی ماوەی شەو، لە نیوەگۆی باكوردا دیاردەی (وەرگەڕانی زستان)ـەیە، واتە دابەزینی زۆری پلەی گەرمیی دەست پێكردنی وەرزی زستان لە 20 یان 21 ی حوزەیرانی هەموو ساڵێك. ئەژی وای گوت.
 
لەكاتی وەرگەڕانی هاوینە لە جەمسەری بەستووی باكور و تاماوەیەكی دیكە خۆر لە ئاسمانیدا ئاوا نابێت و بە پێچەوانە بۆ كیشوەری بەستووی باشوور شەوداهاتنێكی بێ هەڵاتنی خۆر تاماوەیەك دەست بەسەر ئەو ناوچەیە دادەگرێت.



وشە - رامیار جەواد