كوردانی رۆژهەڵات مانگرتنیان لە بەردەم نەتەوە یەكگرتووەكان ڕاگەیاند

:: PM:12:21:20/06/2018 ‌
ژمارەیەكی زۆر لە كوردانی رۆژهەڵات مانگرتنیان لە بەردەم بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكان ڕاگەیاند و ئاشكرای دەكەن تا وەڵامێك وەرنەگرن مانگرتنەكەیان ناشكێنن.

ئەمڕۆ چوارشەم 20ـی حوزەیران/ یۆنیۆ، ژمارەیەكی زۆر لە كوردانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە بەردەم بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكان لە شاری هەولێر مانگرتنیان ڕاگەیاند و لە بەیاننامەیەكیاندا هاتووە، ئێمە وەك كوردانی ڕۆژهەڵات ماوەی  زیاتر لە 20 ساڵە لە هەرێمی كوردستانین، بەڵام بەداخەوە هیچ مافێكی پەنابەریمان نییە بەپێی یاساكانی تایبەت بە پەنابەران.

لە بەیاننامەكە هاتووە، داوا دەكەین مافەكانمان پێ بدەن و بۆمان دابین بكەن یا بۆ دەرەوەی وڵاتانی تر بماننێرن كە مافەكانمان پارێزراو بێت، بۆیە مانگرتمان بەردەوام دەبێت تا وەڵاممان دەدرێتەوە لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە.

"وشە" بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر چەندان جار پێوەندی بە "سەمیر غەتاس" گوتەبێژی یونامی كرد لە هەرێمی كوردستان، بەڵام وەڵامی پێوەندییەكانی نەدایەوە.

ژمارەیەكی زۆر لە كوردانی رۆژهەڵاتی كوردستان بەهۆی بیروبۆچوونی سیاسی ئێستە ئاوارەی هەرێمی كوردستانن و ناتوانن بگەڕێنەوە رۆژهەڵاتی كوردستان بەهۆی ئەو گوشارانەی لەلایەن كۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەریان دروست كراوە كە ژمارەی ئەوانە هیچ مافێكی پەنابەرییان نییە نزیكەی سێ‌ هەزار هاووڵاتییە.




وشە - رامیار جەواد